1359 کوردستان

بڕیاردرا بە گەڕانەوەى ئەم پارانە بۆ هاوڵاتیان

11:05 - 01/03/2021

زەمەن_هەرێمى کوردستان

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیی هەرێم ئاشکرایکرد، ئەو کەسانەی لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان پارەی زیادەیان لێ وەرگیراوە بۆیان دەگەڕێندرێتەوە.


د. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بە "زەمەن"ى راگەیاند، "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی تەندروستی بۆ پێداچوونەوە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی لە نەخۆشانی کۆرۆنا لەلایەن نەخۆشخانە ئەهلییەکانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، پێک هێنرا، بە جۆرێک کە پارەی زیاتریان لێ وەرگیراوە لەو بڕەی کە وەزارەتی تەندروستی دیاری کردبوو".

وتیشى، "دوای تەشەنەکردنی کۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی بە دوو قۆناغ بڕیاری دا نەخۆشخانە ئەهلییەکان بۆ تووشبوانی کۆرۆنا داشکان بکەن، سەرەتا داشکان بەڕێژەی 25% و دواتر بەڕێژەی 50%، هەندێک نەخۆشخانە پێچەوانەی بڕیارەکان خەرجیی زیاتریان لە نەخۆش وەرگرتووە، بۆیه لیژنەکە سەردانی هەموو نەخۆشخانەکان دەکات".

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماژەى بەوەشکرد، "تەنیا لە یەک نەخۆشخانەی ئەهلی دەرکەوتووە پارەی زیادە لە 33 نەخۆش وەرگیراوە، کە دەکاتە بڕی زیاتر لە 116 هەزار دۆلار، بەرامبەر بە 169 ملیۆن دینار، کە لەمڕۆوە بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێندرێتەوه".

جەختیشى کردەوە، "لیژنەکە لە پێداچوونەوەی هەموو نەخۆشخانەکان بەردەوامە، هه‌روه‌ها بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایانە دەکات، كە لەسەر ئەو نەخۆشخانانە هەن، هەر نەخۆشخانەیەک سەرپێچی کردبێت و پارەی زیادەی وەرگرتبێت، بۆ نەخۆش و خاوەن مافەکان دەگەڕێندرێتەوە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن