ناسنامەی ١٠٤ رووفاتی قوربانیانی ئێزدی لە شنگال ئاشکرا کرا
09:38 - 27/11/2020
"زەمەن"
کارەکانی ناسینەوەی رووفاتی ١٠٤ کەس لە قوربانیانی ئێزدی لە شنگال کە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کوژراون، تەواوکرا.
زەید عەلی عەباسبەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دادپزیشکی بەغدا، ، رایگەیاند، وێڕای بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کارەکانی ناسینەوەی رووفاتی ١٠٤ کەس لە قوربانیانی ئێزدی لە شنگال کە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کوژراون، بە رێگەی پشكنینی (DNA) تەواو کرا.
زەید عەلی عەباس لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە رووفاتەکان لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە ئامادەبوونی سەرۆک هۆزەکانی ئێزدی و نوێنەرانی لیژنەی هەماهەنگی نیشتمانی و فەرمانگەی دادپزیشکی سەربە وەزارەتی تەندروستیی و فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان سەربە دەزگای شەهید لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەوانەی رۆڵیان هەبووە لە پاڵپشتیکردنی کارەکان بۆ ناسینەوەی رووفاتی ئەو قوربانیانە، لەوانە تیمی لێكۆڵینهوەی نێودەوڵەتی له تاوانهكانی داعش سەربە نهتهوه یهكگرتووهكان UNITAD و رێکخراوی کاروباری بێسەرو شوێنبووان ICMP، هەروەها نوێنەری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی هەرێمی کوردستان، رادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دادپزیشکی بەغدا راشیگەیاند، پرۆسەی رادەستکردنەوەی رووفاتی قوربانییەکان بە کەسوکاریان رۆژی ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە قەزای شنگال سەربە پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەچێت.