کتێب و چێشتی خراپ
07:56 - 13/08/2020
حسێن لەتیف
مرۆڤ بە سروشت حەزی بە بینین و ناسینی دونیای تازەیە. هەندێک لە ڕێگای گەشت و گەڕانەوە بەدوای بینین و ناسینی دونیا و شتی نوێدا دەگەڕێن و هەندێکیش لە ڕێگای کتێبەوە. من خۆم لە ڕێگای کتێبەوە بە دوای ناسین و زانینی نوێدا دەگەڕێم. دەشێت حەزی بینین و ناسینی نوێ سەری بەزۆر مرۆڤ هەڵگرت بێت ،بەرهەمی ئەو ڕۆشتن و حەزە دەسکەوتی گەورەی بۆ خۆی و سەردەمەکەی و مرۆڤایەتی هەبووبێت.هاوشێوەی گەشتەکەی کۆڵۆمبس.لەهەمان کاتدا سەدان کەسیش بە نیازی بینین و ناسینی دونیای جیاواز ،ڕۆشتن و سەرێکیان برد و نەگەڕانەوە.
گەڕان بەدوای جیهانی نوێ دا، لەناو کتێب و لەڕێگای کتێبەوە هەمان چارەنووسی گەڕان لە دەرەوەی کتێبە. حەز بۆ زانین وفێربوون، مرۆڤی بردۆتە ناو کتێبەکانەوە،هەندێکیان بوون بە بیرمەند و فەیلەسوف و ئەستێرەی سەردەمی خۆیان و بۆ چەند نەوەی دوای خۆیشیان ڕووناکی پەخش دەکەن، هەندێکیش هەر بەتەنها ڕووناکی وەردەگرن و نایدەنەوە،بەڵام هەرگیزیش ناگەڕێنەە بۆ سەرەتاو ژیانی پێش چوونە ناو کتێب، هەندێکی تریش نە بوون بە ئەستێرە و نە ڕووناکییان بۆ خۆیان وەرگرت. بەڵکو بۆ هەمیشە ڕێگای ژیانیان لێ تێکچوو.
لەستایشی کتێب دا قسە زۆر کراوە،لەوانە فرانزکافکا دەڵێت(پێویستە کتێب وەک تەورێک بێت بۆ دەریای سەهۆڵبەندانی ناخمان).بۆرخیس دەڵێت(هەمیشە بەهەشتم وەک کتێبخانەیەکی گەورە وێنا کردووە).ه ەردوو ووتەکە جۆرێک لە هەوڵی ئەفسانەسازییان تێدایە بۆ کتێب. یەکەمیان دەیەوێت کتێب گۆڕانکاری گەورە،بەڵام لەسەر ئاستی تاک دروست بکات. دووەمیشیان دەیەوێت بڵێت بەهەشتێک لەناو کتێبەکاندا هەیە و بەخوێندنەوە دەتوانین ببین بە بەهەشت نشین. لە دەرەوەی تێڕوانینی کافکا و بۆرخیس، من قسە لەسەر کتێب دەکەم لەم نووسینەدا.
یەکێک لە جوانترین نووسینەکانی (مەریوان وریا قانیع)* بەباوەڕی من کتێبی (کتێب و دونیایە). لەو کتێبەدا نووسەر چەند کتێبێکی دیاری سەدەی بیستەم بەسەر دەکاتەوە،تێکڕای ئەو کتێبانە کاریگەرییان لەسەر ژینگەی خۆیان و دەرەوەی خۆیشیان هەبووە.کتێبی (چی بکەین) لە نووسینی لینین و کتێبی (مەشخەڵەکانی سەر ڕێگا)ی سەید قوتب و کتێبی(خەباتی من) ی هیتللەر و چەند کتێبێکی تریشی کردووە بەتەوری قسەکردن لەسەر کتێب.
هەرکەس لە ئێمە بیەوێت
دە کتێبی کاریگەر، نەک مەزنی سەدەی بیستەم بخوێنێتەوە، بێ سێ و دوو بڕوات کتێبی کتێب و دونیا بخوێنێتەوە. نووسەر ڕاستەوخۆ باسی کاریگەری ئەو کتێبانە دەکات ،هاوکات جۆرێکە لە خوێندنەوەیە بۆ کتێبەکان و ڕەخنەیان دەکات.بۆ من گرنگی ئەم کتێبەی مەریوان وریا قانیع لەوەدایە دەکرێت لەپەنایەوە قسە لەسەر کتێبی خراپ بکەین. ئەمەش بەو مانایە نا کتێب بێ نرخ بکەین بەڵکو لەپێناو پێدانی نرخ و بەهای گونجاوی کتێبی خۆی دا.
کتێب کەناڵی دروست کردنی پەیوەندییە لە گەڵ ئەوانی تردا. لەڕێگای کتێبەوە یان دونیای ئەوان دروست دەکەین یان تێکی دەدەین.دەسەڵاتداران و سیاسییەکان هەر زوو درکیان بەهێز و کاریگەری کتێب کردووە، هەر بۆیەش بەتەنیشت گەشەسەدنی کتێب و دۆزینەوەی پیتی چاپ و چاپخانەوە، مێژووی شکستی کتێبیش دەبینین لەسەر دەستی سیاسی و دەسەڵاتدارەکاندا. زۆرێک لەوڵاتان وکەلتورەکان وەک چۆن کتێبیان بەرهەم هێناوەبەهەمان شێوە کتێبیشیان سووتاندووە.لە چین و میسر و عێراق و قوستەنتینە،دەسەڵاتداری جیاواز و لەزەمەنی جیاوازدا بەبیانووی جیاواز کتێبیان سووتاندووە لە(میسر ئەخناتون بە بیانووی یەکتاپەرستی و لەچین بەبیانووی نەگەڕانەوە بۆ ڕابردوو،لەهەرشوێنێک بەبیانوویەک.لەمیسر شەش مانگ گەرماوەکانی ئەسکەندەریە بە کتێبەکان گەرم کران، کە هۆلاکۆش هاتە بەغداد ئەوەندە کتێب و دەستنووس فڕێدرانە دیجلەوە،دیجلە ڕەنگی مەرەکەبی گرت. هیتللەریش کتێبی سوتاند ولیستی ڕەشی دروست کرد)**.ستەمکاری سیاسی هەمیشە هەوڵدەدات بیانووی ئایدولوجی بدۆزێتەوە بۆ پاساودانی ئەو کردەوانەی لە دژی کتێب و نووسەر دەینوێنێت.
مێژووی سوتاندنی کتێب لەکوردستان لەساڵی 2009لەسەروەختی هەڵبژاردنەکاندا دەستی پێکرد.کتێبەکانی فەرهاد پیرباڵ و جەمال غەمبار و بەختیار عەلی لەهەندێک ناوچەی کوردستان سووتێنران.هیچ هێزێک نەیتوانی بەرپرسیارێتی هەڵ بگرێت وبیخاتە ئەستۆی خۆی.ئەوانەی کتێبی ئەو سێ نووسەرەیان سووتاند جۆرێک تۆڵەیان لەو نووسەرانە دەکردەوە بەهۆی جیاوازی هەڵوێستی سیاسی نووسەرەی کتێبەکانەوە.نەک لەبەر خراپی ناواخنی کتێبەکان.ئەگەر لەبەر خراپی ناواخنی کتێبەکان بووایە ئەوا نەدەبوو دەست بۆسوتاندنی ئەو کتێبانە ببرێت ،چونکە فەرهاد نووسەرێکی یاخی بوو، بەختیار و جەمالیش بەجۆرێک عاشقانە و سادە دەیاننووسی لەتێکستی ئەدەبی دا،هەموو خوێنەرێک دەیتوانی بەو زمانە شیعرییەی ئەوان ،لەناوکافتریاکاندا گفت وگۆ بکات. سووتاندنی کتێب ڕێگاچارە نییە،بەڵکو گۆڕین وخوێندنەوە و دۆزینەوەی سەرچاوەی تازە گرنگە بۆ خوێنەر.
کتێب بەرهەمی مرۆڤە،بەوشێوەی مرۆڤی باش و دڵخوازی خۆمان هەیە،کتێبی باش و دڵخوازی خۆیشمان هەیە،دەبێت بۆی بگەڕێین لە غیابی ڕێبەری خوێندنەوەدا،ئێمە هەموو کتێبێکمان خوێندەوە،ئەوانەی بەردەستمان کەوتن.بەبێ ئەوەی بزانین ئەو کتێبانە چی لەئێمەدا دەگۆڕن و چی لەئێمەدا وێران دەکەن. سیاسەتی دروست کردنی خوێنەر ،لەکوردستاندا هێندە ئابووری و بازاڕ تەحەکومی دەکات،هێندە خەمێکی مەعریفی لە پشتەوە نییە. نەوەی ئێمە کە لەجەنگی ناخوخۆ و ناوەڕاستی ناوەدەکاندا بەر هەندێ کتێب کەوتین،ئەو کتێبانە ئەوەندەی جەنگی ناوخۆ وێرانی کردین ئەوانیش وێرانیان کردین. ئەمەش دوو هۆکاری هەبوو،یەکەم: ئێمە ڕێبەری خوێندنەوەمان نەبوو،ئەزموونی خوێندنەوەشمان نەبوو.ڕۆمانی بێگانەی کامۆ فێری بێ موبالاتی کردین،ئەگەر ئێمە ڕێبەری خوێندنەوەمان هەبووایە ئەوا پێی دەوتین دەبێت دوای ڕۆمانی بێگانە ڕاستەوخۆ ڕۆمانی تاعون بخوێننەوە،بۆ ئەوەی ئیرادەتان تێدا دروست بکات. چونکە کامۆ بەتەنیا بریتی نەییە لە یەک ڕۆمان و یەک بیرکردنەوە ویەک هەڵوێست.
دووەم:ژینگەی گۆمەڵایەتی و ڕامیاری کوردستان ئەوەندە خراپ بوو،پەنامان بۆ هەموو شتێک دەبرد،بڕێکیشی بۆ ئەوەبوو بڵێین ئەوەندە کتێبی جیاوازمان خوێندووەتەوەو موناقەشەی یەکتری پێ بکەین.
ساڵی 1999من شانس یاوەرم بوو ،دوای ساڵانێک لەخوێندنەوە،کتێبی (دومیان)ی هیرمان هیسە م دەستکەوت و ئیتر دەروازەیکی ترم بەڕوودا کرایەوە،بەکورتی لەوێوە زانیم وەک چۆن کتێب گەلێک هەبوون پڕیان کردم لەڕەش بینی و تێکشکان و دڵیان لە ژیان شکاندم،ئاوەهاش کتێبگەلێک هەیە پڕم دەکەن لەئیرادەو لەگەڵ ژیان ئاشتم دەکەنەوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەەی چاپی یەکەمی کتێبی (ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو) دەستم کرد بەخوێندنەوەی.ئەم کتێبە هەرچەندە بەتەکنیکێکی بەرزی ئەدەبی نووسراوە،گێڕانەوە بەهەموو ئاستەکانیەوە،هونەری تێدا نوێنراوە،بەڵام بە باوەڕی من هاوتای کتێبی ( ئەزموون و یاد)کە ئەویش نووسەرەکەی شاعیرو خوێندەوارە،وەک هەمو ئەو یاداشتانەی تر ،خەڵکانی حزبی و سەرکردەکان نووسیوویانن، لە چێشتێکی خراپ و ترشاو زیاتر نین.هەرچەندە نووسەرەکانیان بۆشاردنەوەی تامی خراپی چێشتەکە پەنا بۆ ئەفسوونی زمان دەبەن،بەڵام چۆن چێشتی خراپ گەدەمان تێک دەدات ئاوەهاش هەندێ کتێب بیرکردنەوەو باری دەرونیمان تێک دەدەن. پاش خوێندنەوەی ئەو یاداشتانەو چەندیی یاداشتی تریش کە نووسەرەکانیان لەناو"شۆڕش"دابوون تووشی هەڵچوونی دەروونی هاتووم،لەبەر گەورەیی قەبارەی غەدرەکان و دڕندەیی و بێڕەحمییان لە کوشتنی پێشمەرگە و سەربازی دیل دا.
سەرکردەکانی باشوور زۆرینەیان دەستیان کردوو بە نووسینەوەی یاداشت،خەریکە یاداشت نووسین دەبێت بە دیاردە. مێژوو وەها ناگێڕدرێتەوە کە ئێوە لەناو یاداشتەکانی خۆتانەوە دەیگێڕنەوە، مێژوونووسین زانستە. بەبێ ئەوەی تووشی هیچ هەڵچوونێک بێین کتێبەکانی کەمال مەزهەر و کاوس قەفتان دەخوێنینەوە.یاداشت نووسینەوە هوونەرە ،بەبێ ئەوەی باری دەروونیمان تێک بچێت یاداشتەکانی لۆرکا ونیرۆدا دەخوێنینەوە.، وخوێندووماننەتەوە.
کتێبی خراپ لەچێشتی خراپ دەچێت.تۆ هاوڕێی ئازیزم هەرکات هەستت بە بێزاری و سەرئێشە کرد،بەرلەوەی هیچ کەپسول و کحولێک بەکار بهێنیت،بیر لەوە بکەرەوە دواین کتێب چی بوو خوێندتەوە؟من ناتوانم بەدروستی پێشنیاری ئەوە بکەم چی بخوێنینەوە،بەڵام ئەزموونی خوێندنەوە فێری کردووم لانی کەم خۆم لەخوێندنەوەی ئەو یاداشتانە بەدوور بگرم کە نووسەرەکانیان دەسەڵاتداری پارتەکانی باشوورن.چونکە نەوەک ئەوکتێبانە نووسراون دەریای سەهۆڵبەندانی ناحمان بشەڵەقێنن،نە ئەوبەهەشتەن بۆرخێس باسیان دەکات،بەڵکو وەک چۆن کتێبەکانی هیتللەر و سەید قوتب و لینین،گەنجانیان بەرەو توندڕەوەی برد،ئەم یاداشتانەش نەوەی نوێ پڕ دەکەن لەڕقی کۆمەڵایەتی، ڕقێک کەڕەگی لە ڕابردوودایە و ئێمە بەرهەمێنەری نەبووین.
سەرچاوە:
*مەریوان وریا قانیع ،کتێب و دونیا.
**ادونیس ،محیط الاسود،ص268