خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی تاجە گوڵینە تاجی دڕک
02:57 - 17/05/2020
نیشتیمان عبدالقادر
خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی تاجە گوڵینە تاجی دڕک - لە نووسینی سەردار عەبدوڵا
لەنێوان قەدەر و چارەنووسدا، مات بووم، وەک ئەوەی ترس لە تێڕامان لەوەی بووە و ڕوویداوە و لەوەی دەبێ ڕووبدا داگیری کردبم، بەردەوام بووم لە خوێندنەوە بەبێ وەستان، لەیەکەم دێڕ تا دوا ووشە، تا گەیشتم بە ( ژیان ) ، ئنجا قوڵپی گریان تەواو قوڕگی گرتم، حەزم ئەکرد حەوت ملیار مرۆڤ لە ئامێز بگرم، نەک تەنیا لە عارەبانەی پڕ موحیببەت و لێبوردەیی بیانلاوێنم و سووکە دیلانێیەک ئارامیان بکات و لە خەونە شیرینەکانی ناو ڕەحمی دایکیان غەرقیان بکات، بەڵکو، تا مەقامێک بیانبەم، تیایدا فێرببن کە کڕنۆش بردن بۆ خەڵقبوون، بۆ کەون، بۆ سروشت ڕاستەقینەترین ڕووتبوونەوەیە ، ڕەواترین مەھامە کە لەبەرامبەر وجوددا بە ڕەھایی ممارسەی بکەین لەپێناو چەشتنی ئەوپەڕی خۆشییدا کە ئەویش بەردەوامبوونی بوونمانە، جا لە ئاست کۆرۆنا یا غەیری کۆرۆناشدابێت.
ئەم ڕۆمانە مشتومڕێک ئەخاتەوە لەبارەی ( مێژوو، جا مێژووی من بێت یا مێژووی مرۆڤایەتی) ( ئایین، جا ئایینی من بێت یا ئایینی ئاسمانی ) ( سنوور و سنووردارێتی، جا سنوورەکانی من بێت یا سنوورەکانی تۆ ) ( دۆزەخ و بەھەشت، جا دروستکراوی خودی خۆم بن یا دروستکراوی ھەموو ئەوی دیەکانی تر ) ( سیستەمەکان، جا سیستەمە بێئاگاییانە دروستکراوەکانی خۆم بێت یا سیستەمە دروستکراوە بێماناییەکانی دەستی دەسەڵاتداران بێت ).
عارەبانەکان کە نووسەر وەک ھێما بەکاریھێناون بۆ ئەوەیە کە بڵێت، عارەبانە بەدرێژایی دروستبوونی خەڵق دووانەی مرۆڤ بوون ، یا ئەوەتا مرۆڤ بێئاگایانە یا بەئاگایانە لێیخوڕیون یا ئەوەتا جڵەویان بەرداوە و ئەوان مرۆڤیان لێخوڕیوە.
ئەشکەوتەکانیش ئەو پەناگایانەن کە زۆرینە وێڵن و پەی پێنابەن و کەمینەیەک خۆیانی تیا ئەدۆزنەوە ئیتر لەوێوە نەخشەی ژیانکردن ئەکێشن، گەرچی ئەشکەوتەکانی ناخی خود ڕاستەقینەترینیانە.
گەر تاکە حیکایەتخوان خوا بێت لە سەرلەبەری وجوددا، ئەوا تاکە قارەمان لە کە لە ئاستی حیکایەتخوانیی خوادا بێت ( منداڵ ) ە، چونکە منداڵ ئەو تاکە کائینەیە کە بەردەوامیی دەدا بە ژیان و سەرەتاشە بۆ خەڵقبونەوە، منداڵ دایک دروست دەکات ، دایک منداڵ دروست ناکات ، ھەبوونی منداڵ، دایکبوونی لێئەکەوێتەوە و ئاست و ئاراستە و شێوازی ژیانکردن بۆ بوون بە دایک دیاری دەکات، بە مانایەکی تر منداڵ ئاراستە و نەخشەی نەک ژیان بەڵکو پەیوەستبوون بە موفرەداتی ژیانیش ئەکێشێ وەک لەم ڕۆمانەدا بەرجەستەکراوە.
ڕۆمانێک بەخۆشەویستی و بۆ خۆشەویستی ، سادە لە ھۆنینەوە، سادە لە دواندن، سادە تەنانەت لە سەرسوڕھێنانیش، ھاوکات، ئاڵۆز لە گرێدانەوەی سەربوردەکان و قۆناغەکان و کەسەکان و زەمەن و مەملەکەتە جیاوازەکانیان لە سیاقێکدا کە مێژووی مرۆڤ و مرۆڤایەتیان دروست کردوە.
ئەم ڕۆمانە زۆرێک لە بۆچوونی دەقبەستووی ھەزاران ساڵی ھەڵگێڕاوەتەوە و بەدیوێکی تردا خستونیەتەڕوو.
دواجار ئەڵێم کە ئەگەر بۆ ساتێک خۆم وەک ( بووک ) وێناکردبێ ئەوا بە تاجە گوڵینە بە گوڵە نێرگزەوە بووە ، پاش خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆم دەرکەوت کە ئێمەی حەوا بەو تاجەوە خەڵق بووین .