تایبەتمەندی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان
02:49 - 31/03/2019
زەمەن: گەیلان عەباس
1. ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە یەکەمین هەڵبژاردنی شارەوانی تورکیا کە لەژێر سایەی سیستەمی سەرۆكایەتیدا ئەنجام بدرێت.
2. دوای ریفراندۆمە دەستورییەکەی ١٦ نیسانی ٢٠١٧ و گۆرینی سیستەمی سیاسی تورکیا بۆ سەرۆکایەتی، لە ئێستادا بۆ یەکەمینجارە سەرۆک کۆماری تورکیا لەرێگەی دەستورەوە بەبێ هیچ کۆت و بەندێکی هەڵبژاردن دەتوانێ بەشداری لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا بکات. بەو پێیەی لەهەموارە دەستوریەکەدا هاتبوو “سەرۆکی وڵات لەهەمانکاتدا دەتوانێ سەرۆکی پارتێکی سیاسیش بێت”. ئەم خاڵەش رێگا بەسەرۆک کۆماری تورکیا دەدات بەشداری لە کەمپەینەکانی هەڵبژاردندا بکات. بەڵام ئەمە بەو مانایە نەبوو کە سەرۆک کۆمار بتوانێ دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی پارتەکەی لە بانگەشەو پروپاگەندەی هەڵبژاردندا بەکار بهێنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بەربەستێک یان کۆت و بەندێکی دەستوری دیاری نەکرابوو تاوەکو رێگری لەسەرۆک کۆماری تورکیا بکات بۆ بەکارنەهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی پارتەکەی لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا. بەم هۆیەوە لەکۆتای ساڵی ٢٠١٨دا لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیارێكی تایبەتی بەم بابەتە دەركردو تیایدا هاتبوو کە ئەردۆغان بەو سیفەتەی سەرۆكی توركیایە هیچ كۆت و بەندێكی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ ئازاری ٢٠١٩ نایگرێتەوە. بەو پێیەی (سەرۆكی كۆمار بەپێی دەستور بەسەرۆكی دەوڵەت دادەنرێت، ئەوا كۆتو بەندی هەڵبژاردنەکان بەسەریدا جێبەجێ نابێت).
3. یەکێکی دیکە لە خاڵە جیاوازەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بریتییە لە دوبارە دەنگدانی هاوڵاتیانی سوری لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا. ئەو هاوڵاتیە سوریانەش ئەوانەن کە لەماوەی چەند ساڵی رابردودا بەهۆی قەیرانی جەنگی سوریاوە رویان لە تورکیا کردوەو لە ئێستادا لەو وڵاتە نیشتەجێن. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ حوزەیرانی ٢٠١٨ زیاد لە ٣٠ هەزار هاوڵاتی سوری کە ناسنامەی تورکیان هەبوو، لەهەڵبژاردنەکاندا بەشداریانکرد.
بۆ ئەم هەڵبژاردنەش (سولەیمان سۆیلو) وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند “تا ئێستا ٧٩ هەزار و ٨٢٠ هاوڵاتی سوری ڕەگەزنامەی تورکییان وەرگرتووە. و لەو ژمارەیەش ٥٣ هەزار و ٩٩ کەسیان دەتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا بەژداری بکەن”.
4. خاڵێکی دیکەی جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە بۆ یەکەمین جارە بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا کۆت و بەند لەبەردەم دەنگدانی زیندانیانی تورکیادا دادەنرێت. بریارەکەش بە جۆرێکە کە هەر زیندانیەک دەتوانێ دەنگ بدات بەڵام بەو مەرجەی دەبێت زیندانەکەی کەتیایدا زیندانیکراوە لەچوارچێوەی ئەوە بازنەیەی هەڵبژاردنەدا بێت کەناوی زیندانیەکەی تیادا تۆمار کراوە. واتە ئەگەر زیندانییەک زیندانەکەی لەچوارچێوەی بازنەی هەڵبژاردنەکەیدا نەبێت مافی دەنگدانی نابێت. بۆ نمونە ئەگەر هاوڵاتیەكی زیندانی ناوی لەنێو لیستی دەنگدەرانی شاری ئەنقەرەدا بێت و لەزیندانی سیلیڤری لەئەستەنبوڵ زیندانی کرابوو، ئەوا ناوی لەنێو لیستی دەنگدەرانی ئەوبازنەیەی هەڵبژاردنی ئەستەنبوڵدا نابێت و مافی دەنگدان لەدەست دەدات.
لە ئێستادا نزیکەی ٢٦٠ هەزارو ١٤٤ کەس لەزیندانەکانی تورکیادان و ژمارەی زیندانەکانی تورکیاش گەیشتوەتە ٣٨٥ زیندان. بە لێکۆڵینەوە لەم ژمارانە دەردەکەوێت کە نزیکەی ٥٥ هەزارو ٥٧٤ هاوڵاتی زیندانیکراو بەهۆی گواستنەوەیان بۆ زیندانی شارو ناوچەکانی دیکە، بەهۆی ئەم بریارەوە بێبەش دەبن لەمافی دەنگدان، لەهەڵبژاردنەکانی شارەوانیدا.
5. یەکێکی دیکە لەخاڵە جیاوازو تایبەتەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بریتییە لە هێنانە پێشەوەی کەسانی دیار لە تورکیاداو کاندیدکردنیان وەک تەكتیكێکی هەڵبژاردن، بەدیاریکراویش لە شارەوانییە گەورەکاندا، زۆرێک لەو کەسایەتیانەش پێشتر لە پلەو پۆستی حکومەی و حیزبی باڵادا بوون. بۆ نمونە لەم هەڵبژاردنەدا ١٧ پەرلەمانتاری تورکیا لەسەرجەمی پارتەکان بوونەتە کاندیدی سەرۆکایەتی شارەوانیەکان. بەم جۆرە (٣ پەرلەمانتاری ئاکپارتی، ٥ پەرلەمانتاری جەهەپە، ٦ پەرلەمانتاری هەدەپە، ٢ پەرلەمانتاری ئییی پارتی و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ).
هاوکات پارتی دادو گەشەپێدان لە پێناو بردنەوەی شارەوانی ئیستەنبوڵ (بیناڵی یەڵدرم)ی کاندید کرد، بیناڵی پێشتر سەرۆکی ئەکەپە و سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو لە کابینەی پێشوی حکومەتدا، لە ئێستاشدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بوو، بەڵام لەسەر داوای ئەردۆغان، دەستی لەسەرۆکی پەرلەمان کێشایەوەو خۆی بۆ سەرۆک شارەوانی گەورەی ئیستەنبوڵ کاندید کرد. هاوکات ئەکەپە بۆ سەرۆک شارەوانی ئەنقەرە (محمد ئۆزهاسکی) وەزیری ژینگەی پێشوی کاندید کردوە، بۆ شارەوانی ئیزمیریش وەزیری پێشوی دارایی (نیهاد زیبکچی) کاندید کردوە.
لەلایەکی دیکەوە پارتی دیموکراتی گەلان، بۆ گەورە شارەوانی ماردین (ئەحمەد تورک و فیگهن ئاڵتنداغ)ی بۆ هاوسەرۆک شارەوانی کاندید کردوە. بۆ گەورە شارەوانی ئامەد هەردوو پەرلەمانتاری هەدەپە (هولیا ئالۆكمهن ئوویانك و عهدنان سهلچووك مزراكلی)ی کاندی کردوە. بۆ گەورە شارەونی وان، هەریەکە لە(بهدیعە ئۆزگۆكچه ئهرتان پهرلهمانتاری وانی ههدهپه و مستهفا ئاڤجی ئهندامی ئهنجومهنی ناوهندی كارگێڕی ههدهپه)ی کاندید کردوە. لەلایەکی دیکەوە هەدەپە ئامانجی ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەدا شارەوانی (قارس، موش و بینگۆڵ) لەدەستی ئەکەپەو مەهەپە دەربهێنێت. لەو پێناوەشدا، بۆ ئەو مەبەستەش كەسانی بە توانای بۆ ئەو شارانە بەربژێر كردووە. بۆ نمونە هەدەپە بۆ گەورە شارەوانی قارس (ئەیهان بیلگەن: کەسایەتی دیارو وتەبێژو پەرلەمانتاری پێشوی هەدەپە و شهڤین ئالاجا)ی کاندید کردوە. هاوکات بۆ سەرۆک موش هەریەک لە (سری ساكیك: سیاسەتمەداری ناوداری باکوری کوردستان و سیبهل گهنچ) ی کاندید کردووە.
6. بەردەوامی دابەزینی بەهای لیرە و گرانبونی نرخی شتومەک لەبازارەکانی تورکیادا یەکێکی دیکەیە لە خاڵە دیارەکانی ئەم هەڵبژاردنەو تا ئێستاش ئاسۆی چارەسەری ئەم قەیرانە دیار نییە. لە ئێستاشدا ئابوریی ناسان و دەزگاکانی توێژینەوەو بەدواداچون پێشبینی دەکەن کە بەهای لیرە زیاتر لەوەی کە ئێستا هەیە دابەزێت. بۆ نمونە بانکی (تی دی سیکیوریتی) کە بانکێکی وە بەرهێنانی کەنەدییە پێی وایە کە لیرەی تورکی لە پایزی ئەمساڵدا تووشی قەیرانێکی دیکە دەبێت. ئەم بانکە کەنەدیە دەڵێت لیرەی تورکی تا پایزی ٢٠١٩ بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی ٤٠٪ بەهاکەی لەدەست دەدات. بەجۆرێک ١ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دەبێت بە ٩.٨ تورکی. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی کێشە ئابورییەکانی تورکیا و زیاتربونی رێژەی بێکاری و بەرزبونەوەی قەبارەی هەڵاوسان و پاشەکشەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی و مایەپوچبونی زیاتری کۆمپانیاو سەرمایەدارانی ناوخۆ و بیانی لە تورکیادا.