796 کوردستان

تەندروستیی هەولێر: نەخۆشخانەی راپەڕین نادرێتە کەرتی تایبەت

02:24 - 25/09/2020

  "زەمەن" 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، "ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە کە باسی گۆڕینی نەخۆشخانەکە بۆ کەرتی تایبەت دەکەن."


لە راگەیەنراوێکدا تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، "وەکو ڕوون و ئاشکرایە کە نەخۆشخانەی ڕاپەرینی منداڵان لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بووە بۆ چارەسەرکردنی منداڵانی نەخۆشی شاری هەولێر و دەوروبەریو لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی زۆربوونی ژمارەی نەخۆش و ڕووتێکردنی نەخۆش لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان و کەمی ژمارەی قەروێڵەکان لەم نەخۆشخانەیە کە بە تایبەت لە وەرزی زستان نەخۆشێکی زۆر دەخەوێندران لەم نەخۆشخانەیە. بۆیە لە لایەن خێرخوازێکەوە دەستکرا بە پڕۆژەی دروستکردنی بینایەکی نوێی و سەردەمیانە لە نێو نەخۆشخانەی ڕاپەرین کە دەبێتە بەشێک لەنەخۆشخانە تاوەکو بتوانرێت شوێنی زیاتر بڕەخسێنرێت بۆ نەخۆشی خەوێندراو لەم نەخۆشخانەیە."

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم نەخۆشخانەیە بە تایبەت بینای نوێی نۆژەن کراو لە خزمەتی نەخۆشان دەبێت بە بێ بەرامبەر و هەروەها بەشێکە لە نەخۆشخانەی ڕاپەرین و ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستی کە باسی گۆڕینی بۆ کەرتی تایبەت دەکەن."

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر کاتێك خێرخوازێك یاخود سەرمایەدارێك باڵەخانەی نەخۆشخانەیەك یا بنکەیەکی تەندروستی یا هەر بینایەک دروستبکات لەسەر داوای خۆیان هەر ناوێك کە داوابکرێت وەردەگیرێت و دادەنرێت بۆ بیناکە بەڵام دانانی ئەم ناوە بەهیچ شێوەیەك بەو واتایە نیە کە دەبێتە نەخۆشخانەیەکی تایبەت.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "ئەم باڵەخانەیە بەهەمان شێوە بەشێك لە نەخۆشخانەی ڕاپەڕین دەبێت و بۆ خزمەتی کەرتی گشتی و منداڵان دەبێت بەشێوەی بێ بەرامبەر."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن