926 کەلتور

خۆکووشتنی ژەنەراڵ و کەسێتی چەمکسازیی

10:02 - 14/10/2020

حسێن لەتیف

سەرئەنجام ساڵێک لەمەوبەر ئەو بڕیاری خۆی دا.چاوەڕوانی ئەوەی نەکرد لەسەر شانۆی ژیان پەردەی لێدابدرێتەوە،بەڵکو خۆی پەردەکەی لە سەر خۆی دادایەوە. ئەو زانی هاتن بۆ سەر تەختەی شانۆیەک ناوی ژیانە،هەڵبژاردەی خۆی نییە،بەڵام ڕۆشتن دەبێت ئیشی خۆی بێت،بژاردەی خۆی بێت. "ژیان بەرهەمی ڕێکەوتە"،فەلسەفەکاری میسری عەبدولڕەحمان بەدەوی لە دایک بوونی خۆی بە ڕێکەوتێک دەزانێت،کەبەهۆی کەوتنە خوارەوەی کاغەزێک لەدەستی باوکی،باوکی لە هەوڵێکی کووشتن ڕزگاری بووەو ئەو فیشەکەی ئاڕاستەی کراواە بە هەوادا ڕۆشتووە،چل مانگ پاش ئەو ڕووداوە لەبەیەکگەیشتنی سپێرمی پیاو و هێلکۆکەی مێینەدا عەبدولڕەحمان بەدەوی لەدایک بووە. لێرەدا دەبێت بڵێین سوپاس بۆ ئەو ڕێکەوتە ئەگینا ئێمە لە کەلەپوورێکی فەلسەفی بێ بەش دەبووین.

بەهەمان شێوەی عەبدولڕەحمان بەدەوی،ژەنەراڵی پایزیش بەرهەمی ڕێکەوتی سپێرمی باوک و هێلکۆکەی دایکێک بوو،دیسانەوە سوپاس بۆ ڕێکەوت ئەگینا ئێستا ئێمە لە دیوانێک شیعرمان کەم بوو. بە پێچەوانەی لەدایک بوون کە ڕێکەوتە،ئەو بڕیارە قورسەکەی داو چارەنووسی خۆی هەڵبژارد.دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەو مەرگە ڕابکێشم.لەنووسینێک تردا مەرگەکەیم وەک شیعرێک ناساند،ئەمە ستایش کردنی مەرگ و خۆکوشتن نییە،هێندەی هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە شیعری ئەو لە ڕێگای مەرگەکەیەوە.ئەمەش بە گەڕانەوە بۆ چەمکی کەسێتی چەمکسازی دولۆزی،ئەو چەمکە دۆلۆزییە کۆمەکمان دەکات بۆتێگەیشتن لە ڕەهەندە شیعرێکەی خۆکووشتنی ژەنەراڵ. جیل دولوز و گۆتاری پێکەوە لە وەڵامی پرسیاری (فەلسەفە چییە؟) دا، باس لەوە دەکەن فەلسەفە داهێنانی چەمکە،بەپێچەوانەی گشت ئەو پێناسانەوە بۆ فەلسەفەکراون لە مێژووی فەلسەفەدا.هەندێک فەلسەفە بە خۆشەویستی بۆ دانایی پێناسە دەکەن،هەندێکی تر بەبیرکردنەوە،هەندێکی تر بە هونەری پرسیار کردن.ئەم دوو فەیلەسوفە نوێیە فەرەنسا،پێناسەیەکی تریان بۆ فەلسەفە خستە ڕوو،ئەویش خولقاندنی چەمکە.چەمک بە واتای ئەو چوارچێوەی بۆچوونەکان ڕزگار دەکات لەوەی بەتەنها زۆر وتن بن،بەڵکو دەیانکات بە مەعریفە. زیاتر لەوەش کە فەلسەفە داهێنانی چەمک بێت ،فەیلسووفیش بە داهێنەری چەمک،یان چەمکساز ناو دەبەن.کەواتە فەیلەسووف کەسێکی چەمکسازە.

 

فەیلەسوف کەسێتیەکی چەمکسازیی هەیە.بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمەش قسە لەسەر فەلسەفەی نیتشە و ژیانی دەکەن.بەباوەڕی دولۆز لە کتێبێکی دا بەناوی"نیتشە"،نیتشە زیاتر لەکەسێتیەکی چەمکسازی هەبووە، زرادەشت،عیسا،سۆکرات،ئەمانە کەسێتییە چەمسازێکانی نیتشە بوون،لەپەنای ئەوانەوە دیدە فەلسەفێکانی دەربڕیووە. لە پەنای عیساوە قسەی لەسەر ئاین کردووە،لە پەنای سۆکراتەوە قسەی لەسەر حەقیقەت کردووە،ئینجا "شێتێ"کەسێتییەکی تری چەمکسازی ئەو بوو،بەڵکو شێتیی دواین کەسێتی چەمکسازیی ئەو بوو. لەکتێبی "عەقڵی شیعری"دا،ئاماژەم بۆئەوە کردووە ئەگەر فەلسەفە داهێنانی چەمک بێت ،ئەوا شیعر داهێنانی وێنەیە،ئەگەر فەیلەسووف چەمکساز بێت ئەوا شاعیر وێنە سازە،ئەگەر چەمک بۆ گواستنەوەی دیدگاکان بێت لە ڕووبەری بۆچوونەوە بۆ ڕووبەری مەعریفە،ئەوا وێنە گواستنەوە دیدگاکانە لە چوارچێوەی دەقەوە بۆ شیعر،شیعر بە واتا داهێنەرانەکەی. ژەنەراڵی پایز بۆ بەرهەمهێنانی وێنەی شیعری، کەسێتی وێنەسازی هەیە.

 

لەشیعرەکانی بۆ " یەسەنین،بابە تاهیر،ڤانکوخ ،نوح"،لە پەنای هەریەک لەو داهێنەرانەوە دیدەکانی خۆی لە فۆرمی شیعر دا خستە ڕوو.بەهەمان شێوەی نیتشە کە لەپشت زەرادەشت وعیسا و سۆکراتەوە فەلسەفەکەی ڕاگەیاند. دواین کەسێتی چەمکسازی نیتشە شێتی یەکەی بوو،دواین کەسێتی وێنەسازی ژەنەراڵیش خۆکووشتنەکەی بوو.نیتشە بەهۆی کەسێتی چەمکسازیی شێتیەکەوە لەکۆمەڵگە دوورخرایەوە،ژەنەراڵی پایز گریمانی ئەوەدەکەم بە هۆی دواین کەسێتی وێنەسازێکەیەوە،بەجۆری تر لەدایک ببێتەوە،با چاوەڕوان بین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن