لاهور شێخ جەنگی سوپاسی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات
10:25 - 04/05/2021
زەمەن_هەرێمی كوردستان
شاندی سەرۆكایەتی هەرێم و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جەخت لە هێنانە كایەی
كەشێكی ئارام دەكەنەوە و لاهور شێخ جەنگیش سوپاسی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات.
ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكانی یەكێتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی
دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە، لە دەباشان پێشوازییان کرد لە نێچیرڤان
بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەیدقادر جێگرانی
سەرۆکی ھەرێم.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و دۆخی سیاسیی
ئێستا و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی
پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی نووسینەوەی دەستورێکی نوێ بۆ هەرێمی
کوردستان. ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێكی هاوسەرۆكی یەكێتی.
جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆی هەمەلایەنە و پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی
نێوان لایەنەکان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کاری پێکەوەیی لە پێناو درووستکردنی
متمانەیەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئیمزاکراوانەی
کە لە نێوان لایەنەکان هەیە بە تایبەت لەسەر بابەتە نیشتیمانی و ستراتیژییەکان لە
پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان.
هاوکات جەختکرایەوە لەسەر درووستکردنی کەشێکی ئارام و وەلانانی کێشە و ناکۆکییە
سیاسییەکان و دۆزینەوە و دیاریکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەش کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو
لایەنەکان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکان و بەرگریکردن لە مافەکان.
لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان
کرد بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییەی کە دەیبینێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و لێکنزیککردنەوەی
بیروبۆچوونە جیاوازەکان.
وتیشی: لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان لایەنەکانمان بە پێویست زانی بە جۆرێک کە
بەرژەوەندیی گشتی زاڵ بکرێت لە پێناو داکۆکیکردنی زیاتر لە مافە نەتەوەییەکان و بەھێزی
پێگەی کورد لە بەغدا بە تایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و نەفەوتانی دەنگی کورد.