1339 کوردستان

لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بڕیاری نوێ دەدات

02:12 - 03/08/2020

"زەمەن"

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی رێكار و رێنمایی دەدات. وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "چەند بڕیارێك لەبەر دەستن و لە كۆبوونەوەكە تاوتوێ دەكرێن".


د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكرێت و كۆمەڵێك بڕیار و رێكار و رێنمایی لەبارەی دۆخەكە لەبەردەستە، دواتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بڕیارەكان دەدرێن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ھاووڵاتییان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ئەوەی رێژەكە كەمبكرێتەوە و دۆخەكە تاڕادەیەك ئاسایی بكرێتەوە".

وەزیرى تەندروستى هەرێم بە کەناڵى کوردستان ٢٤ى راگەیاند، "زۆربەی ئەو كەسانەی ئێستا تووشی كۆرۆنا دەبن پێویستیان بە  داخڵ بوون لە نەخۆشخانە ھەیە و بەشێكیشیان پێویستیان بە ئۆكسجین و چاودێری چڕە. لەم چەند رۆژەدا لە شوێنە گەشتیارییەكان قەرەباڵغی و بەریەك كەوتنی زۆر ھەیە و ھاووڵاتییان پابەند نابن، ئەمەش مەترسیدارە".

د. سامان بەرزنجى، ئاماژەى بەوەشکرد، "لە راوێژكردنداین بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا كۆمەڵێك بڕیاری لەبارەی رێكار و رێنمایی نوێ بدەین، بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا".

وەزیرى تەندروستى ئەوەشى وت، "ھەموو پێداویستییەكان بە زیادەوە لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا دابین كراوە، بۆ ئەوەی لە ھەر ئەگەرێكدا جێگرەوە ھەبێت، بەڵام چارەسەری سەرەكی خۆپارێزییە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا".

باسی لەوەشكرد: "بەھۆی پابەندنەبوونی ھاووڵاتییان، پێشتر پێشبینی ئەوەمان كردبوو كە دۆخەكە بە ئێستا دەگات".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن