878 کەلتور

قەفقاز

11:17 - 21/02/2021

ئیڤان بوونین
لەڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد


کە دەگەیشتمە مۆسکۆ ، چەشنی دز، لە هەندێک ئوتێلی کەم ناوبانگ و نەناسراوی نزیک ئەرباتەوە دادەبەزیم. لە ژووانێکمەوە تا ژووانی داهاتووم لە گەڵیدا، ژیانێکی ناخۆش و گۆشەگیرانە دەژیام. ئەو لەو ماوەیەدا تەنیا سێ جار هاتە لام، هەموو جارێکیش بە پڕتاو خۆی دەکرد بەژووردا و دەیگووت: من هەر بۆ دەقیقەیەک هاتووم...

ئەو ڕەنگپەڕیو بوو، ئەو ڕەنگپەڕینە قەشەنگەی ژنێکی کەساس و عاشق. کاتێکیش دەنگی دەپچراو چەترەکەی فڕێ دەدایە لایەکەوە و بەپەلە ڕووپۆشی دانتێلی شەپقەکەی لادەدا و باوەشی دەکرد بەمندا، من دڵم لە بەزەیی و لە خۆشیدا دەگووشرا.

_ من پێم وایە_ کەوتە قسەکردن_ کە ئەو گومانی شتێکی کردوە، بگرە پێدەچێ شتێکی دیاریکراو بزانێت، لەوانەیە یەکێک لە نامەکانی ئێوەی خوێندبێتەوە، کلیلی چەکمەجەی مێزەکەمی دەستکەوتبێت.... من لەو باوەڕەدام کە ئەو، بەو دڵرەقی و خۆویستییەیەوە هەموو شتێکی لێچاوەڕواندەکرێ. جارێکیان ڕاست و ڕەوان پێیگووتم:'' من بۆ داکۆکی کردن لە شەرەفی خۆم، چ وەک مێردێک وچ وەک ئەفسەرێک، لە هیچ ناپرینگێمەوە!'' ئێستا ئەو، نازانم بۆچی، چاولەدووی هەر هەنگاوێکمە، جا بۆ ئەوەی پلانەکەمان سەربگرێت دەبێ من یەکجار وریا و بە ئاگابم . ئەو ئێستا قاییل بووە بەوەی ڕێگەی سەفەرم بدات، من وام تێگەیاندووە کە هەر بە مردن دەمرم، گەر خوارووی وڵات نەبینم، بەڵام بۆ خاتری خوا ئێوەش دان بەخۆتاندا بگرن و ئارام بن!

پلانەکەمان چاوقاییمانە بوو: هەردووکمان دەبووایە بە هەمان شەمەنەفەر بەرەو کەنارئاوەکانی قەفقاز بەڕێکەوتینایە، لەوێ لە شوێنێکی تەواو چەپەک و دوور لە قەرەباڵغی سێ چوار هەفتە پێکەوە بووینایە. من شارەزای ئەو کەنارئاوانە بووم، ماوەیەک، کە گەنج و زگورتی بووم، لە نزیک شاری سۆچییەوە ژیابووم، بۆ هەتا هەتایە ئەو ئێوارەپاییزییانەم لە یاد چەسپیبوو، لە نێوان ئەودارسەرووانەی ڕەش دەچوونەوە و نزیک شەپۆلە ساردە خۆڵەمێشییەکان.
ئەو ڕەنگی سپی هەڵگەرا کە من پێمگووت:'' ئیتر من لەوێ، لە جەنگەڵە شاخاوییەکانی نزیک دەریای ئەو گەرمەسێرە، هەر لە پاڵ تۆدا دەبم ''.
تا دوا دەقیقەش هیچ کاممان باوەڕمان بە هاتنەدی پلانەکەمان نەبوو، چونکە ئەوە وەک بەختەوەرییەکی یەکجار مەزن دەهاتە پێش چاومان.

بارانێکی سارد مۆسکۆی داگرتبووەوە، وا دەهاتە پێش چاو کە هاوین باری کردووە و چیتر ناگەڕێتەوە. قۆڕ و چڵپاو، تاریکی، شەقامەکان تەڕ و ڕەش دەبریقانەوە لە بەر چەتری کراوەی خەڵکە پیادەکە و پشتی هەڵدراوە و، بەدەم غاردانەوە، لەرزۆکی عەرەبانەکان.
ئێوارەیەکی تاریک و ناحەز بوو کە من بەرەو وێستگەی شەمەنەفەر کەوتمە ڕێ. هەموو هەناوم لە نیگەرانی و سەرمادا سڕببوو. بەناو وێستگەکەدا و بەسەر شۆستەی شەمەنەفەرەکاندا من ڕامدەکرد، شەپقەکەم هێنابووە سەرچاوم و روخسارمم لە یەخەی هەڵدراوەی پاڵتۆکەمدا شاردبووەوە. لێزمەی بارانەکە دەنگی لە سەربانی کوپێە(١) خنجیلانەکە دەهێنا کەمن پێشوەخت بلێتەکەییم کڕیبوو. خێرا پەردەی پەنجەرەکەم دادایەوە. هەر کە بارهەڵگرەکە، پاش ئەوەی دەستەکانی بە پێشکۆشە سپییەکەی وشککردەوە و بەخشیشەکەی وەرگرت، چووە دەرەوە، دەستوبرد دەرگاکەشم بە دواییدا داخست.

دوای کەمێک پەردەکەم لادا و خۆم مت کرد، هاوکاتیش چاوم لە ئاپۆرای خەڵکە هەمە چیزەکە نە دەترووکاند، کە بەخۆیان و جانتاو بارەکانیانەوە بە ناو وێستگەکەدا و بە بەردەم فاگۆنەکەی مندا، لە ژێر ڕۆشنایی گڵۆپە زەردهەڵەڕاوەکاندا هەڕاهەڕایان بوو. ئێمە واڕێکەوتبووین کە من، تا بۆم بکرێ، پێشوەخت خۆم بگەیەنمە وێستگەی شەمەنەفەرەکە، ئەویش، تابتوانێ درەنگ بێت، نەبا لەسەر شۆستەی شەمەنەفەرەکە، لووتم ببێ بە لووتیانەوە، کاتێک هێشتا مێردەکەی لە گەڵدایە. ئێستا ئیتر کاتی ئەوە بوو دەرکەوتنایە. من تادەهات نیگەرانتر دەبووم و ئەوانیش هەر دیار نەبوون. دووەم زەنگی ئاگادارکردنەوەی سەرنیشنەکان لێدرا- ئیتر من لە ترسانا ساردییەک بە گیانمدا گەڕا: تۆ بلێی ئەمە هەر دواکەوتنێکی ئاسایی بێت یان مێردەکەی لە دوا ساتدا بڕیاری داوە ڕێگای سەفەرەکەی نەدات. بەڵام هەر لەو کاتەدا بە بینینی باڵای بەرزی میردەکەی و کاسکێتە ئەفسەرییەکی و پاڵتۆ و دەستە بە دەستکێشە چەرمەکانییەوە ڕاچڵەکیم ، بینیم کە قۆڵی کردووە بە قۆڵی ئەودا و شەقاوی خێرا وگەورە گەورە دەنێ. من خێرا خۆم لە پەنجەرەکە دوورخستەوە و لە سوچێکدا لە سەر قەنەفەی کوپێیەکە دانیشتم. فاگۆنەکەی تەنیشت، فاگۆنێکی پلەی دوو بوو – من بە خەیاڵ هێنامە بەرچاوی خۆم، چۆن ئێستا مێردەکەی وەک خاوەن ماڵێک، شان بەشانی ئەو، خۆی دەکات بە ڤاگۆنەکەدا، چاوێک بە کوپێەکەدا دەگێرێ بزانی بارهەڵگرەکە جانتاکانی باش داناوە، ئەوسا دەستکێشەکانی دادەکەنێ، کاسکێتەکەی سەری دادەگرێ، ماچی دەکات و هێمایەکی خاچ بە سەر روخساریدا دەنەخشێنێ.... زەنگی سێیەم گوێی کپکردم ، جمینی شەمەنەفەرەکە خەواڵووی کردم، شەمەنەفەرەکە تەکانی دایە خۆی، ناڵانی و کەمێک بەملاولادا جۆلانەی کرد و ئینجا تا هێزی تیابوو کەوتە ئاژووتنێکی خێرا و و یەکنەزمی.

بە دەستێکی تەزیووەوە ١٠ ڕۆبڵی کاغەزم خزانە دەستی کارمەندی شەمەنەفەرەکە کە ئەوی هێنا بۆ لام وجانتاکانی بۆ هەڵگرتبوو...
ئەو کە هاتە ناو کوپێەکەی منەوە تەنانەت ماچیشی نەکردم ، تەنیا زەردەخەنەیەکی غەمبارانە نیشتە سەر لێوی، بەدەم ئەوەوە کە ڕۆنیشتە سەر قەنەفەکە و شەپقەکەی لە سەری داکەند ،پاش ئەوەی لە تاڵە قژە تێکئاڵاوەکانی خۆی کردەوە هاتە قسە و گووتی:
_ من بەهیچ شێوەیەک نەمتوانی پاروویەک چییە بۆ دەممی بەرم، هەر وا بیرم دەکردەوە کە بڕستی ئەوەم نابێت، تاکۆتایی ، ئەو ڕۆڵە ببینم. ئێستا لە ڕادە بەدەر تینوومە، شووشەیەک نەرزانم بدەرێ(٢)
ئەوە یەکەم جاری بوو بە شێوازی تاک قسەم لەگەڵدا بکات و بە ''تۆ'' بانگم بکات.
_ من دڵنیام کە ئەو دوا بەدوای من دێت. من دوو ناونیشانم داوەتێ، گیلیندژیکی و گاگری، ئەوا دەشبینی پاش سێ چوار ڕۆژ لە گلیندژیکی دەبێت، دە کەیفی خۆیەتی، حەواڵەی خوا بێت، من مردنم لا چاکترە لەم ئازارە...

بۆ بەیانی کە چوومە ڕارەوی شەمەنەفەرەکەوە ، هەتاو بوو، هەوا کپ بوو، تەوالێتەکان بۆنی سابون و کۆڵۆنیا و هەموو ئەو شتانەیان لێدەهات کە بەیانیان لە سەرنشینی شەمەنەفەرەکان دێت.
لەودیو پەنجەرە تەڵخ و گەرمداهاتووەکانی شەمەنەفەرەکەوە، تا چاو بڕ بکات دەشتێکی سووتاو، چەندین شاڕێی تۆزاوی، عەرەبانەی لە گا بەستراو، وێستگەی بچکۆلانەی شەمەنەفەر، بە خۆیان و بازنەی گوڵەبەڕۆژە ڕەنگکەنارییەکانیان و ساردۆنیا ئاڵەکانی ناو باخچۆکەکانی دەوریان دەبینران ... دوای ئەوە دەشتێکی کاکی بە کاکی و بێ سنوور، بە شیو و هەڵدڕ و گوڕستانەکانییەوە، خۆرێکی وشکی تاقەتپروێن، ئاسمانێک هاوشێوەی هەورێکی تۆز لێنیشتوو، دوای هەموو ئەوانەش تاپۆ و تارمایی یەکەمین شاخەکانی ڕێگا لە کن ئاسۆوە دیاری دەدا....
ئەو، لە هەریەکێ لە گیلیندێژی و گاگریەوە، پۆستکارتێکی بۆ مێردەکەی ناردبووکە هێشتا نازانێت لە کوێ جێگیر دەبێت. ئێمەش دوای ئەوە بە کەناری دەریاکەدا ملی ڕێمان گرت و بەرەوە خوار بووینەوە و شوێنێکی نەشێوێنراو و سادەمان دۆزییەوە، کەچواردەوری دارستانی چنار، دارو دەوەنی گوڵگرتوو، سوورەدار، مەگنۆلیا و داری هەنار بوو، لە ناوەڕاستی گشت ئەوانەشدا دارخورما باوەشێنییەکان چووبوون بە هەوادا و دارسەرووەکانیش ڕەشییان دەکردەوە ..
بۆ بەیانی من زوو بێدار بوومەوە ، لێ ئەو هێشتا نووستبوو، بۆیە بڕیارم دا تا کاتی چاخواردنەوەمان دەوروبەری کاتژمێر حەوت بچم و پیاسەی گرد و نشێوە دارستانییەکان بکەم. خۆرەکە بەو زووییەش گەرم و پاک و خۆشیبەخش بوو. هەوا بۆنخۆش و شینە کوژەکییەکە بە ناودارستانەکاندا بڵاودەبووەوە و دەتوایەوە، لە دوورەوە بە سەرباڵای بەرزی دارستانەکاندا لووتکەی سەرکەشی شاخە هەمیشە بەفرلێنیشتووەکان سپیدەچوونەوە.
لەڕێی گەڕانەوەمدا بەناو بازاری گەرمی دێیەکەماندا هاتمەوە کە لە بۆری زۆپاکانییەوە بۆنی تەپاڵەی سووتاو دەهات: کڕین و فرۆشتن لە گەرمەیدا بوو، شاندار شانی دەسوا لە زۆری خەڵک و ئەسپ و کەر- بەیانیان ژمارەیەکی زۆری شاخنشینەکانی دەوروبەر خۆیان دەگەیاندە ئەو بازاڕە- ژنە چەرکەسییەکان بە خۆیان و کراسە لە زەوی خشاوەکانیان  وکەوشەسوورەکانی پێییان و سەرپۆشەڕەشەکانیان ڕەوتی هێمنی خۆیان دەکرد و جاروبار، لە ناو ئەوساکاوییە تازییەتبارەیانەوە، نیگایەکی خێرای باڵندەئاسایان دەکرد.

ئێمە هەموو ڕۆژێک کەمێک دوواتر دەچووینە سەر کەناری ئاوەکە، کە هەمیشە چۆڵ بوو، تا کاتی نانی بەیانی خۆمان لە بەر خۆرەکە هەڵدەخست. دوای نانی بەیانی، کە هەموو ڕۆژێک بریتی بوو لە ماسی سوورەوەکراو لە گەڵ تەڕەپیازدا، شەراب، گوێز و میوەی جۆراوجۆر، لەنێوان ڕایەڵەی پەنجەرەی کوخە بە خشت سەرگیراوەکەمانەوە، تیلماسکی ڕووناکییەکی کەیفبەخش دەهاتە ژوورەوە و تاریکی کۆخە گەرمەکەمانی دەڕەواندەوە.
کاتێک گەرماکەی دەخست و پەنجەرەکەمان دەکردەوە، ئەو بەشەی دەریاکە، کە لە نیوان دارسەرووەکانی خواروومانەوە دەبینرا، ڕەنگێکی وەنەوشەیی پەیدا دەکرد و وا مەند و بێوەی دەهاتە پێش چاو، کە واتدەزانی ئەو ئارامی و جوانییە هەرگیز کۆتایی نایەن.
دەوروبەری خۆرئاوابوون پەڵە هەوری سەرسوڕهێنەر سنگیان دەنایە سەر سنگی دەریاکە و بە شێویەکی وا قەشەنگ لە هەواکەدا مەلەیان دەکرد، کە ئەو دەچووە سەرجێگاکەی خۆی و دەستی دەگرت بە چاوەکانییەوە و دەگریا: دوو سێ هەفتەی تر و دیسانەوە گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ!
شەوان گەرم و کپ بوون، گوڵئەستێرەکان بە ناو ڕەشایی تاریکییەکەدا بریسکەی ڕەنگ تۆپازی(٣ ) خۆیان دەنواند و دەبریسکانەوە. دەنگی بۆقی قەد دارەکان وەک زەنگوڵەی شووشە دەهاتە گوێ. کاتێک چاو بە تاریکاییەکە ڕادەهات لە سەرەوە ئەستێرەکان و لووتکەی چیاکان لێکجیادەکرانەوە و تاپۆی ئەو درەختانە بە سەر دێیەکەوە دەبینران کە بە ڕۆژ سەرنجمان نەدابوونێ.

بە درێژایی شەو زرمەی کپی دەهۆڵ وهاواری جاڕسکەری دەنگێکی پڕبە گەرووی بەختەوەر، لە دوخانەکەوە (٤) دەهاتە گوێ، کە لە شوێنێکی نزیکمانەوە بە درێژایی شەو هەمان ئەو گۆرانییەی دەگووت و دەگووتەوە. بە سەر بەردەڵانی ئەو قەدبڕەی لە دارستانەکەوە بەرەو دەریاکە شۆرببووە ڕووبارێکی تەنکی ڕوون و سازگار ڕێچکەی بەستبوو، بەشێوەیەکی ئەفسووناوی خوڕڕەی دەهات و قوڵپی دەدا، لەو ساتەوەختانەدا کە مانگی درەنگانی ئێوارە وەک بوونەوەرێکی سیحراوی چاوی تێبڕیبوو.

هەندێک جار، بە شەو، لە چیاکانەوە قەتارەی هەورێکی ترسناک ئەکەوتە ڕێ، باو بۆڕانێکی تۆڕە هەڵیدەکرد، لە تاریکی گوڕستانئاسای دارستانەکاندا خەرەندێکی سەوزی بێ ئامان گەرووی دەکردەوە ولە بەرزاییەکانی ئاسمانیشەوە هەورە گرمە دەتەقییەوە و دەبووە هەزار پارچەوە، ئەوسا ئیتر بەچکە هەڵۆکان بێداردەبوونەوە و دەیانفیشکاند، پڵنگەکان دەیانمڕاند و چەقەڵەکان دەکەوتنە لوورەلوور. شەوێکیان ڕەوە چەقەڵێک بەرەو پەنجەرە ڕووناکەکەی ئێمە بەڕاکردن هاتن ، پەنجەرەکەمان کردەوە و لە سەرەوە تەماشامان دەکردن، ئەوانیش لە ژێرلێزمەی بارانە بە ورشەکەدا وەستابوون ، دەیانلووران و ئارەزوویان بوو بێنە لامان...ئەو بە تەماشاکردنیان لە خوشیدا دەستی کرد بەگریان. مێردەکەی لە گیلیندژیک و لە گاگری و لە سۆچی لە دوی گەڕابوو. ڕۆژی دواتر هەر بە هاتنی بۆ سۆچی، چوو بوو لە دەریاکەدا مەلەی کردبوو، دوایی ڕیشی تاشی بوو، جلی پاکی ژێرەوەی لە بەرکردبوو، چاکەتێکی ئەفسەریانەی سپی وەک بەفری لە بەرکردبوو، لە چێشتخانەی پێشهەیوانی ئوتێلەکەی نانی بەیانی خواردبوو، بوتڵێک شەمپانیای هەڵدابوو، قاوەیەکی، بە کەمێک لیکیۆری شارتریزەوە ، خوارد بووەوە، لە سەرخۆ سیگارێکی بۆ کێشابوو. کە گەڕابووە ژوورەکەی خۆی لە سەر دیوانەکە پاڵکەوتبوو لوولەی دوو دەمانچەی خستبووە سەر لاجانگەکانی خۆی و پەنجەی بە پەلەپیتکەکانیاندا نابوو..


پەراوێزەکان:
1.کوپێە: ژووری بچکۆلانەی ناو شەمەنەفەر کە جێگای نووستنیشی تیایە.
2.نەرزان: جۆڕێک ئاوی کانزاییە کە لە شووشەدا دەفڕوشرا
3.تۆپاز: جۆرێک بەردی گرانبەهایە بۆ خشڵ و ڕازاندنەوە بەکاردێت و بە چەندین ڕەنگی جواراوجۆر هەیە، رەنگ زەرد و شینییان زیاتر باوە.
4.دوخان: پێدەچێ هەر لە وشەی دوکانەوە وەرگیرابێت و لێرەدا وەک چاخانەی کۆنی جاران باس دەکرێت، کە دیارە جۆرە ئاهەنگێکی تیا گێڕدراوە.


*پێناساندنێکی کورتی نووسەر:
ئیڤان بوونین ساڵی ١٨٧٠ لە ڤارۆنیش، لە ڕوسیا لە دایکبووە و دواتر نیشتەجێی فەرەنسا بووە و هەر لەوێ ساڵی ١٩٥٣ کۆچی دوایی کردووە.
سەرەتا وەک شاعیرێکی بەتوانای ڕەوتی سیمبۆلیزم دەستی بە نووسین کرد، دواتر لە ژێر کاریگەری مەکسیم گۆرکیدا کەوتە نووسینی کورتەچیرۆک و ڕۆمان بە نەفەسێکی ڕیالیستییانەوە، ساڵی ١٩٣٣ خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئەدەبدا پێبەخشرا. جگە لەوەش خەڵاتی پوشکینی وەرگرتووە. دەستێکی باڵای هەیە لە وەسفکردنی سروشت و باری دەروونیی پاڵەوانەکانی . بە داخەوە لە ناو خوێنەرانی کورددا زۆر ناسراو نییە. ئەم کورتە چیرۆکەی کە ناوی هەمان کۆمەڵە کورتەچیروکی هەڵگرتووە، هەوڵێکی بچووکی منە بۆ ناساندنی ئەو نووسەرە پڕبەرهەمە بەو ئازیزانەی ناویان نەبیستووە یان بەرهەمیان نەخوێندۆتەوە ... هیوادارام مایەی ڕەزامەندیتان بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن