بكوژ و رفێنهرانی خۆپیشاندهران ئاشكراكران
11:04 - 23/05/2020
"زهمهن"
رێكخراوی نهتهوه یهكگرتوهكان رایدهگهیهنێت، گروپه چهكدارهكان
لهدهستگیركردن و رفاندن و كوشتنی خۆپیشاندهرانی عێراق تێوهگلاون.
له راپۆرتێكدا، نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی نێردەی
نەتەوە یەکگرتوەکان له عێراق بڵاویكردهوه، 123 کەیسی رفاندنی خۆپیشاندهران تۆمارکردوە، کە لە ماوەی نێوان
یەکی تشرینی یەکەمی 2019 و 21ی ئازاری 2020 رویانداوە، 98 کەسیان ئازاد کراون و
چارەنووسی 25 کەسیشیان تا ئێستا نادیارە.
بهپێی راپۆرتهكه، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی
خۆپیشاندانەکان لەدەستپێکی مانگی تشرینی یەکەمی 2019 دا نەتەوە یەکگرتوەکان مردنی
490 چالاکوان و برینداربونی 7783 تریشی دوپات کردەوە، زۆرینەی خۆپێشاندەران
گەنجانی بێکاربون و داوایان دەکرد ڕێز لە مافە ئابوری و کۆمەلایەتییەکانیان
بگیرێت، خۆپێشاندانەکان بەردەوام بون تەنانەت تا دواى ئەوکاتەش کە پەتای ڤایرۆسی
کۆڕۆنا لە وڵاتدا بڵاوبوەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کردەکانی رفاندن و بێسەروشوێن
کردن لە نێو چەندین روداوی تر رویانداوە، کە پێشێلکاری و خەراپ مامەڵەى تری تێدا
بوە، چالاکوان و خۆپێشاندەران تیایدا کرابونە ئامانج، وەک کردەکانی کوشتنی بە
ئەنقەست و تەقەکردن و هێرش کردن بە چەقۆ و هەڕەشەکردن و تۆقاندن و بەکارهێنانی لە
رادەبەدەری هێز لە شوێنی خۆپیشاندانەکان.
ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان باس لهوهشدهكات، چەکدارانی
رێکخراو لە ئاستێکی باڵا و ئەوانەی توانای گەیشتنیان بە سەرچاوەکان هەیە لەو
کردارانە تێوەگڵاون.