وەزیرى بازرگانى: نرخى خۆراک هیچ گران نەبووە
11:11 - 20/03/2020
"زەمەن"
وەزیرى بارزگانى حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت، بە وردى چاودێرى بازاڕ دەکەن
و ناهێڵن هیچ بازرگان و کەسێک نرخى پێداویستییەکانى هاوڵاتیان بەرزبکاتەوە.
کەمال موسلیم وەزیرى بارزگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێم لەم دیمانەیەدا جەختى لەوە کردەوە، بەهۆى کۆرۆناوە دۆخى بازاڕ روى لە ناجێگرى نەکردووە و نرخى خۆراک و پێداویستییەکانى
هاوڵاتیان جگە لە هێلکە و پیاز، وەک خۆیان ماونەتەوە و بەرزنەبوەتەوە.
زەمەن: ئەوەندەی چاودێری
بازاڕتان کردووە ئایا نرخی خۆراکی رۆژانە چۆنە؟
کەمال موسلیم: لە ئێستادا نرخى خواردەمەنى و پێداویستییەکانى رۆژانەى
هاوڵاتیان وەک خۆیەتى و بەرزنەبوەتەوە، جگە لە نرخى هێلکە و پیاز کە پیاز زیاتر لە
ئێرانەوە هاوردە دەکرێ و لە ناوخۆى ئێران گرانبووە، سەبارەت
بە هێلکەش دوێنێ لەگەڵ ژورى بازرگانى هەولێر و بازرگانەکان کۆبوینەوە، یەکێک لەو
کەسانەى کە ئامادەبوو، خاوەنى کێڵگەیەکى بەرهەمهێنانى هێلکە بوو، باسى لەوەکرد کە
هیچ کێشەیەکى هێلکەیان نییە و دەتوانن بەشى پێداویستى دابین بکەن و لەبارەى
سلێمانیشەوە وتى دەتوانین بەشى ئەوێش دابین بکەین و کێشەى کەمى هێلکە دروست نەبێت.
زەمەن: کەواتە بۆچى هێڵکە لە سلێمانى گرانبووە؟
کەمال موسلیم: تا
ئێستا ئەوە روون نییە، دوو سبەى خۆم سەردانى ئەو کێڵگە پەلەوەرییانە دەکەم کە
هێلکە بەرهەم دەهێنن و بەدواى سەرچاوەکەیدا دەگەڕێم، ئەگەر هێلکە لە کێڵگەکان زۆر بێت لێکۆڵینەوە دەکەین بزانین لە بازاڕدا بۆ گران بووە.
زەمەن: هاوردەکردنی خۆراک
لە ئیران و تورکیاوە چۆنە؟
کەمال موسلیم: لە ئێستا بەشێوەیەکى ئاسایى هاوردەکردنى پێداویستییەکانى
هاوڵاتیان لەهەردوو وڵاتى لە ئیران و تورکیا بەردەوامە و ئێمەش زیاتر تەرکیزمان لەسەر
هاوردەکردنى خۆراک و پێداویستى پزیشکییە.
زەمەن: واتا
کۆرۆنا هیچ کێشەیەکى بۆ هاوردەکردنى پێداویستییەکان دروست نەکردووە؟
کەمال موسلیم: بەهۆى ئەو رێکارانەى کە لە دەروازەکان بۆ خۆپارێزى لە
کۆرۆنا دەگیرێنەبەر هاوردەکردن لاواز بووە و بە خێرایى نایەت و ئەو ئۆتۆمبێلانەى
کە پێداویستییەکان لە ئێرانەوە هاوردە دەکەن کەمبونەتەوە، بەڵام هیچ کێشەیەکى گەورە
دروست نەبووە و هاوردەکردن بەردەوامە.
زەمەن: ئەوە
کاریگەرى نەکردوەتە سەر گرانبوون و کەمبوونەوەى پێداویستییەکان لە بازاڕدا؟
کەمال موسلیم: نەخێر، خۆم سەردانى بازاڕ و سوپەرمارکێتەکانم کردووە، هەموو
شتێک زۆرە و هیچ پێداویستیەکى سەرەکى هاوڵاتیان نییە کەم بوبێتەوە و وەک پێشتریش
باسم کرد نرخەکان گران نەبوون.
زەمەن: چ رێوشوێنێک
دەگرنە بەر لەبەرامبەر ئەوانەی قۆرخکاری دەکەن؟
کەمال موسلیم: بە دڵنیاییەوە هەموو رێکارێکى یاسایی دەگرینەبەر و تا ئێستاش
زۆر کەس و شوێن سزا دراون کە پابەند نەبوون بە رێنماییەکانەوە.
زەمەن: کۆبونەوەتان لەگەڵ
بازرگانەکان کرد دوێنێ.. داواکاریان لە حکومەت چی بوو؟
کەمال موسلیم: بازرگانەکان دەیانەوێت کار ئاسانى زیاتریان بۆ بکرێت و ئەگەر
بکرێت ژمارەى ئەو ئۆتۆمبێلانە زیاد بکرێن کە پێداویستییەکان هاوردە دەکەن، هەروەها لە
درەوازەکان فەرمانبەر زیاد بکرێن بە تایبەت لە حاجى ئۆمەران و باشماخ بۆ ئەوەى کارەکان خێراتر
بەڕێوەبچن.