جارێکی دیکە دابەشکردنی مووچەی ئەم کەسانە دەستپێدەکاتەوە
02:32 - 17/07/2020
"زەمەن"
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، ژمارەیەک کرێکاری خانەنشین کە مووچەکەیان لە بەغداوە دەھات، ماوەی ١٠ مانگە مووچەکەیان وەستاوە و بڕیارە لە ھەفتەی داھاتوو کێشەکەیان چارەسەر بکرێت.
عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە ماڵپەڕی باسی وتووە: "٢١٧ کرێکاری خانەنشینی ھەرێمی کوردستان کە لە پێش ساڵی ١٩٩١ ەوە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە خانەنشین کراون ، تا ساڵی ٢٠١٧ مووچەکەیان بێ گرفت پێدەدرا،دوای ئەوەی مووچەکەیان گواسترایەوە بانکەکانی کەرکووک ماوەی ١٠ مانگیشە بە تەواوەتی مووچەکەیان وەستاوە".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاشیگەیاند "ئەو کێشەیەمان گەیاندووەتە بەرپرسانی عێراق و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، شاندێکی وەزارەتی کاری عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵیان کۆببینەوە و تەواوی مووچەی کرێکارەکان بگەڕێتەوە و لەمەودواش ھاوشێوەی پێشوو و بێ گرفت پێیان بدرێت".
وتیشی ئێستا ٥٦٠ کرێکاری ھەرێمی کوردستان خانەنشین کراون و مانگانە بێ دواکەوتن مووچەیان پێدەدرێت و بەپێی مەرج و ڕێنوێنیە دیاریکراوکانیش خانەنشیکردنی کرێکاران بەردەوامە.