کەلتور

بە سینەماییکردنی ڕۆمانی خەیاڵی زانستی

12:49 - 12/07/2020 185 جار خوێندراوەتەوە

باسی شەشەم
د. گۆران سەباح

 
 چەند جار دەستت داوەتە ڕۆمانێک و لە پەرەگرافی یەکەم، پەڕی یەکەم، یان بەشی یەکەم وازت لێ هێناوە؟ زۆر جار. بۆ خۆم وەک ڕۆماننووسێک دەیان جار وام بەسەر هاتووە، بەڵام هەرنەبێ تا نیوەی دەچم بۆ ئەوەی بزانم بۆ هێندە بێ تامە. خەمدانم پڕ دەبێ کاتێ دەبینم و دەبیستم ماندووبوونی ڕۆماننووسێک بەهەدەر دەچێ لەبەر وشکی بەرهەمەکەی. دەیان (بۆ)م لا دروست دەبێ. بەرسڤ بۆ (بۆ)یەکان دەبینمەوە هەرچەندە خوێندنەوەی ڕۆمانی بەردەست دیق و ئارەقەم پی دەکات. 
هەندێ لەو بەرسڤانە ئەمانەن: گێڕانەوەی سست و بێ سەروبەر، نەبوونی گرێ، قسەی گەورە و وتارئامێز، نەبوونی دیالۆگ یان دیالۆگی بێ مەبەست، هەڵە و پەڵەی زمانەوانی و خاڵبەندی و ڕێنووس، درێژدادڕی لەخۆڕا، بابەت و تێمای سواو، نەبوونی ململانە، دیمەنی کرچ و بێ جووڵە.


پەنجە دەخەمە سەر دیمەنی کرچ و بێ جووڵە.
ڕۆمانی سەردەمی مێتا مۆدێرن تژییە لە دیمەنی بەجۆش، خێرا و دڕامایی. یەک لەو هۆیانەی ڕۆمانی خەیاڵی زانستی (خەز) بەتام دەکات دیمەنی سینەماییە.
خەزەکانی ئایزاک ئاسیمۆڤ خوێنەر بە دیمەن و وێنەی خێرا پەلکێش دەکەن. کاتێ چیڕۆکی (ئای ڕۆبۆت) دەخوێنییەوە، هەست دەکەیت لە هۆڵی سینەمایت و سەیری فیلمەکە دەکەیت. ڕۆمانی (پیاوێک بە ناوی ئۆڤ)ی فرێدریک باکمان، هەرچەندە خەز نییە، بەڵام نموونەیەکی باشە. هەر بەشە و چەند دیمەنێکە و دێنە بەرچاوت. ڕۆمانی (کچێک لەناو شەمەندەفەر)ی پاولا هۆکینس، دیمەن دوای دیمەنی سینەمایی دێتە گێڕانەوە. بەلاش نییە ڕاولینگ، نووسەری هاری پۆتەر، دوا فەنتازیای بە ناوی (فانتاستیک بیست) بە شێوەی ڕۆمانی سیناریۆیی بڵاو کردووەتەوە!


پرسەکە ئەوەیە چۆن خەزێکی سینەمایی دێتە نووسین. لە پێنج باسی پێشوودا تیشکم خستووەتە سەر نووسینی خەز، لەمەیان باسی لایەنە سینەماییەکەی نووسین دەکەم. ئیرێنا بریگنول، سکریننووس و ڕۆمانووس و خاوەنی چەندان خەڵاتی سینەمایی، باسی حەفت رێگە دەکات بۆ بە سینەماییکردنی ڕۆمان (ئیرێنا، ٢٠١٧).
یەکەم: ڕۆمان لە یەک ڕستەی بەهێزدا.

دەتوانی ڕۆمانەکەت بە یەک ڕستە بەوەی بەرانبەرت بڵێی؟ بە یەک دێڕ پێم بڵێ ڕۆمانەکەت لەسەر چییە. کارێکی ئەستەمە. بێو بتوانی ئەوە بکەی، ڕۆمانەکەت روون دەبێ. خوێنەر دەزانێ باسی چی دەکەی. ئێستە ڕۆمانێک دەخوێنمەوە (ناو ناهێنم) تا بەشی حەفتەم هەرچەندی هێنا و بردم نەمزانی باسی چییە. لێم بپرسی ڕۆمانی (شاخوێنبەری سەرکردە)ت باسی چی دەکات. یەکسەر پێت دەڵێم: کۆرپەیەک نایەوێ لە منداڵدان بێتە دەرەوە. ئەم ڕستەیە وات لێ دەکات بچی ڕۆمانەکە بخوێنییەوە. خۆ بوون بە دەستی منداڵەکە نییە؟ چۆن منداڵێک دەتوانێ ئەو بڕیارە بدات؟ ئەمانە و سەتان (بۆ)ی ترت لا دروست دەبن. بۆیە پێش خوێندنەوە چاوەڕێی ڕۆمانێکی بەتام دەکەی. ئیرێنا باسی ڕۆمانەکەی خۆی دەکات بە یەک ڕستە: دووانەیەک لەدایک دەبن، کچەکە ئاساییە بەڵام کوڕەکە هێزی سیحری هەیە. ئەمە خەیاڵی خوێنەر بۆ خۆی رادەکێشێت، عەوداڵی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دەبێ.


دووەم: بیرکردنەوەی بە وێنە.
ئاسانە ڕۆمانێک بە وشە پڕ بکەیتەوە، گوێت لە وێنە نەبێ. بەس بۆ ئەوەی خوێنەر ببزوێنی، دەبێ بە وشەکانت وێنە دروست بکەی. هەڵبەت باسی وێنەی شیعری ناکەم، زۆر کەس ئەم شێوازە لە ڕۆمان بەکار دەبەن. کۆنە. مەبەستم لە وێنە دروستکردنی دیمەنێکی سینەماییە. ئیرێنا دەڵێت ڕۆماننووس لە کاتی نووسیندا دەبێ ببێتە ڤیدیۆگر و دەرهێنەر، دەبێ حسێبی هەموو گۆشەیەک بکات، هەستەکان بەکار ببات. بۆ نموونە پاڵەوان لەسەر هەسارەیێکە، ناکرێ هەر گرد و بیابان ببینێت. بۆن، تامی خۆراکی ئەوێ، بیستن، بینینی رەنگەکان. ئەمانە دیمەنەکە جوانتر دەکەن. ئەوە مانای وەسفی درێژدادڕ نییە، داوی بدەیتێ و هەر نەیبڕییەوە.


سێیەم: پێکهاتە
پێکهاتە بۆ سکرین لە هەموو ڕووێکەوە گرنگە. لە ڕۆمان، هەر ساتێک، کردارێک و جووڵەیەک رۆڵی خۆی هەیە. دەتەوێ ڕۆمانەکەت هەستێکی سینەمایی هەبێ؟ دەبێ کاری زیاتر لەسەر داڕشتنی پڵۆتەکەت بکەیت. ئەوەیە پێکهاتە. کەی فڵاشباک بەکار دەبەی؟ لە کوێ فۆرشادۆوینگ بەکار دەبەی؟ ڕۆمانی (سەردەمی گریانی بەڵقیس)ی جەبار جەمال دیمەنی جوانی تێدایە، بەتایبەتی دیمەنی فڕینی کۆترەکان لە سەیداوە، بەڵام لەبەر زۆری فلاشباک دیمەنەکان تامیان لەدەست دەدەن. لە پێنج بەشی یەکەمدا، هێندە فلاشباکی تێدایە گێڕانەوەکەی سست کردووە. پێنچ بەش تەنێ بۆ دۆزینەوەی ماڵی کچەکەی بەڵقیس وا لە خوێنەر دەکەن ڕۆمانەکە دانێ و دواتر بێتەوە سەری. پێکهاتەی پڵۆتەکەت دەبێ تژی بێ لە پێچ و بادانەوە (تویست) و شتی چاوەڕواننەکراو. هەر هەمان ڕۆمانی جەبار تویستی جوانی تێدایە. بۆ نموونە، بەڵقیس و مەحمود دڵنیان ماڵی نیانیان دۆزیوەتەوە، بەڵام دوای دیمەنێکی دڕامایی دەردەچێت ماڵەکە هەو نییە. فلاشباک گرنگە، بەڵام کەی و لە کوێ و چۆن بەکاری دەبەی گرنگترە. خێرایی گێڕانەوە توخمێکی سینەمایی دەدەن بە ڕۆمان. لە باسەکانی پێشوودا باسی خێراییم کردووە، تکایە بیخوێننەوە.


چوارەم: کرژی دڕامایی
خەز تژییە لە دڕاما. خەزی (فەهرنهایت ٤٥١)ی ڕێی بڕادبێری بەتامە لەبەر دیمەنە دڕاماییەکانی. زنجیرە خەزی (دایڤێرجنت)ی ڤیڕۆنیکا رۆس وات لێ دەکەن تامەزرۆی بەشی دواتر بی چونکە هەر بەشێک دیمەنێک یان چەند دیمەنێکی دڕاماییە. باشە دیمەنی دڕامایی چییە؟ قسە، ترس، هەست، سۆز، جووڵە و ململانەی کارەکتەرێکە لە دۆخێکدا، ئاستەنگی بەر خەون و هیوای کارەکتەرە. مەرج نییە ئاکشن بێ. نا. سەیری سێیەم لەبەرخۆدوانی هاملێت بکە کاتێ بە "من هەم یان نیم" دەست پێ دەکات. یەکێکە لە هەرە دیمەنە دڕاماییە جوانەکانی سەردەمی کلاسیک. پاڵەوانی (دووی سوور) کە سێیەم ڕۆمانمە، لە زیندان بەستراوەتەوە و هەموو لەشی خووساوی خوێنە. وڕێنە و خەونەکانی تژین لە دیمەنی دڕامایی.


پێنجەم: ئاکشن و دیالۆگ
ئاکشن و دیالۆگ دوو توخمی سەرەکیی سینەمان. بۆ نووسینی ڕۆمانێکی سینەمایی، دەبێ وەستایانە ئەو دوو توخمە بەکار ببەی. ئاکشن هەر لە پێناو ئاکشن تامی نییە. تەنانەت ئاکشنیش دەبێ بە مەبەست بێ و زانیاری بەخش و بەجۆش بێ بۆ خوێنەر. ئاکشن بە پەخشانە وەسف دەمرێ. زۆربەی ڕۆمانی کوردی تژین لە پەخشانە وەسف، بۆیە وشک و برینگ و بێ تامن. خوێنەری ئەم سەردەمە تام لەو ستایلە ناکەن. ئاکشن تاقیکردنەوەیە بۆ کارەکتەر؛ کاردانەوە و بەرسڤی چۆنە، هێز و هزر و هەدای چۆنە. پاڵەوانی (شاخوێنبەری سەرکردە) بێ ویستی خۆی لەدایک دەبێ، دەیخەمە نێو ئاکشنێک. کۆمەڵێک مرۆڤ دەوری دەدەن و تێر جوێن و تفی دەکەن. کاریگەریی ئەو دیمەنە وا لە پاڵەوانەکە دەکات هەموو گومانەکانی دنیای مرۆڤی پێ ڕاست بێ. دیالۆگ لەسەر سێ ئاست دێتە نووسین: کارەکتەر، پڵۆت و تێما. هەر دیالۆگێک خزمەتی ئەو سێیە نەکات دیمەنەکە کرچ دەکات. چۆنی و چاکی و ئەو شتانە درێژدادڕییە و گێڕانەوەکە بێ تام دەکەن.

شەشەم: ساتی لەبیرنەکراو
 فیلم چەند دیمەنێکی یەک بەدوای یەکی زنجیرەیەک رووداوە. شەڕ، هەڵاتن، سەرکەوتن، شکست، گاڵتە و گەپ، ڕۆمانس، لەدەستدان، مردن، شکان، ڕووخان و تاد. دەکرێ هەریەک لەمانە یادگاریێک لە زەینی خوێنەر دروست بکات قەت لەبیری نەچێتەوە. کێ هەیە مردنی ئۆفیلیا لە بیر بکات لە هاملێت؟ کێ هەیە ئۆڤ کە تەمای خۆکوشتنی هەیە لە بیر بکات؟ کێ هەیە کەرتی دوازدەی (هەنگە گێیمس) لە بیر بکات؟ کێ هەیە پێکەنینی سەدا لە ڕۆمانی (رۆژێک لەو ساڵانە هەڵدەگرم) لە بیر بکات؟ ئەو ساتەی پاڵەوانی (شاخوێنبەری سەرکردە) لەدایک دەبێ، دنیا دێنێتە هەژان تا لە منداڵداندا نەیەتە دەرەوە. کێ هەیە ئەو ساتە لە بیر بکات کاتێ ژنە ڕفێنراوەکە لە ڕۆمانی (گەن گێڵ) بەدەردەکەوێتەوە؟ کێ هەیە گۆڕانی فڕانکستاین لە بیر بکات؟ کێ هەیە قالۆچە گەورەکەی کافکا لە بیر بکات؟ خەزنووس بیت یان نا، دەبێ ڕۆمانەکەت تژی بێ لە ساتی لەبیرنەکراو.


حەفتەم: کارەکتەر و گەشتەکەی
هەر کارەکتەرێک مەرامێکی هەس، با سۆزداریش بێ. هەوڵی کارەکتەر بۆ گەیشتن بەو مەرامە دەیگۆڕێت. گەر پاڵەوانەکەت لە سەرەتاوە تا کۆتایی وەک خۆی بێت، ئەوا ڕۆمانەکەت لەوپەڕی بێ تامیدا خۆی دەبینێتەوە. ناشکرێ لە بەشی یەکەم هەرچی هەیە لەسەر کارەکتەرەکە هەڵیڕێژی. پێ بە پێ کارەکتەر گۆڕانی بەسەردا دێ. تا کۆتایی گەشتەکەی دەبێتە مرۆیێکی تر. پێی دەڵێن کارەکتەری داینامیکی (گۆڕاو)، کارەکتەری نەگۆڕیش (ستێیتیک) واتە نەگۆڕ. ئاساییە کارەکتەری لاوەکی نەگۆڕێ، بەڵام پاڵەوان دەبێ لە دار و بەرد بدرێ و زۆرترین گۆڕانی بەسەردا بێ. ئۆڤ لە سەرەتای ڕۆمانەکە دەیەوێت خۆی بکوژێت، بەڵام بەو رووداوانەی تووشی دەبێ ڕای دەگۆڕێ.
دەبێ ئەوەش بڵێم هەر چێژی سینەمایی نییە ڕۆمانەکەت بەتام دەکات. نا. هەرچۆن و هەرچیێک بێ، واز لە پەخشانە وەسف بێنە و خۆش بیگێڕەوە.


گۆران سەباح دکتۆرای لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا هەیە لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا. سێ ڕۆمانی (شاخوێنبەری سەرکردە، ترس و ڕق، دووی سوور) بە ئینگلیزی و کوردی چاپ کراوە. سکۆلەری فوڵبڕایتەرە، هەڵگری خەڵاتی باب سیگمان و کاڵدەر پیکێتی ئەمریکییە لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسیندا.


سەرچاوە
Brignull, Irena (September, 26 2017). Seven Top Tips to Create a Cinematic Novel. Retrieved at Writersdigest.com on July 9, 2020.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement