وهزیری كارهبا: دەمانەوێت ٢٥ مێگاوات كارهبا به وزهی خۆر بخەینەکار
01:08 - 29/03/2021
زهمهن_ههرێمی كوردستان
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان
دەڵێت کە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان هەبوو، لەگەڵ ئەو وەبەرهێنەرانەی کە کارەبا بە
هەرێم دەدەن و رێککەوتوون لەسەر کردنەوەی هەژمارێکی بانکی و دواتر هەر کام لەم
کۆمپانیایانە لەبارەی بە تایبەتیکردنی کەرتی کارەبا ئۆفەر پێشکەش بە وەزارەتەکەی
بکەن و پێشبینیش دەکات ئەو پڕۆسەیە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ بەرەو کەرتی
تایبەت لەبواری دابەشکردن بچێت.
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان،
کەمال محەمەد ساڵح لە دیمانەیەکدا لهگهڵ ئاژانسی ئانادۆڵ تیشکی خستە سەر
هەوڵەکان بۆ باشترکردنی سێکتەری کارەبا، رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا و سوودەکانی
پێوەری زیرەک، ئاشکرایشی دەکات کە لە چەند مانگی داهاتوودا، دابەشکردنی کارەبا
دەدرێت بە کەرتی تایبەت.
- بەرهەمهێنانی کارەبا
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان،
کەمال محەمەد ساڵح لەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا وتی: "لە هەرێمی کوردستان ١٣
وێستگەی کارەبا هەیە، ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا ٦٧٠٠ مێگاواتە، بەڵام هەندێک
لەوانە بەتەواوی کار ناکەن بەهۆی سووتەمەنی، چونکە ئێمە پشتمان بە غاز بەستووە
هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە تێچووی غاز لەسەر حکوومەت بۆ هەر کیلۆواتێک ٦.٢ سەنتە،
بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین بە فیوڵ ئۆیڵ ئەوا تێچووی ٧.٢ سەنتە، بە دیزل تێچووی
١٣ بۆ ١٤ سەنتە، هەر بۆیە وامانکردووە پشتمان بە غاز بەستووە، ئەم بەرهەمهێنانەی
کە ئێستایش هەیە بریتییە لە ٣٧٠٠ مێگاوات کارەبا".
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان
ئەوەشی خستەڕوو کە وێستگەکانی قەیوان، ماس و خورمەڵە بە دوو جۆر سووتەمەنی کاردەکەن
و غاز بەشی تەواوی یەکەکان ناکات و وتی: "وێستگەکانی ئێمە قەیوان و ماس و
خورمەڵە، بە دوو جۆر سووتەمەنی کار دەکەن، دیزڵ و غاز، ئێستا دوو جێگای غازمان
هەیە، دانەغاز کە ٤٥٠ پێی سێجارە، خورمەڵە ١٤٠ پێی سێجارە، ئەوانە بەشی ٢٢ یەکە
دەکەن، بەڵام ئێمە ٣٤ یەکەمان هەیە، بۆیە ئەوانە بەشی هەموو یەکەکان ناکەن،
ناچارین هەندێک لەوانە بۆ نموونە لە دهۆک پایپڵاینی غاز نەچووەتە ئەوێ بۆیە بە
دیزڵ بەرهەمدەهێنین".
- پێوەری زیرەک
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە
ئامانجی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی بە هاووڵاتییان بڕیاریداوە کە سەرجەم
هاوبەشەکانی کارەبا، پێوەری زیرەک ببەستن و لەئێستاشدا بەشێک لە هاووڵاتییان
پێوەری زیرەکیان بەستووە و لەبارەی دوایین زانیارییەکانیش دەربارەی پێوەری زیرەک،
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح وتی: "ئەم گرێبەستە لە
مانگی ١١ی ٢٠١٧ ئەنجامدرابوو، بەڵام تا ئێمە دەستبەکاربووین، تەنها پێنج هەزار
پێوەر دانرابوون، ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ هەزار پێوەر دانراوە، بەجۆرێک لە گەرمیان
زیاتر لە ٥٢ هەزار، سلێمانی ١٧٥ هەزار، هەولێر ١٦٥ هەزار و لە دهۆک ٩٠ هەزار
پێوەری زیرەک بەستراوە".
کەمال محەمەد ساڵح وتیشی: "ئەو
پێوەرانە سوودیان ئەوەیە کە هەر زێدەڕۆییەک لەسەر کارەبا کرابێت ئەوا بە رێگای ئەم
پێوەرە زێدەڕۆییەکە نامینێت، هەروەها ئەو پێوەرانە بێ بەرامبەر دەدرێتە ماڵان و
دوای دانانی پێوەرەکە پێویست ناکات عەداد بچێتە ماڵان، بەڵکو بە رێگای سێرڤەر
داتاکان وەردەگیرێت، لەم پێوەرانەدا ئیمکانیەت هەیە چەند ئەمپێری پێویست دەستنیشان
بکرێت، ناهێڵێت گۆڕەڕ (محەویلە) بسووتێت، بۆ نموونە هەر گۆڕەڕێک ٥٠ هاوبەشی لەسەرە
و ناهێڵێت لۆد و بار زۆری بکەوێتە سەر، بەپێی پلان دەبوو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ
هەموو ئەو پێوەرانە ببەسترێن، بەڵام بابەتی کۆرۆنا و داخستنی فڕۆکەخانەکان
کاریگەری لەسەر کات دروستکردووە و پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ئەمساڵ درێژە بکێشێت".
- دابەشکردنی کارەبا دەدرێتە کەرتی
تایبەت
لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو،
وەزارەتی کارەبا بابەتی دابەشکردنی کارەبای لە رێگای کەرتی تایبەتەوە هێنایە بەر
گفتوگۆ، بە گوتەی وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکەن لە ناوەڕاستی
مانگی نیسانی ئەمساڵدا، دابەشکردنی کارەبا بەرەو کەرتی تایبەت بڕوات و لەمبارەیەوە
کەمال محەمەد ساڵح وتی: "ئێمە پار ساڵ مانگی تەمووز، یاداشتێکی
لێکتێگەیشتنمان هەبوو، لەگەڵ ئەو وەبەرهێنەرانەی کە کارەبا بە هەرێم دەدەن کە
ژمارەیان پێنج کۆمپانیا بوو، ئەوان مەرجێکیان هەبوو کە پێویست بوو ئێمە هەژمارێکی
بانکیی بکەینەوە کە داهاتی کارەبا بچێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییە، ئینجا دوای
کردنەوەی هەژمارەکە، سێ مانگ مۆڵەت بدرێت تا ئۆفەر پێشکەش بکرێت و دوای گەڕانەوەی
ئۆفەرەکان، پێشبینی دەکەین ئەو پڕۆسەیە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ بەرەو
کەرتی تایبەت لەبواری دابەشکردن بچین، ئەمە گرێبەستێکی خزمەتگوزارییە و فرۆشتن
نییە، تەنها ئەوان ئیدارەی ئەو دابەشکردنە دەکەن".
- دابینکردنی کارەبا بۆ ژمارەیەک گوند
لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزیری
کارەبای هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانی کرد و
لەبارەی داواکاری هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیەش کەمال محەمەد ساڵح وتی: "سەردانی
چەندین پڕۆژەمان هەبوو، یەکێک لەوانە پڕۆژەی ١٦٥ مێگاواتی بوو کە کۆمپانیایەکی
بەریتانی جێبەجێی دەکات و بەرەو پێشەوە چووە، سەردانمان کرد تا بزانین چ کێشە و
گرفتێکی هەیە، بەپێی پلانی کۆمپانیاکە، پڕۆژەکە لە مانگی ئایار دەکەوێتە واری
جێبەجێکردنەوە، لەو سەردانەماندا چەندین گوند و لادێ هەبوون بێ کارەبا بوون کە ژمارەیان
٤٣ گوند بوون، ئێمە پێمان وتن کە هەر گوندێک دانیشتوانەکەی لە ١٠ ماڵ زیاتر بێت
ئەوا دەرخستەکەی بۆمان بنێرن تا ئێمە جێبەجێی بکەین، هەروەها داواکارییەکی دیکە لە
قەزای کفری هەبوو دەربارەی یەکەی هەژماری، ئەویش رەزامەندیمان لەسەر دا، دوو
وێستگەی مۆبایل پێویست بوو بۆ چەند ناوچەیەک کە یەکێکیانمان جێبەجێ کرد و دەرخستەی
ئەوانەی دیکەیش بۆمان دەنێرن و پێشبینی دەکەین لەماوەی دوو هەفتەی دیکەدا ئەویش
جێبەجێ بکرێت، داواکردنی ستاف هەبوو، بەڵام چونکە پڕۆسەی کەرتی تایبەت هەیە بۆیە
ستافەکە لەوێ جێبەجێ دەکرێت و بارگرانی ناخەینە سەر وەزارەتی دارایی، لەگەڵ
ئەوەشدا لە سلێمانی بە بەهای زیاتر لە ٨٤ ملیار دینار پڕۆژەمان هەبووە، ئەمساڵیش
٤٤ ملیار و ٣٥٠ ملیۆنی دیکە دابینکرا بۆ پڕۆژەکانی بازیان بۆ راپەڕین و چوارقوڕنە،
یەکێک لە سەید سادق بۆ تانجەڕۆ و هەڵەبجە، هەروەها کڕینی سێ وێستگەی مۆبایل و بە
گشتی لەو سەردانەدا گوێمان لە داواکارییەکانی ئەو ناوچانە گرت و بەپێی پێویست
داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت".
- پڕۆژەی چاکسازیی
لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی
نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی سێ مانگ درا بە وەزیرەکان بۆ ئەوەی
پلانەکانیان پێشکەش بکەن و لەبارەی پێشکەشکردنی پلانی وەزارەتی کارەبا و
قۆناغەکانی چاکسازی لەم سێکتەرەدا، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد
ساڵح گوتی: "لە دەستپێکی کابینەکەدا، سێ مانگ مۆڵەتدرا کە پلان پێشکەش بە
ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و یەکێک لەو بابەتانەی کە پێشکەشمان کرد گرێبەستەکان
بوون".
کەمال محەمەد ساڵح وتیشی:
"بابەتێکی دیکە ئەوە بوو کە نرخی یەکەی کارەبا لە کۆمباین ساکڵ ٦.٣ سەنت بۆ
هەر کیلۆواتێک و کرا بە ٤.٥ سەنت، هەروەها هەندێک کۆمپانیا کە قەرزەکانیان لەلای
ئێمە بوو لێخۆشبوونیان دەرکرد بەرامبەر درێژکردنەوەی گرێبەستەکانیان".
- پڕۆژەی وەزارەتی کارەبا لە بوودجەی
ساڵ
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان،
کەمال محەمەد ساڵح لەبارەی گەورەترین پڕۆژەی وەزارەتی کارەبا کە رەزامەندی لەسەر
درابێت لە بوودجەی ئەمساڵدا وتی: "دوا رەزامەندی لە ئەنجوومەنی وەزیران لە
مانگی یەکی ئەمساڵ بوو بە بڕی ٤٤ ملیار و ٣٥٠ ملیۆن دینار بۆ دوو هێڵی ١٣٢ کەیڤی،
یەکێک لە بازیان بۆ راپەڕین و چوارقوڕنە، یەکێک لە سەید سادق بۆ تانجەڕۆ و هەڵەبجە،
هەروەها کڕینی سێ وێستگەی مۆبایل، هەروەها رەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ دانانی سێ
وزەی خۆر لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی کە هەر یەکێکیان بڕی ٢٥ مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت کە
ئەویش لە قۆناغی تەندەردایە و لە مانگی ئادار رادەگەیەنرێت".
کەمال محەمەد ساڵح وتیشی:
"نووسراومان بۆ سەرجەم پارێزگاکان کردووە بە دابینکردنی زەوی بۆ دانانی وزەی
خۆر، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک نەبووە چونکە لە راستیدا بۆ هەر مێگاواتێک پێنج
دۆنم زەوی پێویستە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ٢٥ مێگاوات بخەینەکار کە پێویستمان بە ١٢٠
دۆنم زەوی دەبێت".