676 وەرزش

مێسى دواى كۆتايىهاتنى گرێبەستەكەى لەگەڵ بارسێلۆنا لە ئێستادا ياريزانێكى سەربەستە

09:41 - 02/07/2021


زه‌مه‌ن – وه‌رزش
ئەستێرەی تۆپی پێی ھەڵبژاردەی ئەرژەنتین، لیۆنێل مێسی لەگەڵ کۆتاییھاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، کە بە درێژایی تەمەنی پیشەگەری درێسی لەبەرکردبوو، ئێستا یاریزانێکی سەربەستە.

لیۆنێل مێسی تەمەن ٣٤ ساڵان، کە ئێستا لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئەرژەنتین سەرقاڵی یارییەکانی پاڵەوانێتی جامی ئەمریکای باشوور (CONMEBOL)ـە، تاکو ئێستا روون نەبووەتەوە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا نوێ دەکاتەوە یان نا.

سەرەڕای ئەوەی کە میسی ساڵی رابردوو داوای جێھێشتنی یانەی بارسێلۆنای کرد و بەھۆی رەتکردنەوەی داواکارییەکەی لەلایەن سەرۆکی پێشووی یانەکە، جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ، ناچاربوو وەرزی رابردوو لە یانەکەدا بمێنێتەوە، ئەمساڵ ھەوادارانی بە پەرۆشییەوە چاوەڕوانی بڕیارەکەی دەکەن.

ھاوکات، سەرۆکی ئێستای یانەی بلوگرانا، خوان لاپۆرتا، چەندین جار دڵنیایی خۆی لە نوێکردنەوەی گرێبەستی میسی و نەبوونی ھیچ کێشەیەک دووپاتکردووەتەوە.

بەپێی ھەواڵی مێدیاکانی ئیسپا، لیۆنێل مێسی، کە لە ماوەی چوار وەرزی رابردوودا ٤٩٢ ملیۆن پاوەندی لەگەڵ بارسێلۆنا قازانج کردووە، ئەم جارەیان نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵیدا قورس دەبێت.

یانەی بارسێلۆنا کە بەھۆی پەتاى ڤایرۆسی کۆرۆناوە داهاتى دارايى تووشی كورتهێنانێكى گەورە بووەتەوە و قەرزەکانی بۆ ٨٥٧ ملیۆن پاوەند بەرزبووەتەوە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە لە گرێبەستە نوێکەی بۆ میسی داوای کەمکردنەوەی مووچەکەی بكات.

لیۆنێل مێسی کە بە سەرکەوتوترین یاریزان لە مێژووی بارسێلۆنا دادەنرێت، لە ٧٧٨ یاریدا لەگەڵ يانەكە ٦٧٢ گۆڵی تۆمارکردووە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن