نۆ پرسیار لە وەزیری ڕۆشنبیری
10:56 - 26/09/2020
د. بەختیار سەجادی
سپاسی فراوانی بەڕێز کاک محەمەد سەعید، وەزیری ڕۆشنبیری، وەرزش و لاوان دەکەم بۆ ئەو میواندارییە کوردانە و بۆ ئەو پێشوازییە گەرموگوڕەی لە ماڵی خۆیان پێشکەشی کردین. لە دانیشتنێکی تێروتەسەلدا ئەم پرسیارانەی خوارەوەم ڕووبەڕووی جەنابیان کردەوە، بەو هیوای هەوڵی جیدیی بدرێ بۆ چارەسەرکردنیان:
۱. لە ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە دروستی دەستەواژەی ministry of culture بۆ وەزارەتی ناوبراو دانراوە کە لە کوردیدا دەبێتە وەزارەتی فەرهەنگ یان وەزارەتی چاند، یان تەنانەت وەزارەتی کولتوور، کەچی ناوی وەزارەتەکە "ڕۆشنبیری"یە!! دیارە ئەرکی گۆڕینی ناوی وەزارەتەکان دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام پێویستە هەمووان ئاگاداری ئەو پرسە بن کە بەکارهێنانی فرەپاتی وشەگەلی "ڕۆشنبیر" و "ڕۆشنبیری" بەو واتا دیاریکراوەوە گەلێک کێشەی لە هەرێم و کەواتە لە زمان و مەعریفەی کوردی دروست کردووە.
۲. ئەو کتێبانەی لە هەرێمی کوردستان بڵاودەبنەوە خاوەنی ISBN نین و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کتێبی کوردی (یان هەر کتێبێکی تر کە لە هەرێم چاپدەکرێ) وەک دوورگەیەکی دابڕاو لە جیهانی چاپەمەنیی دنیای ئەمڕۆ سەیر بکرێ. هەر بە هەمان شێوە، لاپەڕەی ناسنامەی کتێبە چاپکراوەکانی هەرێم بە هیچ شێوەیەک هەڵگری مۆرک و زانیارییە پێویستەکان نین (وەک ژمارەی کتێبخانەی کۆنگرە و دیووئی یان DDC و یاخود ژمارەیەکی وەک فیپا بۆ پێڕستنووسینی بەر لە بڵاوبوونەوە).
۳. هیچ گۆڤارێک لە هەرێمدا خاوەنی ISSN نییە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی نەک هەر گۆڤارەکانی هەرێم و بەڵکوو تەنانەت گۆڤاری زانکۆکانی هەرێمیش لە دنیای دەرەوە داببڕێن. گەرچی کاروباری ژورناڵی زانکۆکان لە ئەستۆی وەزارەتی خوێندنی باڵادایە، بەڵام ئەرکی دابینکردنی ISSN بۆیان دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی ڕۆشنبیری.
٤. لە سەرتاسەری هەرێمدا یەک بنکەی زانیاری ئەلکترۆنیک بۆ نڤیساری کوردی لە ئارادا نییە.. وەزارەتی ڕۆشنبیری وەکوو هەنگاوی یەکەم دەتوانێ ماڵپەڕێکی گشتگیر دابنێ بۆ نوانەکردنی سەرجەم ئەو گۆڤارانەی لە هەرێم دەردەچن. لە قوناغی دووەمدا دەکرێ و پێویستیشە سەرجەم گۆڤارە کوردییەکانی دەرەوەی هەرێمیش لەو ماڵپەڕەدا کۆبکرێنەوە.
۵. لە هەرێمی کوردستاندا ماڵپەڕ یان بڵاوکراوەیەکی هەرچەند بچووکیش بێت دەربارەی کتێب و ڕانانی کتێب دەرناچێ. تەنانەت کەس نازانی ژمارەی کتێبە بڵاوکراوەکان لە هەرێمدا لە قۆناغە زەمانییە جیاجیاکاندا چەندە!
٦. لە کاتێکدا دەیان دەزگا و گۆڤار و ماڵپەڕ بۆ گەشەپێدانی فیلم و سینەما لە وڵاتانی دراوسێ دانراون، بەوپەڕی سەرسووڕمانەوە هیچ بڵاوکراوەیەک دەربارەی فیلم و سینەما لە هەرێمی کوردستان دەرناچێ و پێویستە هەوڵی جیدی بدرێ بۆ وەشانی بڵاوکراوەیەکی لەو چەشنە و ئەرکەکەش لە ئەستۆی وەزارەتی فەرهەنگدایە.
۷. وەزارەتی فەرهەنگ (واتە، "ڕۆشنبیری") دەبێ لە ڕۆژنامە و کاناڵەکانی ڕاگەیاندن گەورەتر و بەهێزتر بێ، بەڵام لە هەرێمدا ڕۆژنامە و کاناڵەکانی حیزبەکان لە وەزارەت دەستڕۆیشتووتر و دەسەڵاتدارترن. وەزارەتی فەرهەنگ (واتە، ڕۆشنبیری) پێویستە کومەڵێ ڕێسا و ڕێنمایی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەربکات لە پێناوی گەشەپێدان و بووژانەوەی فەرهەنگ و هونەری کوردی. هەندێ کاناڵی رادیۆیی و تەلەڤیزیۆنی لە هەرێمی کوردستان ئێستاشی لەگەڵدابێ دژایەتی سروودی ئەی ڕەقیب دەکەن و بڵاوی ناکەنەوە.
۸. گەرچی بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی زانستی ئەرکی سەرەکیی زانکۆکانە، بەڵام وەزارەتی فەرهەنگیش (واتە، "ڕۆشنبیری") دەتوانێ و پێویستە کۆمەڵێ کۆنفرانسی رێکوپێک و بە پێی پێوەرەکانی دنیای ئەمڕۆ سەبارەت بە لایەنە جیاجیاکانی فەرهەنگ و هونەر و ئەدەبی کوردی ساز بکات و ئیتر خۆی لەو نەریتە سونەتی و نازانستییە دەربازبکات کە لە هەرێم بە "دیدار" ناسراوە. بو ئەو مەبەستە، سەرەتا داوای پوختەی توێژینەوە بکەن و پاشان لێژنەی هەڵسەنگاندن بڕیار بدات نەک ئارەزوی تاکەکەسی. بێجگە لەمەش، تا ئێستا باس و وتارەکانی هیچ کۆبوونەوە و "دیدار"ێکی وەزارەتی "ڕۆشنبیری" لە هەرێم بە شێوەی Proceedings لە هیچ شوێنێکی جیهان دەرنەکەوتووە.
۹. لەم سەردەمەی ئێستا و بە تایبەت لە قۆناغی کۆرۆنادا پێویستە دەیان خولی سەرهێڵ لە لایەن پسپۆڕانی چاند و زمان و هونەر و ئەدەبی کوردییەوە و لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی وەزارەت بۆ خوازیاران و فێرخوازانی لقە ئەدەبی و هونەرییەکان بەڕێوەبچن، بەڵام وەبیرمان کەوتەوە وەزارەت تەنانەت بۆخۆشی ماڵپەڕی نییە چ بگات بەوەی خولی ئانڵاین بەڕێوە ببات!