569 جیهان

ئاستەنگەکانی بەردەم بانگەشەی هەڵبژاردنی هەدەپە

02:12 - 31/03/2019

زەمەن: گەیلان عەباس

 

هاوشێوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتییەکەی ساڵی رابردوو، ئەمجارەش هەدەپە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا رووبەڕووی کۆمەڵێک تەنگژەو کێشە بوویەوە. ئەمەش ئاستی بانگەشەکانی هەدەپەی سنوردارکردو هەدەپە نەیتوانی هاوشێوەی پارتەکانی دیکە بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجام بدات. بە واتایەکی دیکە ئەو توانا بەرفراوانەی بۆ پارتەکانی وەک (ئەکەپەو مەهەپەو جەهەپەو ئی پارت) رەخسێندراوە بۆ هەدەپە نەڕەخسێندراوە بەو پێیەی: 

1. هەدەپە هاوشێوەی پارتەکانی دیکە، میدیاو راگەیاندنێكی بەهێزی نییە، تا لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەکاریبهێنێت. زۆرینەی میدیا فەرمییەکانی حکومەتیش لەلایەن پارتی دەسەڵاتەوە کۆنترۆڵکراون و کەمترین کات دەدرێت بەهەدەپە تاوەکو لەرێگەیانەوە بانگەشەو بۆ بەرنامەو کاندیدەکانی بکات. هاوکات کەناڵەکانی (سی ئێن ئێن تورک، تی ئارتی، ئێن تیڤی) پارتی دیموکراتی گەلان و سەرکردەکانی خراونەتەوە نێو لیستی رەشەوە، بەجۆرێک کە هیچ ریکلامێکی هەڵبژاردن بۆ هەدەپە بڵاوناکەنەوەو ئامادەش نین کاندیدو سەرکردەکانیان بەخەڵک بناسێنن. تەنانەت لە کەناڵەکانی هەدەپەدا بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن ڤیدیۆیەکی ٢٠ چرکەیی ئامادەکرابوو، بەڵام هیچ کەناڵێکی تورکیا ئامادە نەبوو ڤیدیۆکەیان بۆ بڵاوبکاتەوە. تەنانەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەریشدا بەبێ هیچ هۆکارێک ڕێگری دەکرێت لە بڵاوکردنەوەی ریکلامەکانی هەدەپە. تا بەناچاری چالاکانی هەدەپە داوایان لەهاوڵاتیان کرد لە ڕێگەی پێگە تایبەتییەکانی خۆیانەوە ریکلامە هەڵبژاردنییەکانی هەدەپە بڵاوبکەنەوە.

 

2. لەم هەڵبژاردنەشدا بەشی زۆری سیاسەتمەدارانی کوردو پەرلەمانتارانی هەدەپەو سەرۆک شارەوانییەکان لە زیندانن. بێگومان ئەگەر ئازاد بوونایە بەشێکیان کاندید دەبوون، لە نمونەی (گوڵتان کشاناک و سەباحەت تونجەل)، بەشێکی دیکەشیان بەشداری بانگەشەکانی هەڵبژاردنیان دەکرد، لە نمونەی (سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ). تواناو گورێکی زیاتری دەبەخشییە بانگەشەو توانای هەڵبژاردنەکانی هەدەپە.

 

3. لەم بانگەشەیەشدا دیاردەی هەڵکوتانە سەر بارەگاو میتینگەکانی هەدەپەو دەستگیرکردنی کاندیدو چالاکوانەکانی هەڵبژاردن بەردەوامی هەبوو. بۆ نمونە لە ٩ی ئازاردا هێزەکانی پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر بارەگای سەرەکی هەدەپە لە ئامەدو حەوت کەسیان دەستگیرکرد، کە بۆ پشتیوانی لەیلا گۆڤەن مانیان لەخواردن گرتبوو.  لەلایەکی دیکەوە رۆژی ١٢ی ئازار لە شاری ڤیرانشەهری سەر بە ئورفە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری هەدەپەدا (سەلیم سەداق) سەرۆکی پێشووی شارەوانی سیرت، دەستبەسەرکرا. سەلیم سەداق لە کۆبوونەوەکەدا وتارێکی پێشکەشکرد دوای کۆبوونەوەکەش بە بیانووی بانگەشەکردن بۆ (تیرۆر)، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا. رۆژی ١٧ی ئازار لەچوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیاو باکووری کوردستان لە ناوچەی  بازیدێ -ی ئاگری كۆبوونهوهیهكی جەماوەری بەڕێوەچوو. هونەرمەندی کورد (قادرچات) کە لە كۆبوونهوهكهدا ئامادەبوو و چەند بەرهەمێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد، دوای کۆتایی هاتنی كۆبوونهوهكه، ناوبراو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکرا.

 

4. هێشتا باری نائاسایی لە ١٤ پارێزگای باكوری كوردستان درێژەی هەیە. ئەمەش کێشەی بۆ دەنگدەرانی هەدەپە دروستکردووە لەو پارێزگایانەدا. بۆ نمونە لە ناوەڕاستی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاریدا بە گواستنەوەی ژمارەیەک سندوقی دەنگدانی ١٤ پارێزگای باکوری کوردستان، کە ژمارەی دەنگدەرانی سندوقەکانی ئەو ناوچانە بە ٢٧٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. هۆکارەکەشی بۆ بابەتی ئەمنی گەڕاندەوە. لای خۆیەوە (هەدەپە) رایگەیاند دەوڵەت دەیەوێ بە گواستنەوەی سندوقەکان کۆسپ لەبەردەم دەنگدەرانی هەدەپە دروستبکات و تا رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا کەم بکاتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن