عیراق

سەرکۆماری عێراق پێشوازی لە پاپا فرەنسیس کرد

04:21 - 05/03/2021 49 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن_عێراق


رابەری کاسۆلیکەکانی جیهان، پاپا فرەنسیس کە بە سەردانێکی فەرمی لە عێراقە، دوای دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، بەرەو  کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بەڕێکەوت.

 
پاپا فرەنسیس بە گەیشتنی بە کۆشکی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح پێشوازیی لێکرا.

دواتر رێوڕەسمی پێشوازی فەرمی لە رابەری کاسۆلیکەکانی جیهان، پاپا فرەنسیس بە ئامادەبوونی سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو.

دوای لێدانی مارشی نیشتمانیی هەردوو وڵات، لەکاتی وەستانی پاپا و بەرهەم ساڵح ژمارەیەک کۆتری سپی وەک هێمای ئاشتیی لەنێو قەفەسێکدا ئازادکران.

دواتر لەلایەن دوو منداڵەوە چەپکە گوڵی پێشوازیی پێشکەش بە پاپا فرەنسیس کرا، پاشان شاندی هەردوولا بەیەکتر ناسێندران.

دوای بەڕێوەچوونی پرۆتۆکۆلی پێشوازیی و گرتنی وێنەی یادگاریی خانمی یەکەمی عێراق، سەرباخ ساڵح بە جلی کوردییەوە پێشوازیی لە پاپا فرەنسیس کرد.

دواتر پاپا فرەنسیس و بەرهەم ساڵح و خانمی یەکەمی عێراق چوونە نێو کۆشکی سەرۆکایەتی.

پاشان کۆبوونەوەی نێوان سەرکۆماری عێراق و رابەری کاسۆلیکەکانی جیهان، پاپا فرەنسیس دەستی پێکرد.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، رابەری کاسۆلیکەکانی جیهان، پاپا فرەنسیس بە سەردانێکی فەرمی کە بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت، گەیشتە عێراق.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement