408 عیراق

به‌رهه‌م ساڵح چوونەپاڵ رێككەوتننامەی پاریسی بۆ كەشوهەوا پەسەندكرد

01:45 - 13/01/2021

زه‌مه‌ن_عێراق

سەرۆک کۆماری عێراق چوونەپاڵ رێككەوتننامەی پاریسی بۆ كەشوهەوا-ی پەسەندكرد و رایگەیاند، پەسەندکردنی ئەم یاسایە بۆ ئەوەیە کە رووبەڕووی گۆڕانکاری کەشوھەوا ببینەوە کە لە ئەنجامی پیسبوونی کەشوهەوادا دروستبووە.


سەرۆک کۆمار لە رۆژی ٢٠٢٠/١٢/١٢ لەمیانی وتارێکدا کە لە لوتکەی کەشوھەوای جیھانی دا پێشکەشی کرد رایگەیاند، ئەم هەنگاوە گەورەیە بووە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە پشتبەستن بە ھەمە جۆرکردنی سەرچاوەی ئابووری و پاڵپشتیكردنی بەرهەمهێنانی ووزەی نوێ و خستنەگەڕی میكانیزمی تەندروست، بۆیە زۆر گرنگە لە پرۆسەی پەرەپێدانی ئابووری و پاراستنی كەشوهەودا، پاڵپشتییەكی تەواو لە وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەتدا بكرێت، هەروەها بایەخێكی تەواویش بدرێت بە پەرەپێدانی توانای گەنجان و پشتیوانیکردنی ژنان.

هەر لە وتارەکەیدا بەرهەم ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، لەپێناو بەدەنگەوەهاتنی خێرای هەنگاوەكانی په‌سه‌ندکردنی ئەو رێككەوتننامەیە، عێراق دەستیكرد بە نووسینەوەی بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان (NDC) كە گوزارشتە لە نەخشە رێگای هەرە باڵای وڵات لە كاركردن لە بواری گۆرانكارییەكانی كەشوهەوادا، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە بنەمایەكی پتەو بۆ دامەزراندنی پایە بنەڕەتییەكانی ئابوورییەكی ژینگەپارێز.

ئەو لوتکەیە کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەھاوکاری بەریتانیا و فەرەنسا میوانداری کردبوو، بە بەشداری ٧٠ سەرۆک و سەرکردەی جیھانی، بەبۆنەی ساڵیادی پێنجەم ساڵەی راگەیاندنی رێككەوتننامەی پاریس بۆ كەشوهەوا ئەنجامدرا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن