چوار چەکدارى داعش کوژران
08:52 - 04/05/2020
"زەمەن"
ئەفسەرێک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، چەکدارانی داعش هەوڵیاندا هێرش
بکەنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عەیس رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەددین.
ئەفسەرێک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی حەشدی شەعبی زانیاریی
پێشوەختیان هەبوو لەسەر ئەگەری هێرشەکەی داعش و بە مووشەک هەر چوار چەکدارەکەی
داعشیان کوشت کە لە ئامادەکاریی هێرشکردندابوون.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هیچ قوربانییەک لەنێو ریزەکانی حەشدی شەعبیدا نەکەوتووەتەوە.
بەیانی رۆژی هەینی، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر چەند
خاڵێک و بەربەستی ئەمنیی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەڵاحەددین و بەهۆیەوە ١٣ کەس
کوژران و ٢٠ دیکە برینداربوون.
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی
نێودەوڵەتیی دژی داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕێکی سەخت دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆنتڕۆڵکردنەوەی
تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژماردەکرا و
داعش لە ھاوینی ٢٠١٤دا کۆنتڕۆڵی کردبوو
وێڕای ئەوەی ھێزەکانی عێراق داعشیان لە ناوچەکان دەرکردووە و شارەکانیان
ئازادکردووه، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تا ئێستا بەردەوامن لە ھێرشەکانیان
لە گوندەوارەکانی پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار.