کوردستان

راپۆرتی دەستوەردانی حیزب لە کاروباری دادگاکان بڵاوکرایەوە

02:31 - 29/07/2020 221 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"


سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ماوه‌ی 12 ساڵدا (٩٠٨٨) حاڵەتی پێشێلکاری لەسەر ھەموو ئاستەکان و بەھەموو جۆرەکانیەوە تۆمار كراون، بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری  بۆ یەکجاریش وەڵامێکی نه‌بووه‌. هه‌روه‌ها ده‌پرسێت: ئەنجومەنی دادوەری کەی گوێمان لە دەنگت دەبێت..!؟

سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD لە پرۆژەی (پاڵپشتی دادگا)وە راپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا هاتووه‌ "لە میانەی ١١ ڕاپۆرتی ساڵانە لەسەر دۆخی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پێشێلکاریەکان دژی یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی تۆمەتباران، ھەزاران حاڵەتی پێشێلکاری یاسایی تۆمارکران".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، دەیان حاڵەتی دەستوەردانی حزبی لەکاروباری دادگاکان و حاڵەتی دەستوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەکاروباری دادگا و داوەری  وسەدان حاڵەتی جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگا لەلایەن حزبەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن  تۆمار كراون.

   باسی له‌وه‌شكردووه‌، لەماوەی پرۆژەکەدا (٩٠٨٨)حاڵەتی پێشێلکاری لەسەر ھەموو ئاستەکان و بەھەموو جۆرەکانیەوە تۆمار كراون، بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە ئەم ئەنجومەنی دادوه‌ری بۆ یەکجاریش وەڵامێکی بۆ ئەم ڕاپۆرتانە نەبووه‌، بۆیه‌ حه‌قه‌ بپرسین: ئەنجومەنی دادوەری کەی گوێمان لە دەنگت دەبێت..!؟

ده‌قی راپۆرته‌كه‌:
ئه‌نجومەنی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان ...کەی گوێمان لە دەنگت دەبێت ..؟؟
   لە ماوەی ١٢ ساڵی کارکردنی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ DHRD لە پرۆژەی ( پاڵپشتی دادگا )وە لە میانەی ١١ ڕاپۆرتی ساڵانە لەسەر دۆخی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پێشێلکاریەکان دژی یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی تۆمەتباران ، ھەزاران حاڵەتی پێشێلکاری یاسایی تۆمارکران و بڵاوکرانەوە تیایدا :
١/ دەیان حاڵەتی دەستوەردانی حزبی لەکاروباری دادگاکان.
٢/ دەیان حاڵەتی دەستوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەکاروباری دادگا و داوەری .
٣/ سەدان حاڵەتی جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگا لەلایەن حزبەکان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن .
٤/ سەدان حاڵەتی زەقی پێشێلکاری دژی یاسا و مافی مرۆڤ و مافی تۆمەتبار لەلایەن دادوەران .
   کە کۆی سەرجەم پێشێلکاریەکان لەماوەی پرۆژەکەدا گەشتە (٩٠٨٨) نۆ ھەزار و ھەشتاوھەشت حاڵەتی پێشێلکاری لەسەر ھەموو ئاستەکان و بەھەموو جۆرەکانیەوە بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەیە ئەم ئەنجومەنە بۆ یەکجاریش وەڵامێکی بۆ ئەم ڕاپۆرتانە نەبوو لە کاتێدا ساڵانە بە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەکە وێنەی ڕاپۆرتەکەیان بۆ نێردراوە.
   وەک ئەوەی ئەم ئەنجومەنە نەیبیستێت  یا زمانی نەبێت ، ھیچ وەڵامێکی نەبوو ، نەک ھەر ئەوە بەدرێژایی دروستبوونی ئەنجومەنی دادوەری لە ھەرێم دەیان حاڵەت و ڕووداو ھەبووە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئەنجومەنی دادوەری و سەربەخۆیی دەسەڵاتەکەی ھەبووە کەلە ھەندێ حاڵەتدا گەشتۆتە ڕادەی سوکایەتی و ناوزڕاندن ، بەڵام وەک ھەمیشە ئەم دامەزراوەیە بێ دەنگی ھەڵبژاردووە  کەلەخوارەوە بۆ بیرھێنانەوە چەند نموونەیەک دەھێنینەوە .
١- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت (بەجۆرێک دادگاکانمان بە حزبی کردووە کە ھیچ کەس متمانەی پێیان نەماوە)
٢- ئەندامێکی سەرکردایەتی (پ.د.ک) لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ئەنجومەنی دادوەری و دادگاکان گەندەڵترین دەزگای ھەرێمی کوردستانن)
٣- پاشەکەوت کردنی موچەی دادوەران لەلایەن وەزارەتی دارایی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی دادوەری .
٤- بڵاوبوونەوەی ناوی چەندین دادوەر وەک کادری پارتی دیموکراتی کوردستان لە گۆڤاری لڤین .
٥- بەشداری کردنی چەندین دادوەر لە ئاھەنگ و بۆنە حزبیەکان .
٦- لێدوانی بەرپرسانی حزبی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری وەک پشکی ھەڵبژاردن و دابەشکردنی پۆستەکان .
ئەمانە و دەیان نموونەی تر کە لەسەردەمی کرانەوەو  شەفافیەت و بوونی وتەبێژ و وێب سایت و دەیان کەناڵی ڕاگەیاندن ، دووبارە ئەنجومەنی دادوەری وەڵامێکی نیە لەمەڕ ئەو ڕووداوانە کە دواھەمینیان درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی ژمارەیەک ئەندامانی ئەنجومەنەکە بەپێی فەرمانێکی ئەنجومەنەکە، بەڵام ھەریەک لە دەستەی دەستپاکی ھەرێم و وەزارەتی دارایی و یەکێتی دادوەران و چەندین دادوەر ئەم کارەیان بە نایاسایی و نادەستوری لەقەم داو تەنانەت وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند کە ناچنە ژێر باری ھیچ کارێکی نایاسایی . کەچی وەک سروشتی ھەمیشەییان ئەنجومەنی دادوەری بێ وتەو بێ ھەڵوێست لەسەر ئەم بڕیارەش بێ دەنگە ماوەتەوە.
بۆیە لەکۆتایدا دەپرسین ئەنجومەنی دادوەری کەی گوێمان لە دەنگت دەبێت..!؟

 

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement