1101 کەلتور

کێشەی ناوەڕۆک ...کێشەی تەکنیک

10:51 - 25/09/2020

هەر کەسێ نادان نەبێت، خۆی تالیبی مەعنا دەکات- نالی
حسێن لەتیف

 هیچ دەقێکی ئەدەبی،شیعر،چیرۆک،ڕۆمان،شانۆنامە، بەبێ ناوەڕۆک بوونی نییە.هەردەقێکی بێ ناوەڕۆک لە جەستەیەکی بێ گیان زیاتر نییە.تەکنیک جەستەیە، ناوەڕۆک گیانە.ئەو دیدگای پێی وایە تەکنیک لە پەیام گرنگترە یان پەیام لە تەکنیک گرنگترە،لەخۆیدائاماژەیە بۆ بەرچاو لێڵی خاوەن دیدگاکە لەبارەی دەقەوە. ئەو دەقانەی ناتوانن هاوسەنگی نێوان ناوەڕۆک و پەیام ڕا بگرن لە بنەڕەتەوە بە ناکامڵی بەرهەمهێنراون.بنەڕەتەکەش ئەوەیە خودی دەقنووس هەڵەیەک لە ڕوانینی دا هەیە،بۆ پەیام و بۆ تەکنیک. تەکنیک لە هەموو دەقێکی ئەدەبی دا کارکردنە لە زمان دا،چونکە دەق جەستەیەکی زمانی یە. هەموو کارکردنێک لە زماندا کاریگەری لەسەر پەیام هەیە.ئەگەر دەق پەیامی تیێدانەبێت هەموو گەمەیەکی زمانی دەبێتە جۆرێک لە گەمەکردنێکی میکانۆیانە. چێژێکی کاتی جێدەهێڵێت. * "شیعری ڕۆژئاوا،شیعری تەکنیکە،سارد و سڕە،شیعری ڕۆژهەڵات شیعری مەعنایە،گەرم و گوڕە". ئەدۆنیس بەو جۆرە جیاوازی لەنێوان شیعری ڕۆژ هەڵات و ڕۆژ ئاوا دەکات. پێویستە شیعری ڕۆژئاوا گرنگی بەمەعنا و ناوەڕۆک بدات،شیعری ڕۆژهەڵاتیش گرنگی بە تەکنیک بدات.هەرچەندە ئەو بۆچوونەی ئەدۆنیس تاڕادەیەکی زۆر حوکمدانە و حوکمدانەکەیش گشتگیرە،چونکە نەڕۆژئاوا یەک جۆرە لەئەدەبیات و نەڕۆژهەڵاتیش یەکئەدەبیاتی سنووردارە،بەڵکو بەقەد جیاوازی زمانە ڕۆژئاواییەکان ئەدەبی جیاواز لەڕۆژئاوا بەرهەم هێنراوەو دەهێنرێت، لە ڕۆژهەڵاتیش بەهەمان شێوە،حوکمدانێکی لەو جۆرە، دووبارەکردنەوەیەکی ناڕاستەوخۆی زۆرێکلەو ڕۆژهەڵاتناسانەیە کە بەبێ جیاوازیکردن لەنێوان کەلتورە ڕۆژهەڵاتیەکاندا حوکمیان داوە بەسەر هەموو ڕۆژهەڵات دا. لەکاتێکدا نەکۆمەڵگەی هندی لە کۆمەڵگەی چینی دەچێت و نەکۆمەڵگەی چینی لە کۆمەڵگەی عەرەبی دەچێت، هەریەکەیان خاوەنی شارستانێتی خۆیانن. هەریەکەشیان شیعر و ئەدەبیاتی تایبەتی خۆیان بەرهەمهێناوە،بۆیە حوکمدانێکی لەو جۆرە جۆرێک نالۆژیکی پێوە دیارە. نەک لەنێوان شارستانێتەکاندا بەراوردکردنی جیاوازی شیعر جۆرێکە لەمەحاڵ، بەڵکو لەناو ئەدەبێکی دیاریکراویشدا دەبێت خۆمان لە حوکم دان بپارێزین. بپێچەوانەی ئەدۆنیسەوە، شاعیر وڕەخنەگری عێراقی خەزعەل ئەلماجدی دەڵێت"لەناو شاعێرانی ڕۆژئاواییدا،لای بۆدلێر و گۆتە و هۆگۆ،کەدەیانخوێنمەوە،گوێم لەترپەی دڵی مەولانای ڕۆمییە. خەعەل ئەلماجدی لەناو شیعری ڕۆژئاوادا، کەئەدۆنیس بە شیعری تەکنیک ناوی دەبات، گەرم و گوڕییەکی ڕۆژهەڵاتیانە،ڕۆحیانە هەست پێدەکات.لەشیعری سویدیش دا، گۆننار ئیکیلۆف، بەبەردەوامی خوێنەری دیوانەشیعری ئیبن عەرەبی بووە. شاعیرانێک هەن کەتوانیوویانە تەکنیک و مەعنا پێکەوە کۆ بکەنەوە.

 

ئەگەر ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا،دوو سەرزەمینی دوور و جیاوازی سیاسی بن ،ئەوا لەشیعردا کۆبوونەتەوە،لانی کەم لەتێکستەکانی ئەوشاعیرانەی ناومان هێنان... * بۆئەوەی؟ ستەم لە شیعر وشاعیر نەکەین،دەبێت خۆمان لە حوکم دان بپارێزین.کاتێک دەڵێن شیعری باشوری کوردستان شیعری ناوەڕۆک و مەعنایە و شیعری ڕۆژهەڵاتی کوردستان شیعری تەکنیکە،دەبێت نەخشەی شیعریی هەردوو جوگرافیاکەمان لەبەردەست دابێت.بۆ ئەوەی نەکەوینەوە هەڵەی ڕۆژهەڵاتناسەکان و دووبارەکردنەوەکەی ئەدۆنیسەوە. چونکە نەشیعری باشووری کوردستان بریتییە لەیەک هەوڵ و نە شیعری ڕۆژهەڵاتیش.حوکمی لەوجۆرە تووشی هەڵەی لۆژیکیمان دەکات. *  بەپێچەوانەی ئەدۆنیس و ئەوانەی ناوکوردستانیشەوە بیر لەو پرسە شیعرییە دەکەمەوە.هەموو شیعرێک هەوڵی دۆزینەوەو داڕشتنی تەکنیکی خۆی دەدات بۆ بەرهەم هێنانی مەعنا و گەیاندنی پەیام. کاتێک ئێمە شیعر وپەخشانە شیعر و هایکو دەنووسین،هەمووی هەوڵە بۆتاقیکردنەوە و ئەزموونکردنی تەکنیکی نوێ ،بە خشینی فۆرمی جیاواز بۆئایدیا وگوتاری شیعرییمان * شیعری باشوری کوردستان،بە تەنها شیعری مەعنا نییە،لە قۆناغی گۆرانەوە تائەمڕۆ،چەندین شاعیر ئەزموونی جیاوازیان کردووە،گروپی کفری وڕوانگە و دەرەوی ڕوانگەش،شاعیرەکانیان لە دیوانێکەوە بۆ دیوانێکی تر تەکنیکی جیاوازیان تاقیکردووەتەوە.ئەوەی پێی وایە شیعری باشووری کوردستان شیعری مەعنایە بەتەنها، ئاگای لە دیوانی "خواوشارە بچکۆلانەکەمان"ی لەتیف هەڵمەت و دیوانی"پرۆژەی کۆدەتایەکی نهێنی " فەرهاد شاکەلی و "گینگڵ"ی شێرکۆ بێکەس و "زریان"ی ئەنوەر قادر نییە، ئاگای لە هەوڵی شاعیرە تەلیعیەکانی هەولێر و ئەزموونی زناک لەنەوەدەکان دا نییە. چۆن پڕکێشی ئەوە دەکەن حوکمی لەوجۆرە بدەن کاتێک دیوانی "زەردک"ی ئەحمەدی مەلایان نەخوێندووەتەوە. کاتێک ئاگایان لە شیعری ئەنوەر مەسیفی و سەباح ڕەنجدەر و فەرهاد پیرباڵ نییە! * شیعری باشووری کوردستان ،لە سەردەمی نالییەوە، لەئەوەی پێی دەوترێت پیشەسازی زمانی( سەنائیعی لەفزی) یەوە،سەروکاری لەگەڵ تەکنیک هەیە. * شیعری باشوری کوردستان، ڕاپۆرت و وتاری ڕۆژنامەیی نییە، شیعری ڕۆژهەڵاتیش ئەو تەلارە ئەفسوناوییە نییە نەزانیین لەسەر چ سەر زەمینێک خۆی بونیاد دەنێت. * نەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هەرکوێ دێڕێکی جوان بنووسرێت، خۆم بە خاوەنی دەزانم،هەموو جواننووسەکانی ناو ئەدەبە جیاوازەکانی دونیا ، بەهاوڕێی خۆم دەزانم.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن