شیعرەکانی هەڵۆ بێکەس وەک باشترین شیعری 2021 هەڵبژێران
09:04 - 19/04/2021
کولتوری زەمەن
گۆڤاری (هایکۆی جیهان) لە ژاپۆن، سێ شیعریی هایکۆی هەڵۆ شێركۆ بێكەسی لەگەڵ چەند شیعرێکی دیکەی شاعیرانی جیهان، وەک باشترین شیعرەکانی هایکۆی ساڵی 2021 هەڵبژارد و
لە ژمارە 17ی گۆڤارەکەدا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڵاوکردوەتەوە.
گۆڤاری
(هایکوی جیهان) گۆڤارێکی ئەدەبی
رەخنەیی بەناوبانگە لە وڵاتی ژاپۆن، دەزگای هایکۆی جیهانیی، لە تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن بە سەرپەرشتی پرۆفیسۆر بانیا ناتسووشی، دەردەچێت،
گۆڤارەکە بە 32 زمان، لە 45 وڵاتی جیهان، دەقی هایکۆی
تێدابڵاودەکرێتەوە. ژمارە 17ی گۆڤارەکە و لە مانگی نیسانی 2021 بڵاوکراوەتەوە.
ئەمە سێ شیعرەکەی هەڵۆ بێکەسە، بە زمانی ژاپۆنی و ئینگلزیی بڵاوکراوەتەوە
1-هەڵواسراوە بە تەنافی خەیاڵمەوە تەنیایی!
وشك بۆتەوە، وەرە لێیكەرەوە!
2-لە كۆتاییدا
هەر هەموومان بە پەتایی تەنیایی
ئەمرین!
3-باوكم
لە وەرزی باران بڕاندا مرد
كەچی نیوە شەو
ئاسمان نمە نمە گریا!
هەڵۆ بێکەس، کوڕی شاعیری گەورەی کورد،
شێرکۆ بێکەسە، ساڵی 1972 لە سلێمانی لەدایکبوە. لە منداڵیەوە، لە وڵاتی سوید دەژی. لەدوای مردنی باوکی لە ساڵی 2013 لە نێوەندی
ئەدەبیدا وەک شاعیر دەرکەوتوە. کتێبێکی یادەوەریی پاش مەرگی باوکی بە
ناوی (101 رۆژ تەنهایی) بڵاوکردوەتەوە. ئێستا دیوانێکی شیعریی بە ناوی (خۆزیا باوکم
ئەم شیعرانەی بدیایە) بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردیی لە ژێرچاپدایە. هەڵۆ بە ستایلێکی تایبەت لە دنیای شیعر و ئەدەبیات دەرکەوتوەو جیاواز لە رێچکەی باوکی لە شیعرنوسیندا.