بەرپرسی بەشی یەدەگیی لەشکری سوارە
11:12 - 01/05/2021
ئیسحاق بابل
و.لەڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد
خەڵکی دێیەکە هاوار و فغانیان لێ بەرزکردبووە.
جەنگاوەرانی سوارە بە ناو گەنمەکەوتبوون و پان و پلیشیان دەکردەوە و سەرقاڵی
گوڕینەوەی ئەسپەکانیان بوون. ئەسپە لات و لەوێرەکانی خۆیان جێدەهێشت و ئەسپی کاری جووتیارەکانیان
دەبرد. دەی دەچی یەخەی کێش دەگرێ! ئاشکرایە بە بێ ئەسپ ، شتێک نییە پێی بگوترێ لەشکری سوارە. بەڵام زانینی ئەو ڕاستییە
هیچ لە دەردی جووتیارەکان کەم ناکاتەوە. بۆیە لە بەردەم بارەگای فەرماندەی
هێزەکەدا کردوویانە بە قەرەباڵغی و شوێنەکە بەرنادەن. بەردەوام گوریسی ملی
ئەسپەکانیان ، کە لە شەکەتییدا هەڵدەخلیسکێن، بە دوای خۆیاندا ڕادەکێشن.
جووتیارەکان پاش لە دەستدانی ئەو ئەسپانەی هەموو کار و ڕزقیان لە سەریان بووە،
هەست بە شەپۆلی ئازایەتیی پڕ تاڵاوی خۆیان دەکەن و دەشزانن کە ئەو ئازایەتییە
درێژخایەن نابێت، بۆیە پەلەیەکی نائومێدانەیان پێکەوتووە بچن گلەیی و گازەندەی
خۆیان لە کاربەدەستان، لە خوا و لە بەختی ڕەشی خۆیان هەڵڕێژن.
فەرماندەی بارەگاکەمان، بە تەواوی جلی سەربازی خۆیەوە، بە بەرزایی پێش هەیوانی بارەگاکەوە وەستاوە و، بە دەستی پێشچاوە هەوکردووەکانی
خۆی داپۆشیوە و بە بایەخپێدانێکی ئاشکراوە گوێ لە شکایەتی جووتیارەکان دەگرێت.
بەڵام ئەو بایەخپێدانەی ئەو تەنیا نمایشێکە. وەک هەر کارمەندێکی بە ئەزموون و
تەواو شەکەتبوو، توانای ئەوەی هەیە لەو خولەکە بۆش و بێمانایانەی بوونیدا هەرچی
پێی بگوترێ چالاکیی مێشک ڕایگرێ. ئا لەو چەند خولەکەی بەهرەمەندارییەدا، فەرماندەی
هێزەکەمان دەتوانێ گوڕوتین بخاتەوە ماتۆرە سواو و شەکەتەکەی خۆی.
ئەمجارەش بە هەمان شێوەی کرد لە گەڵ جووتیارەکاندا.
بەدەم هەراو زەنای ناڕەزایی بێسەروبەر و بێدەرتان و،
هاوکاتیش هێمنیبەخشی جووتیارەکانەوە، ژ. سەرنجی ئەو پاڵەپەستۆ ئارامەی ناو مێشکی
دەدات کە مژدەبەخشی پاکژبوونەوە و وزەپیاهاتنەوەی بیرۆکەکانە. لە چاوەڕوانی ئەو
هێوربوونەوەیەی پێویستێتی، چنگی لە دوا یەمین گازندەی یەکێک لە جووتیارەکان گیر
دەکات، پاساوی کەسێکی دەسەڵاتدار
دەهێنێتەوە و سووک و باریک دەگەڕێتەوە ژوورەکەی خۆی بۆ درێژەدان بە کارەکانی .
بۆ ئەمجارەیان پاساوهێنانەوش پێویست نەبوو. بە سواری
ئەسپێکی چوست وچالاکی دووڕەگەی ئینگلیزی و عەرەبییەوە، یاکەف بەغار خۆی گەیاندە
پێشهەیوانی بارەگاکە. یاکەف پێشتر پاڵەوانی هێزداری و شت بەرزکردنەوەبوو لە
سێرکێکدا و ئێستا بەرپرسی بەشی یەدەگی هێزی سوارەیە. کەسێکی پێست سووری ، سمێڵ سپی
و پاڵتۆیەکی ڕەش لە بەر، بەسەر شەرواڵێکی
سووردا کە دووقیراجی زیووین بەدرێژایی لایەکانیدا دادوورابوون:
_ سڵاوێکی کڵێسەیانەتان لێبێت بەدفەڕە شەرەفمەندەکان_
یاکەف پڕ بەدەم هاواری کرد و لە گەرمەی غاردانەکەیدا جڵەوی ئەسپەکەی ڕاکێشا. لە
هەمان چرکەساتدا کەسێک لغاوی لاتە ئەسپێکی، کە قۆزاقەکان بۆیان بەجێ هێشتبوو،
ڕاکێشا و هێنایە بەردەمی.
_ فەرموو هاوڕێی بەرپرس، سەیرکە هاوڕێکانت چییان بۆ برا
جووتیارەکانت جێهێشتووە. دەبینی چیمان دەدەنێ ؟ ئاخر چ کارێک بەم مردارەوەبووە
دەکرێت...
_ جا، لە بری
ئەو ئەسپە_ یاکەف وشەکانی زۆر بە کێش و لێکجیاکراوە لە دەم دەردەهات_ لە بری ئەو
ئەسپە، دۆستی بەرێزی من، تۆ مافی خۆتە لە بەشی یەدەگیی پانزە هەزار ڕۆبڵت پێبدەن،
خۆ ئەگەر ئەسپەکە کەمێک بزێوتربووایە، باوەڕ بکە بەلای کەمەوە بیست هەزار ڕۆبڵێکت
دەکەوت. خۆ ئەوەش کە ئەسپەکە داڕماوەتە سەر زەوی، هێشتا هیچ ناگەێینێت. چونکە ئەسپ ئەگەر دارمێ و دوایی هەستێتەوە سەرپێ،
مانای ئەوەیە هێشتا ئەسپە، بەڵام ئەگەر هەڵنەستێتەوە ئەوە شتێکی ترە، ئەو کاتە بە
ئەسپ حسێب ناکرێ. قسەی خۆشمان بێت من زامنی ئەوەت دەکەم ئەو ئەسپە نایابەت بۆ
بخەمەوە سەرپێ .
_ ئای خوایە گیان ، ئای حەزرەتی
مەریەم _ کابرای جووتیار دەستێکی نائومێدیی ڕاوەشاند_ تازە ئەو کەساسە چۆن هەڵدەستێتەوە، بەخوا دەتۆپێت و
ڕاست نابێتەوە..
_ تۆ هەستی ئەو ئەسپە بریندار
دەکەیت، خزم_ یاکەڤ بە باوەڕێکی تەواوە گوتی_ ئەوەی تۆ دەیڵێیت هەرکفرێکی ڕووتە_ ،
هاوکات باڵای خۆی لە زینەکە بەرزکردەوە و جەستەی پتەو و تێکسمڕاوی دیاری دا، قاچە
قەشەنگ داڕێژراوەکانی، کە لە سەر ئەژنۆوە قایشی لێ توندکرابوو، ڕاست کردەوە و بە
ڕەوتێکێ سرت و پڕ گەنجەفەوە، وەک بڵێی لە سەر شانۆبێت، خۆی گەیاندە ئاژەڵە هەناسە
لەبەربڕاوەکە. ئاژەڵەکە بە چاوە گەورە و قووڵەکانییەوە نیگایەکی پڕ ئازاری بڕییە
یاکەف و دەمودەست ئەو ئەسپە هێزلێبڕاوە وەک بڵێیت لە لەپی دەستە پەمەییەکەیی
یاکەفەوە فەرمانێکی لستبێتەوە،هێزێک، کە لەو ڕۆمیۆ قژ سپی وجەستە پڕ گیان و
لاوێتییەوە سەری دەکرد، ڕژایە گیانی ئەمیشەوە. بە دەم لمۆز هێنانە پێشەوە و
هەڵخلیسکانی قاچە شەکەتەکانییەوە و هاوکات لە گەڵ ختووکەی زەبرنوێنی قامچییەکەدا لە سەر ورگی، ئەسپە نیمچە
مردارەوەبووەکە لە سەر خۆ و بە ئاگاوە ڕاست بووەوە.
ئێمە هەموومان بووینە شایەتحاڵی
ئەوەی چۆن دەستی باریکی یاکەف کە لە قوڵی فشی کراسەکەیەوە هاتبووە دەرەوە
یاری بە یاڵی چڵکن و تۆزاوی ئەسپەکە کرد و
چۆن هاوکاتیش قامچییەکەی گیڤڤەی هات و چزا بە پشتی خڵتانەخۆی ئەسپەکەدا. ئەسپەکە
هەموو گیانی هاتە لەرزین و لەسەر هەر چوار پای ڕاوەستایەوە و چاوەکانی، کە چەشنی
چاوی سەگ ، پڕ بوون لە ترس و وەفاداری دەربڕین ، لە ڕوخساری یاکەف نەدەترووکاند.
_ دەرچوو ، ئەسپە_ یاکەف بە
کابرای جووتیاری گوت و دوایش بە تۆنێکی نەرمتر گووتی_ کەچی تۆش هاتبوویت گلەییمان لێ بکەیت.
فەرماندەی بەشی یەدەگی هێزی
سوارە جڵەوەی ئەسپەکەی فڕێ دا بۆ یاوەرەکەی و بە قەڵەمبازێک چوار پلیکانەی بڕی و،
لەوێوە بە پاڵتۆ فراوانەکەیەوە و، بەشێوەی ئەکتەرانی شانۆ، خۆی بۆ خەڵکەکە
چەماندەوە و لە ناو بینای فەرمانگەکەدا لە چاو ونبوو.
یەکێکە لە چیرۆکەکانی کتێبی ''
لەشکری سوارە''