1370 ناوچەی

ئایندەی کاری فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغداد

11:44 - 13/02/2019

زەمەن پرێس:
 فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە كاری پێكەوەیی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانو دامەزراوەكانی تری دەوڵەتی عێراقدا، چەند لایەنێك بەباشی دەزانن هاوپەیمانێتییەكی هاوبەشیان هەبێت بۆ ئەوەی كورد بەقورسایی لە بەغداد دەربكەوێت،  بەڵام هەندێكی تر دەڵێن: زۆرو كەمیی فراكسیۆن گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە كۆدەنگییە لە پرسە چارەنووسسازەكاندا، لایەنی تریش جەخت دەكاتەوە لەوەی، هەتا یەكڕیزیی لەناوخۆی هەرێمدا دروست نەبێت، مەحاڵە رەنگدانەوەی لە عێراقو دەرەوەدا هەبێت.

د. جوان ئیحسان سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە (زەمەن)ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی كورد كێشەیەكی نەتەوەیی و سیاسیی هەیە لەعێراقدا، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە لە بەغدا بن، وتیشی: “رەنگە لە هەندێك بابەتی ئیداریدا جیاوازی هەبێت لەنێوان لایەنەكاندا، بەڵام بۆ پرسە چارەنوسسازەكان بەخۆشیی خۆیان نییەو هەرلایەنێک پێچەوانەی خواستەكانی گەلی كورد هەنگاو بنێت، ئەچێتە خانەی خیانەتەوە”.

لەلایەكی دیكەوە د. ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەكرد، كاری پەرلەمانیی پێویستی بەكۆدەنگیو كاری تیم هەیە، بەو پێیەش كە كورد 18%ی كۆی پەرلەمانی عێراق پێكدەهێنێت، كەمتر لە یەك لەسەر پێنجی كورسییەكانی ئەنجومەنەكەی بەدەستەوەیە، بەڵام بەوتەی ئەو: “ئەگەر لایەنە كوردییەكان پێكەوەبن، ئەوا دەتوانن كاری زۆر بكەنو ئەو پرۆژەیاسایانە تێپەڕێنن، كە دەبنە هۆی پاراستنی مافو داخوازییە دەستوورییەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان”.

وتیشی: “ئێستا ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا گوزەر دەكات، بۆیە پێویستە كورد بەوریایی مامەڵە بكاتو یەك دەنگو یەك هەڵوێست بێت، بۆ ئەوەی كاریگەریی لەسەر ناوەندەكانی بڕیاری عێراق دروست بكەن”.

هەندێك لە فراكسیۆنەكانی تر بۆچوونیان وایە، گرنگ نییە لایەنە كوردستانییەكان بەچەند فراكسیۆن بەشداریی پرۆسەی سیاسی دەكەن، بەڵكو گرنگتر لەوە پێویستە ئەو لایەنانەی كە ژمارەی كورسییەكانیان زیاترەو دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانیان بەدەستەوەیە، بەبێ ئاگاداریی لایەنەكانی دیكە، مامەڵە بە دۆزی كوردەوە نەكەن.

جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو جەختی لەوە كردەوە، بەدەستهێنانی مافو داخوازییەكانی گەلی كورد لە عێراق بە كوردایەتی دەكرێت نەك بە حزبایەتی، روونیشیكردەوە، واقعی كوردی ئێستا لە بەغداد پەرت و بڵاوەو ئەوەش بوەتە هۆی زیانگەیاندن بە پێگەی كورد.


بەوتەی جەمال كۆچەر، مەرج نییە لایەنە كوردییەكان لەناو یەك هاوپەیمانێتیدا بن، بەڵكو زۆر گرنگە پارتی و یەكێتی سازش بۆ لایەنەكانی دیكە بكەن و پێكەوە بڕیار لەسەر پرسە هەستیارو گرنگەكان بدرێت، وتیشی: “بەهۆی ململانێی نێوان پارتی و یەكێتی، كورد وەزارەتێكی لەدەست داوەو پشكی هەرێمیش لە بودجە لە 17%ەوە كەم كراوەتەوە بۆ 12.6%”.

لای خۆیەوە سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی بۆ (زەمەن)ی روونكردەوە، لایەنە كوردییەكان یەك گوتاری و یەكڕیزیی بەهێزتریان دەكات و نوێنەرایەتیی كورد بەهێزتر دەبێت لە بەغداد، وتیشی: “ئەگەریش نەبینە یەك هاوپەیمانێتیی، ئەوا پێویستە بۆ پرسە نیشتمانییەكان یەك هەڵویست بن و بەوەش سەركەوتوو دەبن”.

هەندێك لایەنی دیكەی كوردی بۆچوونیان وایە، پارتی و یەكێتی بەرپرسن لە پەرتەوازەبوونی ناوماڵی كورد لە عێراق، بۆیە پێویستە ئەو دوو لایەنە بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و چیتر پرسە نیشتمانیی و چارەنوسسازەكان نەكەن بە قوربانیی خواستەكانی خۆیان.

رابون مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە (زەمەن)ی راگەیاند، دەكرێت لە هەندێك پرسدا فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەمان بۆچوون و هەڵوێستیان هەبێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە بۆ سەرجەم پرس و بابەتەكان هاودەنگ بن، وتیشی: “پەرتەوازەبوونی لایەنە كوردستانییەكان بەرهەمی ئەو دابەشكارییە نەتەوەیی و تائیفیەیە كە عێراقو هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، یەكڕیزیی نیشتمانیش چەترێك بووە هەموو حزبە سیاسییەكانی بە ئاراستەی ئەجێندا سیاسییەكانی پارتی كۆكردۆتەوە”.

روونیشیكردەوە، ئەوان ئەو جۆرە بەناو یەكڕیزییە نیشتمانییە رەت دەكەنەوە، كە لەسەر بنەمای تەنگەبەری تائیفی و نەتەوەیی پێكبێت، چونكە پارتی و یەكێتی بەشێك بوون لە گرفتەكان نەك چارەسەر، بۆیە هیچ ئەجێندایەكیان نییە كە لەگەڵ ئەو دوو حزبە كۆیان بكاتەوە.

لەلایەكی دیكەوە د.بەهار مەحمود پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد، ئەو یەكڕیزییەی باسی لێوە دەكرێت كە پێویستە لە بەغداد هەبێت، پێویستە سەرەتا لە هەرێمی كوردستانەوە دەست پێبكات.
وتیشی: “ناكرێت پارتی و یەكێتی لە هەڵبژاردنەكاندا تەزویر لە لایەنەكانی دیكە بكەنو بەزەبری چەك خۆیان بسەپێنن، بەڵام لە بەغداد داوای یەكڕیزی بكەن”.

جەختی لەوەش كردەوە، نابێ پارتی و یەكێتی نیشتمانپەروەریی بە لایەنەكانی دیكە بفرۆشنەوە، چونكە بۆ پرسە نیشتمانیی و چارەنوسسازەكانی پەیوەست بەگەلی كوردستان، هەموو لایەنە كوردستانییەكان زیاتر لەو دوو حزبە بەرگری لە خەڵكی هەرێم دەكەن.

لەلایەکی ترەوە د. ڕێبوار کەریم پەرلەمانتاری کورد لە عێراق جەختی لەوە کردەوە، یەکڕیزی پەیوەستە بە ئاستی شەفافیەت و بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە پرسە چارەنوسسازەکاندا، ئەو وتی: پەرلەمانتارەکان وەکو تاک گرفتیان نییە لە بابەتە نیشتمانییەکاندا، بەڵام لایەنە سیاسییەکان پێویستیان بە ڕێکەوتنە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن