کێن ئەوانەی ئەلەویەتی دامەزراندنیان هەیە؟
03:36 - 28/06/2026
زەمەن_هەواڵ
ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی عێراق پێشنیازێکی نوێ ئاڕاستەی سەرۆکایەتی وەزیران دەکات، کە تێیدا پێوەرێکی نوێ بۆ دابەشکردنی پلە وەزیفییەکان بۆ دەرچووە کۆنەکان دیاری کراوە، ئەویش پێدانی ئەولەویەتە بەو خێزانانەی کە هیچ فەرمانبەرێکی حکومییان نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، محیی مورتەزا قەزوینی، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "پێشنیازەکە خۆی لە تەرخانکردنی (20) هەزار پلەی وەزیفی بۆ دەرچووە کۆنەکان دەبینێتەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پێوەر کە لەلایەن ئەنجومەنەکەوە ئامادەکراون، لە سەرووشیانەوە پێدانی لەپێشینەیی بەو خێزانانەی کە هیچ مووچەخۆرێکی حکومییان نییە، چونکە ئەوان زیاتر پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە."
قەزوینی ڕوونیکردەوە، ئامانج لەم پێوەرە بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نادیدەنەکردنی ئەو توێژانەیە کە تا ئێستا هیچ سودێکیان لە دامەزراندنی حکومی نەبینیوە، بەجۆرێک کە لانی کەم یەک کەس لەو خێزانانە دابمەزرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژە ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی دامەزراندن و کار پێدانی دەرچووان ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و بەرزبوونەوەی ساڵانەی ڕێژەی دەرچووان. لە ئێستادا ژمارەی دەرچووان نزیکەی نیو ملیۆن کەسە و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا زیاتریش ببێت، ئەمەش پێویستی بە دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام هەیە بۆ بازاڕی کار.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، قەزوینی ئامارێکی مەترسیداری خستەڕوو و ڕایگەیاند: "تەنها لە کەرتی تەندروستیدا، نزیکەی (10) هەزار پزیشک، (98) هەزار پزیشکی ددان و دەرمانساز، لەگەڵ (92) هەزار دەرچووی بەشە پزیشکییەکانی دیکە بێکارن. ئەم ژمارانەش بەردەوام لە زیادبووندان و پێویستیان بە چارەسەری ڕاستەقینە هەیە کە هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دادپەروەری لە نێوان دەرچوواندا دروست بکات."