606 کەلتور

دوو دەقیتری فۆرمی گەڕان

10:00 - 07/06/2021

ناڵە حەسەن

گەڕان / ١

    ( تەنیایی ، خۆزگە ، چاوەروانی )

( ..... )
حەزدەکەم
پەنجەرەی ژوورەکەم هەر کراوە بێ
بەڵکو ئەوە خوایە
پەپوولەیەک بێتە ژوورەوە
گوڵی تەنیاییم بۆن بکات و
شێلەی خۆزگەکانیشم هەڵبمژێ

گەڕان / ٢
( عەشق ، قەدەر ، شێتبوون ، سەروەری ،  خەون ، مردن ، دووبارەبوونەوە ، تەنیایی ،  غوربەت ، گومان ، پووچی )

( ............ )
لەوەتەی هەین
هەمان شەو هەمان ماچ
هەمان هەتاو هەمان باران
هەمان ونبوون هەمان خەزان
هەمان سەفەر هەمان گەڕان
هەمان و هەمان و هەمان
هەمان مردن و هەمان ژیان ...!

( ............. )
کاتێک بە یەکەوە قسەمان دەکرد
هەستم بەوە دەکرد
باران هێواشتر دەباری
درەختەکان سەیرمان دەکەن
بەردەکان گوێیان ڕاگرتووە
مرۆڤەکانیش سەیر و نائارام دەهاتنە بەرچاو
نزیکتر بەرەوەلێم
قسەم بۆ بکە / هێواشتر و بە چرپەتر
من باوەڕم بە سێبەری خۆشم نییە
چ جای باران و
 درەختەکان و بەردەکان و مرۆڤەکانییتر ...!

( ............. )
پیاوێکی ڕەشتاڵەی قژ سپی
لەگەڵ ژنێکی پێست سپی چاوڕەش
عاشقی یەکتری دەبن
بەیەکەوە
هەموو ڕێگا هەوراز و نشێوەکان دەبڕن
هەر بەیەکەوەش سەردەنێنەوە
دواتر لە نێو
کتێبێکی نێو دەلاقەی ژوورەکەیان
پارچەکاغەزێک دەدۆزنەوە
لێی نووسرابوو
( ئای خۆزگە
ژیان بۆ تاهەتایە
بەردەوام دەبوو ...! )

( ............. )
تۆ دەتوانی
لە نێو مەودا دوورەکان دوورترم بکەیتەوە
لە مەملەکەتی غوربەت غەریبترم بکەی
لە نێو دۆزەخی عەشق عاشقترم بکەی
لەنێو وەرزەکانی تەنیایی تەنیاترم بکەی
لە خەونەکانم دوورم کەیتەوە و لە نائومێدیش نزیک

( ............. )
خەمی نان
منداڵی لێسەندمەوە
خەونەکانیشم هەموو تەمەنم
عەشق گەنجێتی لێسەندمەوە
تەنیاییش هەموو تەمەنم
نیشتیمان شکۆمەندی لێسەندمەوە
ئازادیش هەموو تەمەنم
خەمی نان و خەون و عەشق و
تەنیایی و نیشتیمان و ئازادیش
گەنجینەیەک پڕ لە شیعر و
تەمەنێکی پڕ لە شکۆیان پێ بەخشیم ...!


تێبینی : خوێنەری خۆشەویست ناونیشانی ئەم وردە شیعرانە لەو وشانەی سەرەوە هەڵبژێرن ، هەندێکیان زێتر لە ناوێک لەخۆدەگرن . خۆتان ئازاد و سەرپشک بن لە دانانی ناونیشانەکان ...!













سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن