مشکەکانی لودڤیگسهافن
12:26 - 14/05/2020
کولتووری زەمەن
مشکەکانی لودڤیگسهافن، ئەمە ناوی شانۆگەرییەکی ئەڵمانییە، 16 ئەکتەر رۆڵی تێدا دەبینین، یەکێ لە ئەکتەرەکانی یوسف مەنتیک، ئەکتەر و نووسەری کوردە، کە لە شانۆگەرییەکەدا، بە زمانی ئەڵمانی و کوردی، باس لە کێشە و خەم و ئازارەکانی کورد دەکات. شانۆگەرییەکە لە لایەن بارابا ڤاندلاند، نووسراوەو تیلمان گێرش، کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
یوسف مەنتیک، ئەکتەر لە شانۆگەریی مشکەکانی لودڤیگسهافن، لەبارەی ڕۆڵبینی لەم شانۆگەرییەدا، لە ئەڵمانیاوە بۆ کولتووری زەمەن دواو وتی: (من، لەم شانۆگەرییەدا ڕۆڵی کاراکتەری "برۆنۆ" دەبینێت بە هەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی باس لە ئاوارەبوونی گەلی کورد و دابەشکردنی کوردستان دەکەم دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، لەدیمەنێکی گرنگدا باسی ژیاننامەی خۆم وەک کوردێک دەکەم، کە لە وەتەی هەستمکردووە، هەمیشەی دووچاری شەڕو داگیرکردن بوینەتەوە، هەموو ژیانمان بۆتە شەڕ."
سەبارەت بە ڕۆڵ بینینەکەی، مەتیک دەڵێت: (لە بەشێکی تری شانۆگەرییەکەدا، چیرۆکی هەڵهاتنی خۆم دەگیڕمەوە، لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا، بەهۆی شەڕ، من و هەزاران هاوڵاتی کورد وڵاتی باب وباپیرانمان جێدەهێڵین، کەسێکی وەک من چەندین سنووری وڵاتانم بە پیادە بڕیووە لە کوردستانی ئێراقەوە بۆ ئێران و تورکیا و یۆنان و ئیتالیا و فەرەنسا و تا گەیشتووم بە ئەڵمانیا، ڕێگاو سەفەرێکی سەختم بڕیوە...هتد)
سەبارەت بە کاتی نمایشکردنی شانۆگەرییەکەیان، مەنتیک دەڵێت: (بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا نمایش بکەین، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، نمایشەکەمان دواکەوتووەو ئامادەیە بۆ نمایش تا بارودۆخ ئاسایی دەبێتەوە.)