625 جیهان

یه‌كێتی جیهانی زانایانی موسڵمان: كوده‌تاكه‌ی تونس له‌ رووی ئاینیه‌وه‌ دروست نیه‌

04:44 - 26/07/2021

زه‌مه‌ن_جیهانی


یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان و سەرۆکی پێشووی یەکێتیەکە، یوسف قەرزاوی و چالاکوانی یەمەنی خاوەن خەڵاتی نوبڵ، تەوەکول کرمان کاردانەوەیان نیشان دا لەهەمبەر کودەتاکەی تونس.


لەو بارەیەوە، یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە "کودەتاکردن بەسەر ئیرادەی تونسییەکان و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان و تاک لایەنە هەنگاونان کارێکی مەترسیدارە؛ لە رووی ئایینی، ئەخلاقی و عورفەوە دروست نییە".

 

لە بەیاننامەکەدا داوا لە سەرکۆماری تونس، قەیس سعەیید کراوە پاشگەزببێتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو بڕیارانە، پشێوی و ئاژاوە لە وڵاتدا قوڵتر دەکەنەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هەروەها داوا لە گەلی تونس کراوە ''دەستکەوت و ئازادییەکان بپارێزێت، قبوڵی نەکات دیکتاتۆری بگەڕێتەوە و رێککەوتن بکرێت بۆ پاراستنی وڵات لە جیابوونەوە و پشێوەی''.

یوسف قەرزاوی سەرۆکی پێشووی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، ئاماژەی بەوە کرد کە بەهیچ شێوەیەک کودەتا لە تونس جێگەی قبوڵ نییە.

 

یوسف قەرزاوی لە هەژماری خۆی لە تویتەر، رایگەیاندووە ''دژی هەموو جۆرە کودەتایەکین ئەگەر لەلایەن گرووپێکی ئیسلامیشەوە بکرێت، هەڵوێستمان زۆر روونە''.

 

یوسف قەرزاوی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە تونس و گەلەکەی لە کودەتاچییەکان و پشتیوانانیان بەهێزتر و وریاترە.

چالاکوانی یەمەنی خاوەن خەڵاتی نوبڵ، تەوەکل کرمان سەرکۆماری تونس، قەیس سعەیید-ی تۆمەتبار کرد بە سووکایەتیکردن بە دەنگدەران.

تەوەکل کرمان لە هەژماری تویتەری خۆی رایگەیاندووە ''قەیس سعەیید کودەتاچییە. سووکایەتی بە دەنگدەران کرد''.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن