26 کوردستان

مامۆستایان: ماندەگرین و پڕۆسەی خوێندن ڕادەگرین

04:44 - 15/06/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بەیاننامەییەکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن: لەگەڵ گەیشتنی یەکەمین بڕە پارەی مووچەدا، دەستبەجێ مووچەکانی ئەوانیش دابەش بکرێت پێش ئەوەی ئەو داهاتە لە ژێر ناوی تردا “تەخشان و پەخشان” بکرێت و فەرامۆش بکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ١٥ ڕۆژ بەسەر پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی گشتیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مامۆستایانی گرێبەست لە ناوەندەکانی خوێندندا هیچ جۆرە شایستەیەکی دارایی و مووچەیان وەرنەگرتووە.
نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا دوو داواکاریی سەرەکییان ئاڕاستەی دەسەڵاتداران کردووە:

 یەکەم، داوایەکی بەپەلە لە وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکەن کە بەپێی فەرمانە وزارییەکانی پێشوو، لەگەڵ گەیشتنی یەکەمین بڕە پارەی مووچەدا، دەستبەجێ مووچەکانی ئەوانیش دابەش بکرێت پێش ئەوەی ئەو داهاتە لە ژێر ناوی تردا “تەخشان و پەخشان” بکرێت و فەرامۆش بکرێن.
 دووەم، داوا لە شاندەکانی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم و سەرجەم پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا دەکەن، کار بکەن بۆ گۆڕینی سەرچاوەی دارایی مووچەکانیان لە داهاتی ناوخۆوە بۆ سەر بودجەی گشتیی عێراق، تاوەکو هاوشێوەی مامۆستایانی حکومەتی فیدراڵ بکرێنە دامەزراوی فەرمی و هەمیشەیی حکومەت.
لە کۆتاییی ڕاگەیەندراوەکەدا، مامۆستایانی گرێبەست هۆشدارییەکی توند دەدەنە لایەنە حکومییەکان و ڕایدەگەیەنن، کە لە ئەگەری پشتگوێخستن و جێبەجێ نەکردنی ئەم داواکارییە یاسایی و مرۆییانەدا، لە قۆناغی داهاتوودا تەواوی پڕۆسەکانی پەروەردە، فێربوون و خوێندنی باڵا لە سنوورەکەدا بە تەواوی ڕادەگرن و بایکۆتی سەرتاسەری ڕادەگەیەنن و خۆپیشاندانی گەورە ئەنجام دەدەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن