کوردستان

دیسانه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تره‌مپی له‌كارخست

09:30 - 14/01/2021 329 جار خوێندراوەتەوە

لوقمان غه‌فوور

سه‌عات4:35ی ئێواره‌ی 13ی كانوونی دووه‌م جێنیوه‌ری2021 به‌كاتی واشنتۆن، به‌رامبه‌ر 12:35ی شه‌وی 13ی كانوونی دووه‌م به‌كاتی كوردستان، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له‌كارخرا.


به‌پێی رای به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌كارخستنی دۆناڵد تره‌مپ له‌پای ئه‌و تاوانه‌ دێت كه‌ رۆژی 6ی كانوونی دووه‌م جێنیوه‌ری 2021، هانی پرۆ-تره‌مپیه‌كانی داوه‌ كه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر بینای كاپیتاڵ.

له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ 2 ساڵ، ئه‌مه‌ دووه‌مینجاره‌ تره‌مپ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ له‌كارده‌خرێت. به‌مه‌ش تره‌مپ ده‌بێت به‌ یه‌كه‌مین سه‌رۆك له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریكا دووجار له‌كار ده‌خرێن له‌تێرمی سه‌رۆكایه‌تیدا.

به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ی كه‌ نانسی پێلۆسی خوێندییه‌وه‌ ده‌نگدانی لەکارخستن 232 ده‌نگی به‌ڵێ به‌رامبه‌ر 197 ده‌نگی نه‌خێر بووه‌.

 

میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا رایانگه‌یاند له‌و 232 ده‌نگه‌ 10 ئه‌ندامی كۆمارییه‌كان بوو، کە به‌به‌ڵێ ده‌نگیاندا بۆ له‌كارخستنی تره‌مپ و 4 ئه‌ندامی به‌ سپێتی ده‌نگیاندا ئەوانیش: ( کای گرانجەر- نوێنەری تەکساس، ئاندی هاریس-نوێنەری ماریلاند، گراک مۆرفی- نوێنەری نۆرس کارۆلاینا، دانیال وێبستێر-فلۆریدا.

 

ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆمارییه‌كانیش كه‌ ده‌نگیاندا دژی تره‌مپ داوه‌ ناوه‌كانیان ئاشكرایه‌ هه‌ریه‌ك له‌: (لیز دیك چینی- نوێنه‌ری ویلایه‌تی وایۆمینگ، ئادام كینز لینگه‌ر- نوێنه‌ری ویلایه‌تی ئیلینۆیا، جۆن كاتكۆ- نوێنه‌ری ویلایه‌تی نیویۆرك، فرید ئیبۆن و بیته‌ر میجه‌ر - نوێنه‌ری ویلایه‌تی میشیگان، دان نیو هاوس و جێمی هێریرا-نوێنه‌ری واشنتۆن، ئەنتۆنی گۆنزالۆ- نوێنەری ئۆهایۆ، تۆم رایس- نوێنەری ساوس کارۆلاینا، دیڤید ڤالادیۆ- نوێنەری کالیفۆرنیا).

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ساڵی 2019 كاتێك بۆ یه‌كه‌مینجار پرۆسه‌ی له‌كارخستنی (ئیمپیچمێنت)ی تره‌مپ له‌سه‌ر كه‌یسێكی تر ده‌ستی پێكرد هیچ ئه‌ندامێكی نوێنه‌ران له‌ كۆمارییه‌كان دژی تره‌مپ ده‌نگیان نه‌دا.

ئێستا پرۆسه‌ی له‌كارخستن بۆئه‌وه‌ی بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی پیران ده‌نگی له‌سه‌ر بدات، به‌ڵام میتچ ماككۆنیل، سه‌رۆكی زۆرینه‌ی كۆمارییه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی پیران، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هیچ فرسه‌تێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیران نییه‌ پێش 20ی كانوونی دووه‌م (جێنیوه‌ری) 2021 كه‌ رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی جۆو بایدن-ی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكایه‌.

 

بۆیه‌ له‌كارخستنی (ئیمپیچمێنت)ی دووه‌می تره‌مپ وه‌ك جاری یه‌كه‌م له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پیرانه‌وه‌ شكست ده‌هێنێت، لەگەڵ ئەوەی کات نەماوە بۆ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پیران، ده‌نگدانی سه‌ركه‌وتوو پێویستی به‌ 2 له‌سه‌ر 3 ئه‌ندامانی پیرانه‌ کە لەئێستادا 67 دەنگ بەرەو ژووری دەوێت. جا پێویسته‌ جگه‌ له‌ مایك پێنس كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پیرانه‌، 16 ئه‌ندامی تری پیران له‌كۆمارییه‌كان له‌گه‌ڵ دیموكراته‌كان بن ئه‌وكات ئه‌توانن تره‌مپ بخه‌ن.

 

پرۆسه‌ی له‌كارخستنی تره‌مپ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پیرانه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌یه‌: ئه‌نجومه‌نی پیران راده‌ستپێردرێت به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ دادگای باڵای ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه‌ش سه‌رۆكی دادگای باڵای ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.

 

له‌مێژووی ئه‌مه‌ریكا دووجاری دیكه‌ هه‌وڵی له‌كارخستنی سه‌رۆك دراوه‌، به‌ڵام هه‌ردوو جاره‌كه‌ شكستی هێناوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پیران. ساڵی 1868 له‌كاتی له‌كارخستنی ئه‌ندریۆ جۆنسۆن، له‌ئه‌نجومه‌نی پیران ته‌نیا به‌ یه‌ك ده‌نگ شكستی هێنا. هه‌روه‌ها ساڵی 1998 كاتێك ویسترا بێل كلتۆن له‌كارخرێت به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌نجومه‌نی پیران سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌پرۆسه‌كه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement