سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى:
پارتى لە پیرۆزبایى لە سەرکردایەتى نوێى یەکێتى کەمتەرخەمبوو
12:34 - 13/05/2020
سازدانی: مەعاز فەرحان
7ی ئایار, پەرلەمان لەسەر بنەمای كەمینەو زۆرینەی دانیشتنی كردو درزی نێوان فراكسیۆنەكانو حزبەكانی قوڵتركردەوەو سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی پێیوایە پارتی هەرچیەكی بوێت دەتوانێت لە پەرلەمان بیكات "بەڵام ئەو كاتە رێككەوتنە سیاسیەكەش لە نێوان حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەت هەڵدەوەشێتەوە".
جەمال حەوێز، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ "زەمەن" باس لە دۆخی ئێستای پەرلەمان دەكاتو دەڵێت جێگرو سكرتێری پەرلەمان یەكدەنگ دەبن، بەرامبەر بە دەنگی سەرۆكی پەرلەمان.
رەخنەش لە سەركردایەتی پارتی گرتو وتی "دەبوایە پیرۆزباییان بكردایە زەمینەسازییان بكردایە بۆ كۆبوونەوە بەڵام بە داخەوە كەمتەرخەمبوون".
زەمەن: لە دوای دانیشتنی 7ی مانگەوە پێتوایە دۆخی پەرلەمان ئاسایی بێتەوە؟
جەمال حەوێز: هەر دەبێت ئاسایی بێتەوە ناكرێت ئەو فراكسیۆنانەی دانیشتنی حەوتی مانگیان كرد لەسەر بایكۆت بەردەوامبن، بەڵام دەبێت میكانیزمێكی نوێ بۆ وەرزی نوێی یاسادانان پەیڕەوبكرێت بۆ پەسەندكردنی پرۆژە یاساكان بزانین ئەو پرۆژە یاسایانەی كە حكومەت دەیانێرێتو ئەو پرۆژانەی فراكسیۆنەكان هەیانە لەسەریان رێككەوتن بكرێت بۆ پەسەندكردنو تێپەڕاندنیان، بایكۆت هەر بۆ ئەو رۆژەبوو كە رەتمانكردەوە پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران وەربگیرێتەوەو بایكۆت بۆ گێڕانەوەی شكۆی پەرلەمان بوو.
زەمەن: رەخنەی ئەوە لەم خولەی پەرلەمان دەگیرێت كە بەتەواوەتی لە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتدایە لە كاتێكدا دەبێت پێچەوانە بێت؟
جەمال حەوێز: دیارە ئێمە كە سێ حزبین بە رێككەوتنی سیاسی حكومەتمان پێكهێناوە، پارتی، یەكێتی، گۆڕان، هەموومان شەریكینو بەرگریمان لێكردووە ئەو كات دەبێت هەندێك پرۆژەش پەسەند بكرێت لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بنو با لە حكومەتیش بین دەبێت حكومەت رێگەمان پێبدات ئەو پرۆژانەی كە ئەمڕۆ پێویستن بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكرێنە یاسا.
زەمەن: گرێدانی ئەو دانیشتنە مانای ئەوە نیە كە ئیتر پارتی لە مەودوا دەتوانێت هەموو بابەتێك بەزۆرینەو كەمینە یەكلابكاتەوە؟
جەمال حەوێز: لەسەرەتای ئەم خولەوە كە ئێمە بایكۆتمان كرد دیارە پارتی زۆر شتی كردو بۆی چووە سەر لەبەرئەوە ئەوان 45 كورسی خۆیانو 11 كورسی پێكهاتەكانو كورسیەكی سۆشیالیستیان هەیەو زیاد لە (50+1) یان هەیەو دەتوانن هەموو شتێك بكەن، بەڵام هەموو شتێكیش زۆرینەو كەمینە نیە، زۆر پرۆژە هەیە رەهەندی نیشتمانیان هەیەو بە زۆرینەو كەمینە نابن، وەكو دەستوور، بەڵام بۆ پرۆژەكانی تر هەرچیەكیان بوێت دەتوانن بیكەن بەڵام ئەو كاتە رێككەوتنە سیاسیەكەش لە نێوان حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەت هەڵدەوەشێتەوە.
زەمەن: واتە ئێستا هیچ مەترسیەك لەسەر رێككەوتنەكە دروست بووە؟
جەمال حەوێز: نەخێر كار نەگەیشتوەتە ئەوەی مەترسی لەسەر رێككەوتنەكە دروست بێت، ئێمە هەموو لایەكمان لە هەوڵی ئەوەداین بارودۆخەكە ئاسایی بكەینەوە.
زەمەن: دەوترێت لەم دۆخەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان هیچ رۆڵی بۆ سەرۆكی پەرلەمان نەهێشتوەتەوە ئێوە لەمبارەیەوە هیچ تێبینیو نیگەرانیەكتان هەیە؟
جەمال حەوێز: دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە سێ كەس پێكدێت، ئەگەر كار بگاتە سەر یەكلاكردنەوەی پرسەكان بە دڵنیاییەوە جێگرو سكرتێری پەرلەمان یەك دەنگ دەبن، بەرامبەر بە دەنگی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام وەك ئەوەی لە پەیڕەودا هاتووە دانیشتن هەتاوەكو سەرۆكی پەرلەمان ئیعلانی نەكات ئەو دوو بەڕێزە بۆیان نیە كاتی دانیشتنی پەرلەمان رابگەیەنن.
زەمەن: قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە ئەم خولەی پەرلەمان لاوازترین خولەكان خەتای سەرۆكایەتی یان پەرلەمانتاران یاخود حزبەكانە؟
جەمال حەوێز: لاوازییەكە لە وەدایە ئۆپۆزسیۆن لاوازە لەناو پەرلەمان، پێشتر ئۆپۆزسیۆن بە دەنگی یەكێتیەوە لە پەنجا یەك زیاتر بوون لەبەرئەوە نەدەكرا بە تاكڕەوانە هەموو شتێك بكرێت بەڵام پارتی بە حكومی كورسیەكانی خۆیانو كۆتاكان دەتوانن زۆر شت بكەن، ئەم خولە وا تێپەڕی كە زۆرینەی ڕەها لە دەستی پارتیە.
زەمەن: پێتوایە ئەم پەرلەمانەی ئێستا توانای لێپرسینەوەی لە سەرۆكی حكومەت یان وەزیرێك هەبێت؟
جەمال حەوێز: بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بۆمان هەیە پرسیار ئاڕاستەی وەزیر بكەین ئەویش وەڵامی پرسیارەكان بداتەوە، ئەگەر وەڵامی نەدایەوە ئەو كاتە بانگهێشت بكرێت، تائێستاش زۆر لەوە وەزیرەكان هاتونەتە پەرلەمان بەڵام ئەگەر بە بانگهێشتی تایبەت بێت و فراكسیۆنێك داوای ئامادەبوونی وەزیرێكی كردبێت ئەوە تائێستا نەكراوە.
زەمەن: دەوترێت لە بابەتی لێسەندنەوەی پارێزبەندیدا كەمینەكان بەكارهێنران، لەم ڕوەوە چارەسەر چیە بۆ ئەوەی لە ململانێ سیاسیەكاندا بەكارنەهێنرێن؟
جەمال حەوێز: تازە ئەوان لە ململانێ سیاسیەكان تێوەگلاون، كەوتنە ئەو ناو ئەم مەعمەعەیەوە، كوردستان بەوەوە جوانە كەمینەكان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان هەبێت، حزبەكان نەتوانن بۆ مەرامی خۆیان بەكاریان بهێنن بەڵام لە كۆبونەوەكەی حەوتی ئایار بەكارهێنران.
زەمەن: هیچ پرۆژەیەك هەیە بۆ ئەوەی كورسی كەمینەكان كەمبكرێنەوە ئێوە لەگەڵ ئەوەدان كورسیەكان كەمبكرێنەوە؟
جەمال حەوێز: لەگەڵ ئەوەداین نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، ئەرمەن یان كلدۆئاشورو توركمان كە دەیانەوێت بێننەوە ناو پرۆسەی سیاسی نوێنەرەكانی خۆیان هەڵبژێرن نەك لا بەلا حزبێك لە جیاتی نەتەوەكان دەنگیان بۆ كۆبكاتەوە.
زەمەن: پەیوەندییە سیاسیەكانی یەكێتی و پارتی ئاڵۆزنو لە پەرلەمانیش بە هەمانشێوە، بەڵام هەست دەكرێت لە حكومەت پێكەوە باشترن، خراپی پەیوەندییە سیاسیەكان كاریگەری ناكاتە سەر حكومەتیش.
جەمال حەوێز: بە دڵنیاییەوە خراپی پەیوەندییە سیاسیەكانە لەناو پەرلەمان رەنگیداوەتەوە لە ناو پەرلەمان، لە نێوانی پارتیو یەكێتیدا كێشەی گەورەتر هەبووە چارەسەر كراوە ئومێد دەكەین دانیشتن بكرێت لە نێوان قیادەی هەردوو حزب.
زەمەن: ئێستا كۆبونەوەی یەكێتیو پارتی وەكو بابەتێكی گەورە سەیر دەكرێت، كێ رێگرە لەوەی كۆنەبنەوە؟
جەمال حەوێز: تا ئێستا تۆپەكە لە ساحەی پارتی بووە، ئێمە كۆنگرەمان كردووە, قیادەیەكی نوێمان هەڵبژارد دەبوایە برادەرانی پارتی بە حكومی ئەوەی ئێمە دوو حزبی سەرەكین لە كوردستان، حسابی 21و 45 كورسیەكەیان نەكردایە، چونكە راستە ئێمە 21 كورسیمان هەیە، بەڵام نیوە هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیسو جوگرافیای كوردستانمان لە ژێر دەستدایە، دەبوایە ئەوان هەم پیرۆزباییان بكردایە هەم بەپیر بانگەوازی یەكڕیزی بڕۆشتنایەو ئەوان زەمینەسازییان بكردایە بۆ كۆبوونەوە بەڵام بە داخەوە كەمتەرخەمبوون.