856 ناوچەی

راپۆرتى هەڵسەنگاندنى حکومەتەکەى کازمى بڵاوکرایەوە

02:16 - 30/12/2020

 "زه‌مه‌ن"

 

راپۆرتى هەڵسەنگاندن بۆ کارى شەش مانگى یەکەمى بەرنامەى کابینەکەى مستەفا کازمى بڵاوکرایەوە، بەپێى راپۆرتەکە، 17.5%ی بەرنامەکە جێبەجێکراوە.

 
لیژنه‌ی به‌دواداچوونی كاری حكومه‌ت و پلانی ستراتیژیی لە عێراق، راپۆرتى خۆى لەسەر هەڵسەنگاندنى شەش مانگى یەکەمى کابینەى حکومەتەکەى مستەفا کازمى بڵاوکردەوە، لیژنەکە له‌ رێی بانگهێشتكردنی وه‌زیران و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار له‌ حكومه‌تدا بۆ گفتوگۆ و ئاڕاسته‌كردنی پرسیار لێیان، راپۆرتەکەى نوسیوەته‌وه‌ و پێشكه‌شی په‌رله‌مانی عیراقیکردووە.

 

راپۆرتەکە قسەکانى کازمى رەتدەکاتەوە، کە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا له‌ 7/11/2020 دا رایگەیاند، زیاتر له‌ 70% ی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ته‌كه‌ی بە ئامانج گەیاندووەو خۆشحاڵی خۆیی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕی كه‌ به‌شێكی زۆری له‌ به‌ڵێنه‌كانی هێناوه‌ته‌ دی، به‌ڵام بۆچوونی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیداری په‌رله‌مان به‌ پاڵپشت به‌و به‌دواداچوونانه‌ی ئه‌نجامی داوه‌ و ئه‌و راپۆرتانه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، رێژه‌كه‌ ده‌گاته‌ 17.5% ی به‌ئامانج گه‌یاندنی به‌رنامه‌كانی حكومه‌ت.

بەشێک لە راپۆرتەکە کە بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامى پەرلەمانى عێراق بڵاویکردووەتەوە:

 

راپۆرتی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاری شه‌ش مانگی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كابینه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی له‌ نێوان 5/7/2020 تا 7/11/2020
بڵێسە جەبار فەرمان
لیژنه‌ی به‌دواداچوونی كاری حكومه‌ت و پلانی ستراتیژیی له‌ رێی بانگهێشتكردنی وه‌زیران و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار له‌ حكومه‌تدا بۆ گفتوگۆ و ئاڕاسته‌كردنی پرسیار لێیان، ئاكام توانی راپۆرتیكی ورد و پیشه‌یی بنووسێته‌وه‌ و پێشكه‌شی په‌رله‌مانی عیراقی بكات و له‌ دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌ماندا بیخاته‌ڕوو.
رێژه‌ی ده‌ستكه‌وت و به‌ده‌ستهاتووه‌ فیعلییه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ت بریتییه‌ له‌ (17.541%) رێژه‌ی ئینجازی راگه‌یه‌ندراو له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بریتییه‌ له‌ (82.486%) مسته‌فا كازمی له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا كه‌ له‌ 7/11/2020 دا سازیكرد، باسی له‌ به‌ ئامانج گه‌یاندنی زیاتر له‌ 70% ی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ته‌كه‌ی كرد و خۆشحاڵی خۆیی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕی كه‌ به‌شێكی زۆری له‌ به‌ڵێنه‌كانی هێناوه‌ته‌ دی، به‌ڵام بۆچوونی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیداری په‌رله‌مان به‌ پاڵپشت به‌و به‌دواداچوونانه‌ی ئه‌نجامی داوه‌ و ئه‌و راپۆرتانه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، رێژه‌كه‌ ده‌گاته‌ 17.514% ی به‌ئامانج گه‌یاندنی به‌رنامه‌كانی حكومه‌ت.
ئه‌مه‌ش شكستی حكومه‌ت و به‌ ئامانج نه‌گه‌یاندنی به‌رنامه‌كه‌ی ده‌خاته‌ڕوو. زۆر كات ره‌خنه‌ له‌ كازمی گیراوه‌ كه‌ ته‌نها له‌ سۆشیال میدیادا و له‌ وتار و خیتابدا به‌هێزه‌ و هیچی به‌ ئاكام نه‌گه‌یاندووه‌، كه‌ ته‌نها له‌ نمایشكردنی خۆی وه‌كو ده‌وڵه‌تدارێكی سه‌ركه‌وتوو.
راپورتی لیژنه‌ی به‌دواداچوون راستی ئه‌و ره‌خنانه‌ ده‌سه‌لمێنێت. هه‌وڵدان بۆ په‌رده‌پۆشكردنی شكستی به‌رنامه‌كه‌ی به‌ راپۆرت و داتای ناڕاست، شكستی كابینه‌كه‌ی ناشارێته‌وه‌. ئه‌م راپۆرته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ كاره‌كانی حكومه‌ت كردووه‌ له‌ هه‌شت سێكته‌ردا.
یه‌كه‌م: ئه‌وله‌ویاتی كاركردنی كابینه‌كه‌ی كازمی به‌ پوختكراوی له‌ هه‌شت به‌ش پێكدێت:
1-ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت.
2-كاركردن بۆ گه‌مارۆدانی په‌تای كۆرۆنا.
3-راگرتن و سه‌پاندنی شكۆی ده‌وڵه‌ت.
4-ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌یه‌كی له‌ ناكاو.
5-ده‌ستپێكردنی گفتوگوی نیشتمانییانه‌ له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌.
6-اراستنی سه‌روه‌ریی عیراق و ئاسایشی وڵات.
7-دژایه‌تیی گه‌نده‌ڵی و پاراستنی سه‌روه‌ت و سامانی گشتی و نیشتمانی.
8-چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی هاونیشتمانی بوون.
دووه‌م: په‌ره‌پێدانی داموده‌زگای سه‌ربازیی و ئه‌منی، ئه‌مه‌ش پێنج به‌ش له‌خۆ ده‌گرێت كه‌ بریتین له‌:
1-پشتیوانیكردنی سوپا به‌ هه‌موو شێوه‌كانی.
2-پاراستنی ئاشتی و سه‌روه‌ریی یاسا.
3-كاركردنی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ریه‌كه‌ به‌ پێی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی و به‌پێی یاسا.
4-به‌دواداچوون بۆ رۆڵی ئاسایش و سه‌قامگیریی.
5-دانوساندن له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دسته‌به‌ركردنی سه‌روه‌ریی وڵات.
سێیه‌م: ئابووریی و وه‌به‌رهێنان له‌ دیدی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش نۆ بڕگه‌ له‌خۆ ده‌گرێت
1-دروست كردنی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان.
2-ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌ عیراق. 3-په‌ره‌پێدانی به‌نك و سیستمی بانكی.
4-هاندانی سه‌رمایه‌گوزاریی و وه‌به‌رهێنان له‌ بواری گه‌شتوگوزاردا و ته‌كنه‌لۆجیا و په‌یوه‌ندیی و گه‌یاندن.
5-سه‌رۆك وه‌زیران سه‌رپه‌رشتیی ئه‌مینداریی گشتی ده‌كات بۆ سزادانی ئه‌وانه‌ی رێگربوون له‌ په‌ره‌پێدانی به‌غدای پایته‌خت.
6-چاكسازیی له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت.
7-پڕۆژه‌ی حكومه‌تی ئه‌له‌كترۆنی.
8-به‌كارخستنی گه‌نجان و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار.
9-په‌ره‌پێدان به‌ چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی.
چواره‌م: په‌یوه‌ندیی ده‌ركی كه‌ سێ به‌ش له‌خۆده‌گرێت بریتین له‌:
1-سه‌روه‌ری.
2-هاوسه‌نگی.
3-هه‌ماهه‌نگی.
پێنجه‌م: به‌گژاچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازیی ئیداری كه‌ دوو بڕگه‌ له‌خۆده‌گرێت و بریتین له‌:
1-په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی له‌ نێوان داموده‌زگا و ده‌سته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازیی ئیداری.
2-داخستنی هه‌موو ده‌رفه‌ت و ده‌روازه‌كانی گه‌نده‌ڵی.
شه‌شه‌م: دادپه‌روه‌ریی پێوه‌ره‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی حكومه‌ت كه‌ دوو به‌ش له‌خۆده‌گرێت و بریتین له‌:
1-پشتگیریكردنی ده‌سته‌كانی دادوه‌ریی و پشتیوانیكرن و پاراستنیان بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ یاسا لایانداوه‌.
2-ده‌ركردن و جێبه‌جێكردنی رۆحی ئه‌و یاسایانه‌ی پاڵپشتن بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی.
حه‌وته‌م: ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی ئاشتییانه‌ رێپیشانده‌ری ده‌وڵه‌ته‌ دروست كردنی ده‌سته‌یه‌ك له‌ لاوانی هه‌موو پارێزگاكان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و راوێژپێكردنیان له‌ چۆنێتی هه‌نگاونان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی چاكسازیی و دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت له‌ بواری هه‌لی كار.
ژماره‌ی بڕگه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ت 30 بڕگه‌یه‌ به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندن لیژنه‌ی پلانی ستراتیژیی و چاودێریی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عیراق به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌یی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی خسته‌ به‌رده‌م رای گشتی عیراق له‌ رێگه‌ی دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مان.
رێژه‌ی ده‌ستكه‌وتی حكومه‌ت زۆر كه‌متره‌ له‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ راپۆرتی حكومه‌ت ئاماژه‌ی ده‌دات.
په‌رله‌مانی عیراق وه‌ڵامی سه‌رجه‌م بۆچوونه‌كانی حكومه‌تی داوه‌ته‌وه‌ به‌ داتا و به‌ڵگه‌وه‌. بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانانه‌ی وڵات تووشی بووه‌، پێویسته‌ ستراتیژێكی نیشتمانی دابڕێژرێت به‌ به‌شداریكردنی هه‌موو حزب و لایه‌نه‌كان و ئاشته‌وایی هه‌موو قه‌واره‌كان و هه‌وڵ بدرێت متمانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ نمایشی ئیستیفزازی دووربكه‌ونه‌وه‌، چونكه‌ عیراق پێویستی به‌ به‌رنامه‌ و ستراتیژه‌. ئێستا ئه‌وه‌نده‌ كار بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو و به‌ده‌ستهێنانی كورسیی په‌رله‌مانی ده‌كرێت، كه‌متر بیر له‌ دۆزینه‌وه‌ی ده‌ریچه‌ ده‌كرێت له‌م هه‌موو قه‌یرانانه‌ی یه‌خه‌ی حكومه‌ت و هاووڵاتیانی گرتۆته‌وه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن