978 دیمانە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم: مەترسیەكە بەرزە‌و شەپۆلی یەكەمی كۆرۆنا كۆتایی نەهاتووە

03:04 - 19/05/2020

"زەمەن" 


لە كاتێكدا هاوڵاتیان خۆیان بۆ جەژنی رەمەزان ئامادەكردبوو، وەزارەتی ناوخۆ كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد‌و قەدەغەی هاتوچۆی لە رۆژانی جەژندا راگەیاند، محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، هۆكاری دەركردنی بڕیارەكە بۆ بوونی مەترسیەكی زۆرە لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە چوارچێوەی قۆناغی یەكەمی پەتاكەدا.

 
لەسەرەتای رێكارەكانەوە تائێستا 10 هەزار كەس كەرەنتین كراون‌و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت  60 هەزار پشكنین كراون‌و هەر پشكنینێك 100 دۆلاری تێچووە.


زەمەن: با لە بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ دەستپێبكەین ئایا لەسەر بنەمای راوێژی ئێوە ئەو بڕیارانە دراون؟
محەمەد قادر: ئەو بڕیارانە لەبەر ئەوە دراون جەژن بەركەوتنی یەكجار زۆری تێدایە‌و قەرەباڵغیەكی زۆری تێدایە وەك لە رۆژانی ئاسایی، ئەو حاڵەتە نوێیانەش كە تۆماركراون گریمانەی ئەوە هەیە حاڵەتی تر هێشتا بوونی هەبێت چونكە حاڵەتەكانی سلێمانی ‌و بازیان سەرچاوەی توشبونیان دیار نەبوو، ئێستا مەترسیەكە بەرزترە چونكە خۆت دەزانیت قەدەغەی هاتوچۆش بوونی نیە‌و بەركەوتنەكان یەكجار زۆرن، وایدەبینین هاوڵاتیان لە پێناو سەلامەتی گیانی خۆیان پابەند دەبن بەو بڕیارانەوە.

 
زەمەن: بۆچی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەو شێوە توندە بڵاونەبوەوە، باس لە چەند هۆكارێك دەكرێن؟
محەمەد قادر: هۆكاری بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە كوردستان بە توندی بۆ چەند فاكتەرێك دەگەڕێتەوە یەكەمیان زوو رێنماییە تەندروستیەكان جێبەجێكران، دووەم ژمارەی ئەو پشكنینانەی كە دەكران ژمارەیەكی یەكجار بەرزە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان، تائێستا زیاتر لە 60 هەزار پشكنین كراوە، كەرەنتین كردن‌و بەدواداچوون وایكرد كۆرۆنا كەمتر لێرە بڵاوبێتەوە، جگە لە چەندین هۆكاری دەرەكی هەیە ئەو ڤایرۆسە لە هەر وڵاتێكدا بەجۆرێك دەردەكەوێت بۆ نمونە لە روسیا تا ماوەیەكی زۆر حاڵەتی كەمی تێدا بوو ئێستا دووەم وڵاتە، زانیارییە زانستیەكان لەبارەی ڤایرۆسەكە تائێستا زۆر سنوردارە، لەبەرئەوە ناتوانرێت تێڕوانینێكی سەدا سەدی دروست دابنیرێت كە بۆچی لە هەندێك وڵات زۆر بڵاوبوەتەوە‌و لە هەندێكی تر وانیە.

 

زەمەن: هەر پشكنینێك چەندی تێدەچێت؟
محەمەد قادر: نزیكەی 60 هەزار پشكنین كراون‌و هەر پشكنینێك 100 دۆلار لە وەزارەتی تەندروستی دەوەستێت، كیتەكان بەشێكی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراق‌و بەشێكیان لەلایەن رێكخراوەكانەوە دابینكراون.

 

زەمەن: لە وڵاتانی ئەوروپا كە بووەتە كێڵگەی ڤایرۆسەكە رێكارەكان كەمدەكرێنەوە‌و وردە وردە ژیان ئاسایی دەبێتەوە؟
محەمەد قادر: تائێستا ژمارەیەكی زۆر خەڵك لە جیهاندا تووش دەبن ئێمەش بەراورد بە سەرەتاكانی كۆرۆنا رێكارەنمان زۆر سوكتر بوون، بەڵام لەبەرئەوە چەند حاڵەتێكی خێرا دەركەوتن هەرچەندە ئێمە ئەمە هەر بە شەپۆلی یەكەم دەبینین تاوەكو ئێستا ئەم پەتایە بەردەوامە، كە ناوی شەپۆلی دووەمی لێ بنێیت دەبێت تا ماوەیەكی زۆر ئەم پەتایە ونبێت ‌و دووبارە دەستپێبكاتەوە ئەمە هەموو شەپۆلی یەكەمە ئەگەر حاڵەتی تریش تۆمار نەكەین مەترسیەكە وەكو خۆی بەردەوامە‌و بۆیە بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ كاریگەری باشی دەبێت.

 

زەمەن: لەسەرەتاوە تائێستا چەند كەس كەرەنتین كراون‌و ئێستا چەند كەس ماون؟
محەمەد قادر: تائێستا زیاتر لە 10 هەزار كەس كەرەنتینە كراوە نزیكەی هەزار كەس لە كەرەنتینەكاندا ماون‌و رۆژانە‌و ئەو ژمارانە هەندێك گۆڕانكاریان بەسەردا دێت، بەڵام زیاتر لە 9 هەزار كەس چونەتە ماڵەوە.

 

زەمەن: زانیاری هەیە كە خەڵك لە ئەوروپاوە گەڕاوەتەوە كەرەنتین نەكراوە؟
محەمەد قادر: هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە كەرەنتین دەكرێن ئەگەر كەسێك بیەوێت لەسەر حسابی خۆی لە شوێنی تر كەرەنتین بكرێت ئەوە شتێكی ترە، بەڵام بە مەرجێك دەبێت لە ژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستیدا بێت‌و بێگومان كۆمەڵێك پرۆتۆكۆڵی تایبەت هەیە‌و دەبێت جێبەجێی بكەن، ئێمە وەكو وەزارەتی شوێنی مانەوە‌و حەوانەی بۆ كەسێك پێویستە بە كوالیتیەكی زۆر باش دابینمان كردون.

 

زەمەن: رەخنەی ئەوە دەگیرێت كە كەرتی تایبەت هاوكاری كەرتی گشتی نەكردووە؟
محەمەد قادر: تائێستا پێویستی نەكردووە كەرتی تایبەت هاوكاری كەرتی گشتی بكات، چونكە ئەو توانایەی لەبەردەستی وەزارەتی تەندروستیدایە بەشی هەموو هەموو حاڵەتانە دەكات كە لە هەرێم تۆماركراون‌و دەبێت ئەو بابەتە لە ژێر چاودێری تەندروستی حكومیدا بێت بۆ ئەوەی هەموو پشكنینەكان لە یەك شوێنەوە بن‌و جگە لەوەش بۆ ئەوەی بە هەدەردانی ئەو كیت‌و پێداویستیانەش لەلایەن كەرتی تایبەتەوە نەبێت‌و لای وەزارەتی تەندروستی بێت باشتر چاودێری دەكرێت، لەسەر ئاستی جیهانیش ماسك‌و كەلوپەلی خۆپارێزیش كورتهێنانی هەیە ئەمانە هەموو فاكتەرن بۆ ئەوەی كەرتی حكومی بە تەنیا خزمەتگوزاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا پێشكەش بكات.

 

زەمەن: لە سەرەتادا لە هەولێر‌و سلێمانی باسی دۆزینەوەی چارەسەری كۆرۆنا كرا ئەوە بۆ دەنگی نەما؟
محەمەد قادر: چارەسەر لەسەر ئاستی جیهانیش نەدۆزراوەتەوە ئەوەی باسكراوە لە كوردستان بەرهەمهێنانی دەرمانێكە وەكو چارەسەر‌و پاڵپشتی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاردێت، بەڵام چارەسەری بنبڕكەر نیە، جۆرێكە لە چارەسەری یارمەتیدەر بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەم پەتایە تاوەكو نیشانەكان لە كەسی توشبوودا بە توندی دەرنەكەون، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی تائێستا هیچ چارەسەر‌و هیچ ڤاكسینێت لە دژی ئەم پەتایە نیە.

 

زەمەن: باسلەوەدەكرێت جیاوازی دەكرێت لە ژەمەخواردنی كەرەنتیەكاندا هەر ژەمێك لە سلێمانی 5 تا 10 هەزار تێدەچێت لە هەولێر نزیكەی 20 هەزارە؟
محەمەد قادر: زانیاریم لەسەر ژەمە خواردنەكان نیە ئەوە لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیەكان رێكدەخرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن