927 کەلتور

کەشفی شیعریی

10:50 - 06/08/2020

 حسێن لەتیف

 خاڵێک کە شیعر وتەسەوف پێکەوە کۆدەکاتەوە،کەشفە.بەڵام بەکارهێنانی وشەی کەشف لەم نووسینەدا پەیوەندی بەگرفتە قاموسیەکانی زمانی عەرەبی و کوردییەوە هەیە،کەشف لەم نووسینەدا بە مانای دۆزینەوەنایەت،بەڵکوبە واتای بینینی شتێک کە پێشتر نەبینراوە،فەرهەنگی (المعانی) دەڵێت کەشف واتە دەرخستنی شتێکی شاردراوە.هەربۆیە وشەی کەشف بە مانای بینین بەکاردەهێنم،بینینی نەبینراوێک .کەشف دەربڕینێکی دونیای سۆفیگەرییە.لە دونیای تەسەوف دا هەستەکان لەکار دەخرێن،لەپێناوی کرانەوەی چاوی دڵ دا . ئەوەی ئێمە بە دوو چاوی سەر بۆی دەگەڕێین ئەوان بەچاوی دڵ دەیبینن. ئەوان توانای کەشف کردنیان هەیە،کەشفی ئەو شتانەی کە بۆ ئێمە نەبینراو،نەزانراو،نەناسراون. ئەوەشی دەیبینن بانگەشەی ناکەن چی دەبینن و چی نابینن،بەڵکو لەشێوەی شەتەحات دەردەکەوێت. بەتەنها ئەهلی تەسەوف خۆیان دەزانن چی سۆفییەک کەشفی هەیە هەیە.ئێمە تەنها لە ڕێگای بیستنی چیرۆک و سەرگوزشتەی ئەوان و نووسینی شەتەحاتەکانیانەوە، وا گومان دەبەین فڵان سۆفی توانای کەشف کردنی هەبووە. هەموو ئەوانەی دەیبینن یان نایڵێن یان وەک شەتەحات دەیڵێن. بۆیە ئێمە ئەگەر گوێ بیستیشی ببین ڕەنگە شتێکی لێ حاڵی نەبین.حاڵەتی کەشف ناگێڕدرێتەوە ،وەسف ناکرێت،بەڵکو ژیانێکە دەبێت ئەزموون بکرێت. کاتێک پڕەنسیپی "ئێمە بوون نا ناسین تەنها لە ڕێگای بینینەوە نەبێت) دەبیستین،ئەوا مەبەست لەو ڕستەو بەتایبەتتریش گوزارەی بینین ئەوەیە کەدەبێت ئەزموون بکرێت ،تیایدا بژێین. وەک چۆن ئازاری سووتان چەند باس بکرێت ئێمە ناتوانین وێنای بڕ وقوڵی قرچە بکەین،بەهەمان شێوە ناتوانین وێنای ئەوە بکەین کە سۆفییەک بینوویەتی. چونکە ئێمە ناتوانین بە کەرەستەی مادی، باس لە نامادی بکەین،هەروەها ناتوانین بە نامادی باس لە مادی بکەین. شیعر و تەسەوف لەو خاڵەدا یەک دەگرنەوە کەهەردووکیان شت گەلێک دەبینن چاوی مرۆڤی تر نایبینێت،بەو شێوەی دونیای تەسەوف بە کەرەستەی مادی ڕاڤە ناکرێت دونیای شیعریش بە کەرەستە ی ناشیعر ڕاڤە ناکرێت،لەگەڵ ئەو حەقیقەتشدا ئێمە جگە لە نووسین و پەنا بردن بۆتیۆر، هیچ ڕێگایەکی ترمان لەبەردەست دا نییە بۆ تەفسیکردنی دونیای شیعر و تەسەوف. پەنا بردن بۆ ڕەخنە و تیۆرەکان لە ناچارییەوەیە. هەر بۆیەشە زۆر جار تیۆرە ڕەخنەییەکان دەرەقەتی ڕاڤەکردنی شیعر نایەن،یان دەبێت بەچەند تیۆرێکی جیاواز شیعر بخوێنینەوە،ئەوکاتەش هەرتیۆرە و بەگوێرەی ویست و ڕێساکانی خۆی ڕاڤەی دەکات،کەشێکی کەرنەڤاڵی بەدەوری دەق دا دروست دەبێت بەبێ ئەوەی بتوانن لەمسی دەق بکەن،بەڵکو وەک ئەوە وایە پیاسە لەسێبەری ئاگردا بکەن، بە نزیک بوونەوە دەسووتێن و بەدوورکەوتنەوە سەرما زەفەریان پێدەبات. ئەرستۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەوەی مێژوو نووس باسی دەکات ڕوویداوە،بەڵام ئەوەی شاعیر باسی دەکات گریمانەی ڕوودانی دەکرێت. چیرۆکی ژیانی سۆفیەکان، باس لەوەدەکەن چەندین قسەیان کردووە و ساڵانێکی دوورتر و پاش نەمانی خۆیان حەقیقەتی قسەکانیان دەرکەوتووە. شیعر قسەی شاعیرە،شاعیرەکان چاوێکی تریان دەکرێتەوە کە چاوی سیاسی و مێژوونووسەکان نییە. بەهەمان شێوەی سۆفیەکان، شاعیرەکانیش دەتوانن پێشبینی بکەن. لەسەر وەختی ڕووخانی تاوەرکانی ئەمریکا لەساڵی 2002 ، هەندێک لە خوێنەرانی شیعری ئەدۆنیس ووتیان لەساڵی 1973دا ئەدۆنیس پێشبینی ئەو ڕووداوەی کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش گەڕانەوە سەر چامەی (گۆڕێک بۆ نیۆرک) لەو چامەیەدا ئەدۆنیس باس لە دڵڕەقی و دووفاقی ئەمریکا،پێشبینی مەرگی ئەو شارستانیەتە دڵڕەقە دەکات ئەمریکا سەر پێی خستووە.تەنانەت ڕەخنەگرێکی ئەمریکی گوتی:( ئوسامە بن لادن و ڕێکخراوی ئەلقاعیدە سروشیان لەو شیعرەی ئەدۆنیس وەرگرتووە ).بەڵام ئەدۆنیس نەچووە ژێر باری ئەوەی کەشفی شیعری هەبووبێت،بەڵکو ووتی ئەوە سەرنج و خوێندنەوەی خوێنەر و ڕەخنەگرە.ئەدۆنیس ئەم ڕەتکردنەوەیەی لەبەر خاتری شیعر و تەسەوف بوو،چونکە تەسەوف سەرچاوەیەکی گرنگی جیهانە شیعریەکەی ئەوە. لە شیعری کوردیدا شێرکۆ بێکەس ، هاوشێوەی ئەدۆنیس پێشبینیەکی شیعری هەیە، ئەو پێشبینی یە لەقەسیدەی (هەڵەبجە ئەڕوات بۆ بەغداد)دەرکەوت، ئەم قەسیدە یەک مانگ بەر لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس نووسراوە،لەو قەسیدەیەدا شێرکۆ بێکەس پێشبینی ڕووخانی بەعس دەکات،هەڵەبجەش وەک قوربانییەک دەڕوات وبەشداری لەکەرنەڤاڵی ئازادی وکەوتنی بەعس دا دەکات.هەرواش بوو،قوربانیان چەکی کیماوی ڕۆشتنە بەغداد و شایەتیان لەسەر تاوانباری بەعس دا،ئەو قەڵەمەشی واژۆی مەرگی سەدامی پێکرا هێنرایە هەڵەبجە. شێرکۆ و ئەدۆنیس هەردووکیان لە شیعر دا پێشبینییان هەبوو،بەڵام جیاوازی نێوانیان ئەوەبوو، شێرکۆ بێکەس لێنەگەڕا خوێنەر قسە لەسەر پێشبینیە شیعریەکەی بکەن،بەڵکو خۆی بەتێبینی لە دیوانەکەیدا ئەمەی نووسی،ئەمەش بە زیانی دەق تەواو دەبێت،ناکرێت شاعیر خۆی لە بارەی دەقەکەیەوە قسە بکات،بەڵکو دەق خۆی باشترین قسەکەرە لەبارەی خۆیەوە.وەک چۆن سۆفیەکان لە بارەی کەشفەکانی خۆیانەوە قسە ناکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن