دیمانە

د.زانا حه‌مید: ده‌رمانی چاره‌سه‌ركردنی كۆرۆنا دروست ده‌كه‌م

10:29 - 23/04/2020 698 جار خوێندراوەتەوە

"زه‌مه‌ن"
د.زانا حه‌مید هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرایه‌ له‌ زانكۆی (لیڤه‌رپوڵ) له‌بواری ڤایره‌سی كۆرۆنا وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك ده‌داته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڤایره‌سی كۆرۆنا و پێئشهاته‌كانی له‌ ئاینده‌دا، هه‌روه‌ها باس دروستكردنی ڤاكسین ده‌كات، ده‌شڵێت" دوو ده‌رمانم ئاماده‌یه‌ وه‌ك چاره‌سه‌ری ڤایره‌سی كۆرۆنا به‌ڵام پێویستم به‌هاوكاریكردنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌مه‌ ئه‌نجام ئه‌گه‌ر هاوكاری بكرێم ده‌ست ده‌كه‌م به‌دروستكردنی، چونكه‌ به‌ پێی توێژینه‌وه‌كه‌م كه‌ له‌زانكۆی لیڤه‌رپول ئه‌نجامم دا به‌ڕێژه‌ی له‌ 80% كاریگه‌ری هه‌بوو ئه‌و ده‌رمانانه‌ له‌سه‌رخانه‌ به‌پله‌ی زۆرباش توێژینه‌وه‌كه‌م وه‌رگیرا ."

 
د.زانا حه‌مید پسپۆڕی ڤایره‌سی كۆرۆنا له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وه‌ڵامی ده‌نگۆی ئه‌گه‌ری بڵاوبونه‌وه‌ی شه‌پۆلی دووه‌می كۆرۆنا كرد و وتی" به‌ حوكمی تایبه‌تمه‌ندی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا كه‌ دوو خاسیه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ شێوازی خۆ گۆڕین و دروست بوونی ڤایڕه‌سی نوێ ئه‌وانیش بریتین له‌ گۆڕانكاری له‌ بۆماوه‌مادده‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ جینه‌كانی ڕووپۆشی ڤایڕه‌سه‌كه‌ یاخود به‌رگی ده‌ره‌وه‌ی ڤایڕه‌سه‌كه‌ ڕوو ده‌دات كه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری گۆڕینی خودی ڤایڕه‌سه‌كه‌ یاخود پڕۆتینه‌كانیشی ده‌گۆڕێت به‌م شێوه‌یه‌ ڤایڕه‌سێكی تازه‌تر یاخود كه‌مێك جیاوازتر له‌وه‌ی تر دروست ده‌بێت، تایبه‌تمه‌ندی دووه‌م بریتی یه‌ له‌ تێكه‌ڵ بوونی ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر له‌ خانه‌خوێیه‌كدا یان له‌ گیانه‌وه‌رێكدا له‌ناو یه‌ك خانه‌یه‌ له‌وكاته‌دا ده‌توانن جیناته‌كانی خۆیان بگۆڕنه‌وه‌ به‌ته‌واوی ڤایڕه‌سی تازه‌تر دروست ده‌بێت، به‌م دوو تایبه‌تمه‌ندیه‌ كه‌ له‌ ته‌واوی خێزانی كۆرۆنایه‌ هه‌ن، بۆیه‌ پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌داخه‌وه‌ شه‌پۆلی تری كۆرۆنا دروست ده‌بێت."

هه‌روه‌ها وتی" باوه‌ڕ ناكه‌م كوردستان له‌به‌رده‌مه‌م مه‌ترسی شه‌پۆلی دووه‌می كۆرۆنادا بێت چونكه‌ ئێمه‌ ئه‌زموونێكی باشمان هه‌یه‌ له‌ ڕێگری كردن له‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ وه‌ تاڕاده‌یه‌ك ناسیومانه‌ و توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌كه‌ین به‌ڵام شلگیری كردن له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ په‌تاكاندا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌تایبه‌ت كۆرۆنا ئه‌گه‌ره‌كه‌ زیاتر ئه‌كات چونكه‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ سنور ناناسێت."
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی بۆچی ڕێ و شوێنه‌كان بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ جیهاندا به‌توندی گیرایه‌به‌ر به‌ڕاده‌یه‌ك كواره‌نتینی لێكه‌وته‌وه‌ له‌كاتێكدا پێشتر ڤایره‌سی ئیبۆلا و سارس هه‌بووه‌ كه‌ وه‌ك باس ده‌كرێت له‌هه‌مان گروپه‌؟

له‌وه‌ڵامدا پسپۆڕه‌كه‌ی ڤایرسه‌ی كۆرۆنا ده‌ڵێت" پێشتر له‌وانه‌یه‌ له‌ ناوه‌نده‌ زانستی یه‌كان ئاگاداری ئه‌وه‌ بووبن كه‌ خێزانی كۆرۆنا توانای بڵاوبونه‌وه‌ی شاراوه‌ییان زۆره‌ واته‌ ئه‌و توانا شاراوه‌یه‌ی بۆ دروستكردنی په‌تا به‌به‌رده‌وامی له‌و خێزانانه‌یه‌ هه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌میشه‌ مه‌ترسیداره‌ ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سه‌كه‌ بكه‌ین له‌ وهان و دواتر له‌ته‌واوی وڵاتی چین، دواتر كردیه‌ په‌تایه‌كی جیهانی، سه‌ره‌تا ئه‌و ئاماده‌ سازییه‌ نه‌بوو له‌به‌شێك له‌ وڵاتاندا كه‌ پێویسته‌ بابه‌تی كواره‌نتین و پڕیڤێنشن گرنگیه‌كی زۆری پێ بدرێت، كاتێك په‌تای ڤایڕه‌سی ڕوو ده‌دات، لایه‌نه‌ ته‌ندروستیه‌كان توشی داڕمان ده‌بن، چونكه‌ ته‌حه‌مولی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌نه‌خۆش ناكه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ باشترین هۆكار ، ڕێگری كردنه، چونكه‌ مه‌ترسیه‌كانی هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، ده‌بێت وردتر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت."

سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێ و شوێنه‌كان و سنوری كواره‌نتینه‌كان له‌ناوخۆی شاره‌كانی هه‌رێم؟ د.زانا حه‌مید ده‌ڵێت" ناتوانم بڵێم شكاندنی كواره‌نتین بڕیارێكی هه‌ڵه‌ بوو چونكه‌ ئاماره‌كان ڕوو له‌ دابه‌زینه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ نیه‌ هێشتا ته‌واو بوو بێت، هێشتا مه‌ترسیه‌كه‌ ماوه‌ پێویسته‌ ئه‌و ڕێكارانه‌ كه‌ پێشوتر له‌بابه‌تی چاودێری كردن و به‌دواداچونی ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یه‌نراون ئه‌وانه‌ سارد نه‌كرێنه‌وه‌ و خاو نه‌كرێنه‌وه‌، ڕاسته‌ ئه‌و پلانه‌ی دانرابوو به‌ شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو به‌ سه‌ركه‌وتووی ڕۆیشتووه‌ كه‌ ئێستا به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌بینیین ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م تووش بوون. "

ئه‌و پسپۆڕه‌ی ڤایره‌سی كۆرۆنا له‌باره‌ی هۆكاری سه‌ركه‌وتن یان به‌سه‌ر ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت به‌شێوازێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو سه‌ركه‌وتوو بوو؟ د.زانا ده‌ڵێت"سه‌ره‌تای مانگی دوو بوو كه‌ بڕیاری دروستكردنی تاقیگه‌ و ئاماده‌سازی نه‌خۆشخانه‌كان و ته‌واوی ئه‌و پێداویستی و ئه‌و ئاماده‌سازیه‌ی كه‌ كران، نه‌خۆشخانه‌ی باشمان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌دڵنیایه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر په‌تایه‌یه‌كی له‌وجۆره‌ به‌رگه‌ ناگرین چونكه‌ ژماره‌ی (بێد) ه‌كان زۆر نیین (ڤێنتیله‌یته‌ر)ه‌كان / (ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد) مان زۆر نیه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ پێشتر جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ده‌بێت هۆكاره‌كانی ڕێگری كردن بگرینه‌به‌ر بابه‌تی كواره‌نتین كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات هاتبوونه‌وه‌ یه‌كێك بوو له‌وانه‌ وه‌ زۆرترین كواره‌نتین له‌دوای 21/2 وه‌ ده‌ستی پێكرد، به‌داخه‌وه‌ له‌ وڵاتی ئێران بڵاوبوویه‌وه‌ و ڕاسته‌خۆش مردنی به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌دوای ئه‌وه‌ به‌هه‌زاران كه‌س له‌سنوره‌كان مانه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ كه‌س به‌ قاچاغ خۆیان گه‌یانده‌ ناو شاره‌كان، ئێمه‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنامان له‌ناو خه‌ڵكی بێ نیشانه‌دا دۆزیه‌وه‌ ئه‌وه‌ باشترین ده‌سپێك بوو بۆ ئێمه‌ ئه‌وه‌مان سه‌لماند كه‌ ده‌كرێت ڤایڕه‌سی كۆرۆنا له‌ هه‌ندێك كه‌سدا هه‌بن به‌بێ بوونی هیچ نیشانه‌یه‌ك، له‌ژماره‌كانی سه‌ره‌تادا ته‌واوی هه‌ڵگری نه‌خۆشیه‌كه‌ بێ نیشانه‌ بوون به‌ڵام توانای ئه‌وه‌یان هه‌بوو كه‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ بگوازنه‌وه‌ ئێمه‌ توانیمان به‌ سیسته‌می به‌دواداچوون یاخود ڕێگری كردن هه‌ر توش بوویه‌ك تۆمار ده‌كرا، ڕاسته‌خۆ به‌چه‌ند بازنه‌یه‌ك به‌ده‌وروبه‌ری ئه‌و كه‌سه‌دا له‌ڕووی خێزان و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ چه‌ندین كه‌سی ترمان له‌ به‌ركه‌وته‌كانی ده‌دۆزیه‌وه‌ بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ڕێگریه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو، گومانمان ده‌كرد توش بوویه‌كی زۆر گه‌ڕابێته‌وه‌ ناو شاره‌كان ، به‌ڵام "سوپاس بۆ خوا" وا نه‌بوو. وه‌ ئێستاش دۆخه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك جێگیره‌.هۆكاری سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌ ئه‌و ده‌ستپێكه‌ بوو كه‌ توانیمان ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ بدۆزینه‌وه‌ و دواتریش توانیمان به‌دواداچونی بۆ بكه‌ین و ژماره‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆر نه‌بوون كه‌ له‌توانای ئێمه‌ ده‌ربچێت."

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند" به‌چاودێریكردنی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ چوار مانگی پێشودا، له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڤایڕه‌سه‌كه‌ له‌ چین-ه‌وه‌ وه‌ دواتر شێوازی بڵاوبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌و ڕاسته‌یه‌ ده‌رده‌خات ئه‌و وڵاتانه‌ی بابه‌تی كواره‌نتییان به‌هێزتر بوو، باشتر خۆیان گرت، له‌زۆربه‌ی وڵاتاندا ڤایڕه‌سه‌كه‌ بازنه‌یه‌كی كاتی هه‌یه‌ ڤایڕه‌سی وه‌ له‌و توشبووانه‌ به‌رگریه‌كه‌ دروست ده‌بێت، كه‌ زه‌نگێگه‌ بۆ جیهان كه‌ ڤایڕه‌سه‌كان هه‌رگیز ناخه‌ون كه‌ له‌پڕ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و په‌تای جیهانی دروست ده‌كه‌ن، ناكرێت جیهان له‌ كواره‌نتین دا بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ژیان ده‌وه‌ستێت."

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین له‌ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا؟ د.زانا حه‌مید ده‌ڵێت" ده‌كرێت بۆ چه‌ند مانگێك ڤاكسین كاریگه‌ری هه‌بێت به‌ڵام دواتر هیچ كاریگه‌ریه‌كی نامێنێت ده‌بێت به‌رده‌وام چاودێری ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ بكه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت هه‌مان جۆری ئه‌و ڤایڕه‌سیه‌ كه‌ ڤاكسینه‌كه‌ی لێ دروستكراوه‌. ئه‌گه‌ر به‌ ڕێژه‌ی 2% زیاتر گۆڕانكاری ڕووبدات له‌نێوان ڤایڕه‌سێك و ڤاكسینه‌كه‌، ئه‌و كاته‌ ئه‌و ڤاكسینه‌كه‌ سودێكی ئه‌وتۆی نابێت.به‌ڕای من ئه‌و پارانه‌ی بۆ ڤاكسین ته‌رخان ده‌كرێت باشتره‌ له‌بواری دۆزینه‌وه‌ی ده‌رماندا ته‌رخان بكرێت."

د.زانا حه‌مید ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات" دوو ده‌رمانیشم ئاماده‌یه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ر ڤایڕه‌سی كورۆنا به‌ڵام تا ئێستا ئه‌نجامه‌كه‌یم به‌ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌، چه‌ند هه‌نگاوێكی ترم ماوه‌ له‌بواری توێژینه‌وه‌دا، ده‌كرێت توێژینه‌وه‌كه‌ی من به‌ ده‌رئه‌نجامی نێگه‌تیڤ ده‌ربچێت وه‌ ده‌كرێت ببێته‌ هۆكاری دروست بوونی ده‌رمانیش. "
د.زانا ڕونیكرده‌وه‌" من ته‌واوی توێژینه‌وه‌ی دكتۆراكه‌م له‌سه‌ر دوو ده‌رمان بوو كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌كارم هێناون، وه‌ تا ئێستا ئه‌م دوو ده‌رمانه‌ له‌ هیچ هه‌وڵێك له‌و هه‌وڵانه‌ی بۆ ڤایڕه‌سی كۆرۆنا دراون، به‌كار نه‌هێنراون، له‌رێی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه‌ ئه‌م پڕۆژه‌م پێشكه‌ش كردووه‌، من ئه‌و هه‌وڵه‌م بۆ كۆرۆنای كلاسیك پێشكه‌ش كردووه‌ ئێستا هه‌مان شێوازی كاركردن هه‌یه‌ به‌هاوشێوه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی كه‌ من پێی گه‌یشتووم."

ده‌رباره‌ی تێچووی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و ده‌رمانه‌ د.زانا حه‌مید ده‌ڵێت" من ئه‌وه‌ی داوای ده‌كه‌م بابه‌تی گرانت بۆ توێژینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زۆر به‌باشی توێژینه‌وه‌ی تیا بكه‌م له‌و دوو ده‌رمانه‌دا یه‌ك ملیۆن دۆلاری ده‌وێت، من بڕوانامه‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ و به‌ پله‌ی زۆرباش وه‌رگیرا له‌زانكۆی لیڤه‌رپول، له‌ مانگی 1ی 2019دا 80% كاریگه‌ری ڤایڕه‌سه‌كه‌ له‌سه‌ر خانه‌ كه‌م بوویه‌وه‌ به‌ به‌كارهێنانی ئه‌م ده‌رمانانه‌، من پێویستم به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر گیانه‌وه‌رو ئه‌گه‌ر پێویستیش بكات له‌دوا قۆناغه‌كاندا له‌سه‌ر مرۆڤیش تاقی بكه‌مه‌وه‌ به‌تایبه‌تی مرۆڤی توش بوو به‌م ڤایڕه‌سه‌ به‌كاربێت."

د.زانا حه‌مید له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌دا ده‌ڵێت" بێگومان به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو تا ئێستا سه‌ركه‌وتووین وه‌ له‌ كۆنتڕۆڵی په‌تای كۆڤید 19 داین له‌ هه‌رێمی كوردستان دا. هه‌واڵه‌ خۆشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ كۆنتڕۆڵێكی ته‌واوداین، له‌ماوه‌ی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا حاڵه‌تی نوێمان نیه‌، به‌ركه‌وته‌ به‌ حاڵه‌ت حساب ناكرێت چونكه‌ به‌دواداچوونه‌ و چاودێریكردنی بارودۆخه‌كه‌یه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین تا دوو مانگی داهاتووش."
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت" له‌پڕ نه‌مانی ڤایڕه‌س بۆچوونێكی ته‌واوه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌نه‌مانی نه‌خۆشه‌كانه‌وه‌ واته‌ په‌یوه‌سته‌ به‌داخستنی كه‌یسه‌كانه‌وه‌ كه‌ كه‌یسێك دائه‌خرێت ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ له‌و كه‌یسه‌دا ئه‌كوژێته‌وه‌."

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement