849 کەلتور

شاعیرێک لە بیری چوو بژێت

08:04 - 27/04/2021

حسەین لەتیف

 

 ئەو شاعیرانەی شەیتان سەردانی ماڵەکانیان ناکات، بیریان دەچێت بۆ خۆیان بژین. گللەیی بێت شەیتان، تەنها جارێک بانگت نەکردم،وەک بایەک لە درزی پەنجەرەشەوە نەهاتیتە ژوورەوە، گەر هاتبایت، ژیان رەنگێکی تری دەبوو.چ دەبوو هاتبایت؟ کورسییەکم بۆ دادەنایت، قاوەکەم لەگەڵ بەش دەکردیت، پێکەوە گوێمان لە گۆرانییەکانی "کینی رۆجەرس" دەگرت، تۆ نەهاتیت و خۆم لە بیرچوو.

 
  نەهاتیت و... لەپێش تۆوە،هەور بانگی کردم، رۆشتم بۆ لای و...تەڕ تەڕبووم.
  نەهاتیت و... لە پێش تۆوە،ئەستێرە بانگی کردم، رۆشتم بۆلای و... تک، تک، تکام.
  نەهاتیت و... لە پێش تۆوە، مانگ بانگی کردم، رۆشتم بۆلای و ... رەنگم پەڕی.
  نەهاتیت و ...لە پێش تۆوە،هەتاو بانگی کردم، رۆشتم بۆ لای و ... بووم بە قەقنەس.
  نەهاتیت و ... لە پێش تۆوە، درەخت بانگی کردم، رۆشتم بۆلای و ... تەور هەلاهەلای کردم.
 نە هاتیت و... دەریا بانگی کردم، رۆشتم بۆلای و ... بووم بە تۆڕی ماسیگرانەوە.
 نەهاتیت و .... بەرد بانگی کردم ، ڕۆشتم بۆ لای و... کیمیاگەرەکان کردمیان بە شووشە.
 تۆ نەهاتیت، دایکم بانگی کردم و.. رۆشتم بۆ لای،
 تۆ نەهاتیت، خوشکەکەم بانگی کردم و.. رۆشتم بۆ لای،
 تۆ نەهاتیت، دراوسێ بانگی کردم و.. رۆشتم بۆ لای،
 تۆ نە هاتیت، هاوڕێ بانگی کردم و ... رۆشتم بۆ لای،
 تۆ نەهاتیت و نەهاتیت ،خودا بانگی کردم و.. رۆشتم بۆ لای،
بە دەم هەر بانگێکەوە رۆشتم؛ شتێکم لێ بەجێما،
 وەک خۆڵەمێش با بڵاوی کردوومەتەوە لەم هەسارەیەدا.


 ئێوە ئەی گۆزە سازانی دونیا، لەمەو دوا هەرچ قوڕێکتان شێلا، شتێک لە منی تێدایە، لە بری نیگاری  سەر گۆزەکانتان بنووسن، ئەم گۆزە لە قوڕی شاعیرێک دروست کراوە، بۆ هەموو دونیا شیا، بۆ خۆی نەشایا. بۆ هەموو دونیا ژیا، بۆ خۆی نەژیا. شاعیرێک  ژیانی لە بیرچوو، شاعیرێک  لە بیری چوو بژێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن