"حكومەتی هەرێم 15 ملیار دۆلار قەرزارە نەك 27 ملیار"
07:43 - 23/05/2020
سازدانی: زەمەن
ئەنوەر كەریم، شارەزایی بواری ئابووریو بەرپرسی گۆشەی ئابووری لە ژووری توێژینەوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، جەختدەكاتەوە كە حكومەتی هەرێم 15 ملیار دۆلار قەرزارە. كە بەشی زۆری موچەی فەرمانبەرانە.
ئەنوەر كەریم، لەم چاوپێكەوتنەدا هەڵسەنگاندن بۆ وتارەكەی مەسرور بارزانی دەكاتو دۆخی دارایی هەرێم بە مەترسیدارتر لە ساڵی 2014 دەزانێت.
زەمەن: خوێندنەوەی ئێوە بۆ دۆخی دارایی و ئابوری هەرێم چیە؟ كە هاوكات سەرۆكی حكومەتیش وتارێكی بڵاوكردەوەو هەندێك داتاو فاكتی گورچكبڕی خستە روو؟
ئەنوەر كەریم: لە 28 ساڵی رابردوودا لە ڕووی داراییو پلاندانانو كارگێڕییەوە هەمووی بە هەڵە بەڕێوەچووە، كاتی زۆری دەوێت بۆ راستكردنەوەو لە ژێر سەركردایەتی ئەم دوو حزبەدا هەرگیز راستناكرێتەوە، هەموو وڵاتێك كە پلانێكی ستراتیژی نەبێتو پلانەكە بە هەڵە دانرابێت كاتێكی زۆری دەوێت بۆ راستكردنەوە.
نەوت مەكینەی ئابووری جیهانە ئەم سەرچاوەی گرنگە بە تەنیا لە دەستی حكومەتی وەبەرهێنەری نەوتدا نیەو لە دەستی هەموو وڵاتانی تر بەتایبەت یاریكەرە گەورەكاندایەو لە بەر ئەوە هەرگیز ناتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت، لەبەرئەوە گەورەترین هەڵە ئەوەیە بە تەنیا پشت بەم سەرچاوە گرنگەی داهات ببەسترێت و یەكێكە لە هەڵە ستراتیژییەكان، چونكە كە كۆنترۆڵی لە دەست تۆدا نەبێت وەكو ئەوە وایە تۆ خاوەنی نەبیت، داهاتێكی زۆر ناجێگیرەو هەموو كات ئامادەیە بۆ بەرزبونەوەو نزمبونەوە.
بەپێی یاساكانی ئۆپیك ئەگەر رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنیت یاریكەریت، بەڵام هەرێم ئێستا یاریكەر نیە لە خوار ملیۆنێك بەرهەمدەهێنێت لە بەر ئەوە نابێت پشت بەم داهاتە ببەستێتو ناتوانرێت پلانی وڵات لەسەر ئەم داهاتە دابنرێت.
زەمەن: سەرۆكی حكومەت وتی لە كۆی 700 ملیۆن دۆلار تەنیا 300 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت دێتە خەزێنەی حكومەت ئایا لە هیچ شوێنێكدا هەیە حكومەت كەمتری لە نەوتەكەی دەستكەوێت؟
ئەنوەر كەریم: كێشەی زۆر گەورە هەیە لە سكێتەری نەوتدا، گرێبەستەكان ئەوەندە بەخراپی كراونو خەرجیەكانی ئەوەندە زۆرن سەدا 60 داهاتی نەوت دەچێت بۆ خەرجیەكان، بۆ نمونە لە ساڵی 2019دا بەپێی راپۆرتی دیلۆیت 300 ملیۆن دۆلار دراوە بە لایەنی سێیەم كە كۆمپانیا سكویرەتەكانن، ئەگەر مەسرور بارزانی دەیەوێت چاكسازی بكات دەبێت ئەم 300 ملیۆن دۆلارە لەم كۆمپانیایانە بسەنێتەوە كە لە سلێمانی سەر بە یەكێتینو لە هەولێریش سەر بە پارتین.
9 كێڵگەی وەبەرهێنانی نەوت هەیە و دوو لیوای نەوت و غاز بۆ پاراستنی كێڵگە نەوتیەكان دروستكراون, ئەم لیوایانە بودجەكەیان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە. با بێن ئەم دوو لیوایە دابنێن بۆ كێڵگە نەوتیەكانو ئیتر پێویست ناكات كۆمپانیای حزبیی سكویریتی هەبێت.
رێگەیەكی تری چاكسازیش لە كەرتی نەوتدا لێوەرگرتنى باجە لە كەسە بیانیەكان كە رۆژانە دوو هەزار دۆلار وەردەگرن ئەمانە زۆرترین پارە دەبەنەوە بۆ وڵاتەكانیان.
رێگەیەكی تر چاكسازییە لە پاڵاوگەكاندا كە پارەیەكی زۆر وەردەگرن بۆ پاڵاوتنی نەوت، بۆ نمونە ساڵی رابردوو 189 ملیۆن دۆلار دراوە بۆ پاڵاوتنی نەوت، دەبێت ئەمانە چاكسازیان تێدا بكات.
زەمەن: بە موچەخۆركردنی كۆمەڵگە بەو ئەندازەیە لە هیچ شوێنێكدا نمونەی هەیەو چارەسەر چیە؟
ئەنوەر كەریم: ئەوەی مەسرور بارزانی وتی راستە چونكە بەپێی بایۆمەتری ملیۆنێكو 256 هەزار موچەخۆر هەیە، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمیش شەش ملیۆنە ئەو رەقەمانە راستن كە سەدا 20ی دانیشتوان موچەخۆرنو سەدا 80ی بودجەش بۆ موچە، بەڵام قسەكە ئەوەیە بۆچی ئەم هەڵەیە كرا، ئەمان ئەگەر دەیانەوێت داهاتی هەرێم رێكبەخەن دەبێت دەستی بەرپرسان لە خاڵە سنوورییەكان ببڕن، مەبەستم پەروێزخانو باشماخو حاجی ئۆمەرانو ئیبراهیمو خەلیلو سێمڵكایە، لەم پێنج مەرزە كۆمپانیا حزبیەكان دوور بخەنەوە داهاتی باش بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.
دەبێت بە هەمانشێوە دەستی بەرپرسانی حزب لە فەرمانگەكان دووربخەنەوە، هەموو خزمەتگوزارییەكانی فەرمانگەكان لەلایەن كۆمپانیا حزبیەكانەوە كۆنترۆڵكراوە، دەبێت دەستی بەرپرسان لە بازرگانی دەرمانو جگەرەو سێكتەری میدیادا ببڕدرێت، میدیا كارەساتی ناوەتەوە بەرپرسی یەكەمی حزبە سەرەكیەكان دەیان سایتو پەیجو تەلەفزیۆنیان هەیە ئەو پارەیەی دەیدەن بە لەشكرێك خەڵك دەتوانن بە سێ مانگ كارگەیەكی پێ دروست بكەن كە هەلی كار دەرەخسێنێت، دەبێت لە مانەدا چاكسازی بكرێت، دەستبردن بۆ موچە لەسەدا یەكی چاكسازییە.
ئەمانە خەڵكێكی زۆریان دامەزراندوە لە پێناو ئەوەی دەنگیان پێبداتو بەرهەمیان نیە، لە كوردستان 246 هەزار هێزی سەربازی هەیە لە كاتێكدا بەریتانیا نزیكەی 70 ملیۆن كەسە نزیكەی 305 هەزار هێزی سەربازی هەیە، من دڵنیام سەرۆكی حكومەت ناتوانێت ئەم وڵاتە رێكبخاتەوە، رێكخستنەوەی ئەوەندە ئاسان نیە دەبێت ئەم سیستمە هەڵبوەشێتەوەو جارێكی تر لە بواری داراییو كارگێڕییەوە رێكبخرێتەوە.
زەمەن: بەڵام ئەمە یەكەمجارە كەسێك لە پلەیەكی باڵادا بێتو دان بە بوونی گەندەڵیدا بنێت ئەمە هەنگاو نیە بۆ چاكسازی؟
ئەنوەر كەریم: چەند جارێكە حكومەتی هەرێم بەرنامەی چاكسازی داناوە، سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی كابینەی پێشوو لە ساڵی 2016 دا پلانیاندانا بۆ چاكسازی بەڵام هیچیان نەچوونە بواری جێبەجێكردنەوە، دەستی حزب لە حكومەت دوور نەخرێتەوە ئەوەش چاكسازی نیە كە موچەی فەرمانبەرێك ببڕیت، ئەمە دەستبردنە بۆ قوتی خەڵكە، تەنیا چاكسازی لە موچەدا بكرێت، دەوڵەمەندەكان دەوڵەمەندتر دەكاتو هەژارەكانیش هەژار تر دەكات، دۆخی كوردستان لە بارێكی زۆر ترسناكدایە، ئیعتراف كردن بە هەڵە كارێكی باشە، بەڵام نابێت حكومەت خۆی هەڵبخەڵەتێنێت، هەرێمی كوردستان ئێستا خراپتر لە 2014كە نەوت دابەزیو بودجەكەشی بڕدرا، ئێستا هەم نرخی نەوت دابەزیوەو هەمیش كۆرۆنا هەیە كە پێناچێت بەمزوانە كۆتایی بێت, سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەبێت زوو دەست ببات بۆ ئەو سێكتەرانەی كە بودجەی وڵات هەڵدەلوشن.
زەمەن: بەپێی ئاماژەكان نرخی نەوت تا كەی بەمشێوەیەی ئێستا دەبێت؟
ئەنوەر كەریم: نرخی نەوت پەیوەندی بە سێ شتەوە هەیە، یەكەمیان پەیوەندی بە كەرەنتینەوە هەیە تا رێكارەكانی كەرەنتینە كەمتر بكرێنەوە باشترە چونكە وادەكات بەركابردنی نەوت زۆرتر دەبێت، كە كەرەنتینەش شكا كارگەكان دەكرێنەوە، دووەمیشیان دۆزینەوەی ڤاكسینە بۆ كۆرۆناو سێیەمیشیان رێككەوتنی ئۆپیك پڵەسو پڵەسێكی تر دروستبكرێت، مەبەستم ئەوەیە ئەو وڵاتانەی لە دەرەوەی ئۆپیك پڵەسن وەكو بەرازیلو ئەمریكاو نەرویج هەموویان لەگەڵ ئۆپیك پڵەس رێكبكەونو بۆ ئەوەی جارێكی تر بازاڕی نەوت پڕ نەبێتەوەو نرخی نەوت دابەزێت ئەمەش كارێكی قورسە چونكە زۆربەی وڵاتان بودجەیان لەسەر نەوتە، تا ئەمە نەكرێت هەرێم دۆخی باش نابێت.
زەمەن: ئەی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا چارەسەرە؟
ئەنوەر كەریم: بەغداش دۆخی لە ئێمە باشتر نیە راستە ئەو بانكی ناوەندی هەیەو دەتوانێت كارئاسانیان بۆ بكات یەكێك لەوانە دەتوانێت پارە چاپ بكاتو قەرز بكات یاخود قەواڵە بفرۆشێت، هەرێمی كوردستان ئەمانەی نیە، بەڵام عێراقیش هەمان كێشەی هەیەو پابەندكراوە بەوەی ملیۆنێك 65 هەزار بەرمیل نەوت ئەمە زۆر دەكەوێت لەسەر عێراق، لە كاتی خۆپیشاندانەكانیشدا (عادل عەبدولمەهدی) خەڵكی تری دامەزراندو تەمەنی خانەنشینیش كەمكراوەتەوە بۆ 60 ساڵ ئەمەش دەبێتە بارێكی قورس، مانگە چوار ملیارو 500 ملیۆ دۆلاری دەوێت بۆ موچەی فەرمانبەران و خەرجی، داهاتەكەشی زۆر كەمیكردوەو لە مانگی ئازاردا یەك ملیارو 400 ملیۆن دۆلار بووە واتە نزیكەی 3 ملیار دۆلار كورتهێنانی هەبووە، لەبەرئەوە هەرێم لەگەڵ بەغداشدا رێكبكەوێت پارەی زۆری بۆ نایەت، ئینجا یەك دونیا كێشەی تەكنیكی هەیە لە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتدا، باشترین چارەسەر چاكسازییە لە ناوخۆداو پێویستە رێگە لە بردنە دەرەوەی پارەی وڵات بگرێت، بۆ نمونە بۆ ماوەیەك رێگە لە هێنانی سەیارە بگرێت لەم رێگەیەوە ساڵانە نزیكەی ملیارێك دۆلار دەچێتە دەرەوە، بە هەمانشێوە رێگە لە هێنانی مۆبایل بگرێت واتە ئەو شتانەی كە نا پێویستنو بۆ زینەتن بۆ ماوەیەك رێگە لە هێنانیان بگیرێت.
زەمەن: پەیوەست بە قەرزەكانەوە هەرێم بۆچی ئەوەندە قەرزار بووە؟
ئەنوەر كەریم: بەپێی زانیارییەكانی ئێمە حكومەتی هەرێم 27 ملیار دۆلار قەرزار نیە، 9 ملیار دۆلار قەرزاری موچەی فەرمانبەرانەو 3 ملیار دۆلاریش پێشەكی لە كۆمپانیاكانی نەوت وەرگیراوە، 3 ملیار دۆلاریشی هی سەرمایەدارێكە كە سوتەمەنی دابینكردووە بۆ وێستگەكانی كارەبا ئەمە دەستی حزبی تێدایە هەمووی 15 ملیار دۆلارەو حكومەتی هەرێم پێویستە زۆر شەفاف بێت لەمەدا پێویستە ناوی ئەو كۆمپانیاو وەبەرهێنەرانە بڵێت كە پارەكەی لێوەرگرتوون.