1148 کەلتور

نووسین جیهانبینییە

10:52 - 11/08/2020

حسێن لەتیف

بۆچی دەنووسین؟بۆ خاڵی بوونەوە یان لە پێناوی نووسین دا دەنووسین؟هەندێک بۆ خاڵیبوونەوە دەنووسن،هەندێکی تریش لە پێناوی نووسین و ئامادەبوون لەناوەندەکەدا دەنووسن.من لەپێناوی هیچ کام لەمانەدا نانووسم.هەرکاتێک مرۆڤ بێەوێت خاڵی ببێتەوە دەتوانێت خاڵی ببێتەوە، بۆنموونە سەفەرێک بکات،لەگەڵ هاوڕێیەکەیدا قاوەیەک بخواتەوە یان بڕوات بۆسینەما.نووسین لە پێناوی خاڵی بوونەوەدا نەبوونی تێگەیشتنە لەنووسین خۆی.چونکە ووتنەوەی گۆرانییەک لەبەرخۆتەوە ئەکرێت کۆتایی بەوبارە دەروونیەت بهێنێت ماندووی کردوویت. هەرکاتێک مرۆڤ بیەوێت خاڵی بێتەوە دەتوانێت لە بەردەم ئاوێنەکەدا بەدەم خۆگۆڕینەوە گۆرانییەکی دڵخوازی خۆی بچڕێت،هەروەک چۆن کۆترێک لەسەر درەختی حەوشەکەیان دەگمێنێت، سەرەتا نەغمەیەکی غەمگینەو لەگەڵ بەردەوامبوونی دا حەوشەکە پڕدەبێت لەئاوازێکی شاد،ئاوەهاش تۆی مرۆڤ بەبێ ئەوەی گوێ بەوەبدەیت دەنگت خۆشە یان نا دەتوانیت ژوورەکەت پڕبکەیت لەشادی،وەک کۆترێک بگمێنە ،بەردەوامبە، کاتێ بەخۆت دەزانیت هەست بە فڕین دەکەیت. هەستی فڕین جیاوازە لەهەستێک نووسین بە منی دەبەخشێت.نووسین زۆر زەمینییم دەکاتەوە،کاتێ دەنووسم بەردەوا هەست دەکەم دەستێکی بەهێز لەسەرشانمەوە بەقورسی بە زەوییەوەم دەنووسێنێت. نووسین شاندانە ژێر بەرپرسیارێتیە بۆ من.بەرپرسیاریی لەبەرانبەر زمان دا،لە بەرانبەر وتن دا.بۆ ئەوەی بنووسیم پێویستم بە خوێندنەوەی زۆرە ،خوێندنەوە ڤیتامینی نووسینە. بۆیە نووسین دواین هەڵبژاردەی منە.زۆر جار وەرزش دەکەم،مەلەوانی دەکەم،شاخەوانی دەکەم،دەچم بۆ میوانی، تەلەفۆن بۆ هاوڕێکانم دەکەم و وادەی بینینیان لەگەڵ ڕێک دەخەم،نەبادا لەخۆمەوە دەست بۆ نووسین ببم،زۆرجار کە دەمەوێت لەبارەی بابەتێکەوە بنووسم هەر بە ئارەزووی چەند مانگێک ئەو ویست بۆنووسینەم دوادەخەم،بۆ ئەوەی بزانم ئەو ئایدیایە دەتوانێت چەندێک لەناو من دا بژێت؟زۆرجایش نووسیوومە بە مانگ و بەساڵ بڵاوم نەکردووەتەوە هەر بۆئەوەی بزانم من دەتوانم تاچەند خاوەنداری لەو بیرکردنەوە و ئایدیا و خەیاڵ و فۆرمی ووتنەم بکەم. من نووسین وەک فڕێدانی بەرد بۆ ناو ڕووبار نابینم،چەند تیترواسک و بازنەیەک دروست بکات و بچێتە بنی دەریاکەوە،نا ،هەرگیز،وای نابینم،نووسین بۆ من دەنگە لەفەزادا، لەناو ناچێت،هەر دەڕوات و دەڕوات و دەڕوات.لەخۆم دوور دەکوێتە،دەنگی کەمتر و کەمتر دەبێتەوە،بەڵام لەشوێنی تر،کەسی تر ،دەیبیستێت،بەبێ ئەوەی من بزانم ئەو کەسە کێیە. بەڕێکەوت شاعیرێکی گەنجی ئێرانی،کورد،فارسی نووس"ئازاد نەرۆزی"م ناسی، تائێستاش هاوڕێین ،ئازاد ووتی فارس دەڵێت(ئەگەر دەردێکی گرانت نییە شیعر مەنووسە).ئەم قسە تاڕادەیەکی زۆر ڕەوایەتی خۆی لە کەلەپووری شیعری فارسییەوە وەردەگرێت،بۆ دۆخی شیعری کوردیش هەر ڕەوایەتی هەیە.چونکە شیعری ئێمە و فارسییش زووخاوی زۆری تیایە.بۆ من نووسین بەرهەمی زووخاو نییە،بەڵکو بەرهەمی نیگەرانییە.نیگەرانی لەهەر فۆرمێک دابێت.زووخاو نووسینەوە ئەدەب دروست ناکات بەڵکو وێرانی دەکات،شەوق وشۆڕی بیرکردنەوە بە خوێنەر نادات بەڵکوعاجزی دەکات.یەکێک لەهۆیەکانی عاجز بوونی مرۆڤی ئەمڕۆ لەشیعر ئەو زووخاو نووسینەوەیە.ئەو،شاعیرانەی زووخاویان نەنووسییەوە هەر مانەوە و هەردەمێننەوە.چونکە نووسین هەڵگری جیهان بینی ونیگەرانییەکە لای ئەوان. نامەوێت،ستایشی شاعیرانێ بکەم چوونەتە مێژووەوە،بەڵکو لە ئێستاشدا شاعیرانێک هەن شیعر بۆئەوان جیهان بینی و نیگەرانییە،قوڵبونەوەیە،خەونە،ئازارە.ئەم شاعیرانە لەبارەی نیگەرانییەوە نانووسن،بەڵکو نیگەرانی خۆی دەنووسن،لە بارەی ئازارەوە نانووسن،بەڵکو ئازار دەنووسنەوە،لەبارەی شادیەوە نانووسن، بەڵکو شادی دەنووسنەوە.ئەم جۆرە لە شاعیر زمان بە هەموو شتێکی گەردوون دەبەخشن.مومارەسەی دەسەڵات لەسەر خەون دەکەن،خەون دەهێننە ناو زمانەوە.خەون ناگێڕنەوە،بەڵکو کارێک دەکەن خەون خۆی،خۆی بگێڕێتەوە.

 

من حەزدەکەم ڕەچەڵەکم بچێتەوە سەر ئەوان.ئەگەر شیعریش نەنووسم وەک ئەوان ئەوا حەزم لەزووخاو خوێندنەوە نییە. لەپێناوی ناوبانگدا نانووسم،چونکە بە سروشتی حاڵ حەزم لە قەرەباڵغی و ناو بانگ نییە،ناوبانگ بەڵای ژیانی تایبەتی مرۆڤە.ناوبانگ گشتی بوونەوەی لەدوایە، هەموو ناوبانگێک هەڵکەندنی گۆڕێکە بۆ توانای مرۆڤ،لەدەستدانی هەندێک لەتایبەتمەندێکانی خۆتە،بەلانی کەم لەکۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و کوردی دا.نووسین لەپێناوی ئامادەبوونی ناو لەناوەندەکەدا،کۆتایی هەموو شتێکە،چونکە،شاعیر و نووسەری ڕاستەقینە پێویستی بەسێ شتە(کات،گۆشەگیری،جیهانبینی)کات بۆ ئەوەی تیایدا بخوێنێتەوە،گۆشەگیریی بۆئەوەی تیایدا بنووسێ و بیر بکاتەوە،جیهانبینی بۆئەوەی نووسینەکەی لەسادەیی و کەم خوێنی ڕزگار بکات. هەموو پێغەمبەرەکان،شاعیرە مەزنەکان،فەیلەسوفەکان،ئەوانەی شارستانێتیان گۆڕیوە،وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی بیست وچوارکاتژمێر کاتیان هەبووە،بەڵام کاتەکانیان ڕێکخستووەتەوە بەگوێرەی کارەکانیان،بۆیە بەرهەمداربوون.هەموویان خۆیان گۆشەگیر کردووە،چونکە بیرکردنەوە لە قەرەباڵغیدا ناکرێت،جیهانبینیان هەبووە بۆ ئەو کارەی ویستوویانە ئەنجامی بدەن. بۆئەوەی بنووسین پێویستمان بەڕێکخستنی کات وخۆگۆشەگیرکردن و جیهانبینی هەیە.ئەگەر جیهانبینیت نەبوو مەنووسە،لەکوێدا هەستت کرد ناتوانیت بنووسیت مەنووسە،تاهەست بەوەنەکەم پێویستم بە نووسینە،نانووسم.!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن