لە چاوەڕوانی بەربەرەکاندا
01:12 - 02/05/2021
کۆنستانتین کاڤافی
و. یاسین بانیخێڵانی
ئێمە چاوەڕوانی چین، وا لەم
ئاگۆرا کۆبووینەتەوە؟*١
لە چاوەڕوانی بەربەرەکاندا، کە
ئەمڕۆ دەگەن
بۆ هیچ شتێک لە سینات ڕوو
نادات؟*٢
ئەی بۆ سیناتۆرەکان لەوێدا دانیشتوون،
بەبێ ئەوەی یاسایەک دەربکەن؟*٣
لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ بەربەرەکان
دەگەن
دەرکردنی یاسا لەئێستادا چ
گرنگییەکی هەیە؟
چونکە کاتێک بەربەرەکان
گەیشتن، یاساکان دەردەکەن
ئیمبراتۆرەکەمان بۆ وا زوو
بێداری بووەوە؟
ئەی بۆ بە تاجەکەی سەریەوە
لەسەر تەختە بەرزەکەی،
لەبەردەم گەورەترین دەرگای
شاردا دانیشتووە؟
لەبەر ئەوەی بەربەرەکان ئەمڕۆ
دەگەن،
چاوەڕوانە پێشوازی لە
ڕابەرەکەیان بکات.
تا شانازینامەیەکی پێ ببەخشێت،
کە پڕن لە ناو و ناونیشانی گرنگ
ئەی بۆ ئەمڕۆ باڵیۆز و
دادوەرەکانمان بە عابای سوورەوە خۆیان پێچاوەتەوە؟
ئەوە بۆ دەستبەندەکانیان بە
دوڕێکی زۆر و ئەنگوستیلەکانیان
بە زمروتی بریسکەدار
ڕازاندۆتەوە؟
ئەوە بۆ گۆچانە گرانبەهاکانی
دەستیان،
بە زیو و زێڕ ئەسکەنە کراون؟
لەبەرئەوەی ئەمڕۆ بەربەرەکان
دەردەکەون،
ئەم شتانەش چاوی بەربەرەکان
کوێر دەکا.
ئەی بۆ وتاربێژە باشەکان
نایەن،
وەک جاران وتار بدەن؟
لەبەرئەوەی بەربەرەکان ئەمڕۆ دەردەکەون،
ئەمجۆرە گوتاربێژییە وەڕەسیان
دەکا
ئەم واق وڕمان و سەرلێ
شێواوییە کتوپڕە بۆ؟
(ئەم دەم و چاوانە چەند جدین)
بۆ شەقام و مەیدانەکان وا
بەخێرایی چۆڵ بوون،
بۆ وا هەموو بە تێڕامانەوە
بەرەو ماڵ بوونەوە؟
لەبەر ئەوەی شەو داهات و
بەربەرەکان نەگەیشتن،
هەندێ لە سنوورەکان گەڕانەوەو
هەواڵیان دا:
کە چیتر بەربەرکان نەماون.
ئێستا ئێمە بە بێ بەربەرەکان
چیمان لێ بەسەر دێ؟
بەربەرەکان تەنها ڕێگا چارەسەر
بوون
*١ ئاگۆرا لەسەردەمی یۆنانی
کۆندا جێگای کۆبونەوەو مەیدانی شار بووە
*٢ سینات: ئەنجومەنی پیران
*٣ سیناتۆر: ئەندامی ئەنجومەنی
پیران