کوردستان

محه‌مه‌د حه‌كیم: ته‌نها گۆڕان و كۆمه‌ڵ پشتگیری ریفراندۆمیان نه‌كرد

09:47 - 25/09/2020 306 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن – سلێمانی
كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان رایگه‌یاند: جێی خۆیەتی ئەم پرسە شەن و کەو بکرێ و ھەڵوێستەی لەسەر بكرێت و سەرپێیانە لێی نەڕوانین و بەموزایەدەو هێرشكردنە سەر یەكیش كارته‌كان تێكه‌ڵ نه‌كه‌ین.


محه‌مه‌د حه‌كیم به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی ریفراندۆمه‌وه‌ ئاشكرایكرد كه‌ پێویستە بەرپرسیارێتیی ھەمووان لەو پرسەدا دیاری بکرێت، بەھەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامیشەوە، کەڕەنگە ھەندێك رەخنەو گلەییان ھەبێ لەسەر دوابڕیاری حیزبەكەمان بەدەنگدان بە"بەڵێ" بۆ ڕیفراندۆم لەڕۆژی ڕاپرسییەکەدا.

كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ "دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت كە پشتگیری ھەموو لایەنەکان جگە لە (گۆڕان و کۆمەڵ) لە بڕیاردان لەسەر ڕیفراندۆم لەلایەك و بریاڕو پشتگیری یەكیەتی لە لایەكیتر، ڕوونتر بڵێم پشتیوانی هێزەكانیتر ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەدەبوو، بەراورد بەپشتگیرییەکەی یەکێتی نیشتمانیی".

ده‌قی نوسینه‌كه‌ی محه‌مه‌د حه‌كیم:

ئایا یەكیەتی ڕیفراندۆمی كرد؟
لەساڵیادی ڕیفراندۆمدا، جێی خۆیەتی ئەم پرسە شەن و کەو بکرێ و ھەڵوێستەی لەسەر بكرێت و سەرپێیانە لێی نەڕوانین و بەموزایەدەو هێرشكردنە سەر یەكیش كارته‌كان تێكه‌ڵ نه‌كه‌ین، بۆیە پێویستە بەرپرسیارێتیی ھەمووان لەو پرسەدا دیاری بکرێت، بەھەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامیشەوە، کەڕەنگە ھەندێك رەخنەو گلەییان ھەبێ لەسەر دوابڕیاری حیزبەكەمان بەدەنگدان بە"بەڵێ" بۆ ڕیفراندۆم لەڕۆژی ڕاپرسییەکەدا.

هاوڵاتیان و چاودێران و چالاكان مافی خۆیانە لەسەر ریفراندۆم كە لێكەوتەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا قسەیان ھەبێت، بەڵام دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت كە پشتگیری ھەموو لایەنەکان جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ لە بڕیاردان لەسەر ڕیفراندۆم لەلایەك و بریاڕو پشتگیری یەكیەتی لە لایەكیتر، ڕوونتر بڵێم پشتیوانی هێزەكانیتر ھیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەدەبوو، بەراورد بەپشتگیرییەکەی یەکێتی نیشتمانیی، چونکە یەکێتی دەیتوانی ڕێگربێت و نەھێڵێت ئەم ڕیفراندۆمە بکرێت، ڕەنگە بپرسن چۆن؟

چونكە یەكێتی حاكمی موتڵەقی سنووری خۆیەتی و ئەو ناوچەیە لە هەموو روویه‌كه‌وه‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، یەكێتی نیشتیمانیی وەکو چۆن توانیویەتی دەزگاکانی ئاسایش و زانیاری و دژەتیرۆرو داھات و پێشمەرگەو گومرکی جیای هەبێت لەزۆنی سەوزدا، بەو شێوەیەش دەیتوانی بۆ ڕیفراندۆم بڵێت نابێت و ناکرێت و نابمە بەشێك لەو بڕیارە، لانیکەم لەکەرکووک و ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، بەڵام ئەو کارەی نەکردو دواتر ھەر یەکێتی خۆی باجەکەیدا، بەتایبەتی لە که‌رکوک ، پێش چەند ڕۆژێک لەڕاپرسییەکەی ٢٥-٩ بە شاندی یەکێتیمان وت - کە ھاتبوونه‌ سەردانمان – بۆ مێژوو پێتان ده‌ڵێین، دڵنیابن کەرکوکتان لەده‌ست ده‌رده‌چێت ودواتریش لەڕاگەیاندن ئه‌ڵێین پێمان وتن .

پاساوی جیاوازیی ڕاوبۆچوونی ناو یەکێتی، ئەو حیزبە لەو بەرپرسیاریەتییە مێژوویە ناپەڕێنێتەوە،هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ تێگه‌یشتووین له‌و قۆناغی راگوزه‌ره‌ی یه‌كێتیی ، به‌ڵام ئه‌و دۆخه‌ تایبه‌ته‌ش ناتوانێت شانی یه‌كێتیی له‌ژێر باری ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ مێژووییه‌ خاڵیی بكات.

هیواخوازم یەکێتی تەنیا لەکاتی بوونی ھەڕەشەو مەترسیی بۆ سەر بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خاوەنی هه‌ڵوێستی (نا) نەبێت ! بەڵكو بەزانستیانه‌و دانایانه‌ به‌مێژووی نزیكییدا چوبێتەوە، بەتایبەتیی بە"نەخێر"و "بەڵێ"كانیدا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement