1089 ناوچەی

چینییەکان دەبنە فریادڕەسی عێراق؟

12:36 - 25/01/2020

"زەمەن"

ئاشكرابوونی به‌شێك له ‌ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتننامه‌ی نێوان عێراق و چین دوای چوار مانگ له ‌ئیمزاكردنی، كاردانه‌وه‌ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و به‌شێك له ‌په‌رله‌مانتاران و پسپۆڕانی ئابووری و به‌رپرسانی سیاسی هۆشداری ده‌ده‌ن له ‌جێبه‌جێكردنی‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان.

ئه‌وه‌ی گومانه‌كه‌ی تۆختر كردووه‌ته‌وه‌، تائێستا حكومه‌تی عێراق ورده‌كاریی به‌ندو خاڵه‌كانی رێككه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی چیندا نه‌خستووه‌تەڕوو، سه‌باره‌ت به‌كۆی ئه‌و پڕۆژانه‌ی بڕیاره‌ له ‌چوارچێوه‌ی ئه‌و رێكکه‌وتنه‌دا‌ كۆمپانیاكانی چین له ‌عێراقدا جێبه‌جێیان بكه‌ن.

له‌ 25مانگی 9ی ساڵی 2019، شاندێكی باڵای حكومه‌تى عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، بە سەرۆکایەتى عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌ردانی چینی كردو هه‌شت رێككه‌وتننامه‌و یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی چین ئیمزاكرد، له ‌بواره‌كانی ژێرخانی وڵات و په‌یوه‌ندییه‌كان و پیشه‌سازی و وزه‌و ئاسایش.

په‌رله‌مانتارانی عێراقیش ناوه‌ڕۆكی ئه‌و رێككه‌وتنه‌‌ نازانن، كه‌ بووه‌ته‌ جێی مشتومڕی ناوخۆیی، بۆ ئاگاداربوون له‌ ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتننامه‌كه‌، لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق داوای كۆپیه‌كی سه‌رجه‌م رێككه‌وتنەکانى کردووە.

هه‌یبه‌ت حه‌لبوسی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه‌ی په‌رله‌مانی عێراق به “‌زه‌مه‌ن”ی راگه‌یاند، به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌به‌رده‌ستیاندایه‌، حكومه‌تی عێراق به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مان زیاتر له‌ هه‌شت رێككه‌وتننامه‌و یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی چین ئیمزاكردووە‌ به‌به‌های زیاتر له‌ 500 ملیار دۆلار بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ تا 20 ساڵی داهاتوو.

راشیگه‌یاند، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كان حكومه‌تی چین سه‌دان ملیار دۆلار قه‌رز به ‌حكومه‌تی عێراق ده‌دات، به‌مه‌رجی وابه‌سته‌بوونی نه‌وتی عێراق له‌ ماوه‌ی 50 ساڵی داهاتوودا بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سوودانه‌ی له‌سه‌ر قه‌رزه‌كه‌ كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بن.

وتیشی: “ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌‌ ئاینده‌ی ئابووری عێراق و نه‌وه‌ی داهاتوو ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌وه‌، به‌پێی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ی له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌، كه‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا ئیمزاكراوه‌و ئاشكرابوون”.

 به‌شێكی دیكه‌ش له‌ په‌رله‌مانتارانی عێراق نیگه‌رانی خۆیان ده‌رده‌بڕن، له‌ ئیمزاكردنی رێككه‌وتننامه‌کە به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان و داوا ده‌كه‌ن حكومه‌ت به‌په‌له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات بۆ ئاگاداربوون له ‌ورده‌كارییه‌كانی.

محه‌مه‌د ئیقبال، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێیوایە شاردنه‌وه‌ی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌‌ به‌و شێوه‌یه‌، ئه‌و گومانانه‌ی له‌سه‌ری باس ده‌كرێن تۆختر ده‌كاته‌وه‌‌، محەمەد ئیقباڵ ته‌نانه‌ت پرسیاری له ‌ژماره‌یه‌ك وه‌زیری كابینه‌ی حكومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی كردووه‌، له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ڕێككه‌وتنه‌كه، بێ ئاگایی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت ته‌نانه‌ت ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ئاگای له ‌ورده‌كارییه‌كانی نییه.

محەمەد ئیقبال بە “زەمەن”ى وت: “له ‌په‌رله‌مانی عێراقیش هیچ كه‌سێك له‌ ورده‌كارییه‌كانی ئاگادار نییه‌، له‌كاتێكدا به‌پێی یاسا، پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی ده‌رببڕێت و‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێت، تا شێوه‌ی یاسایی وه‌ربگرێت و هیچ كێشه‌یه‌ك له ‌جێبه‌جێكردن و له ‌داهاتووشدا نه‌یه‌ته‌ رێگای، بۆ نمونه‌ به ‌گۆڕینی كابینه‌كانی حكومه‌ت”.

بۆچوونێک لە شەقامى عێراقیدا هەیەو پێیوایه ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه داڕێژراوه‌‌ له ‌دژی ئه‌مریكا، به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئه‌و وڵاته‌ له‌ عێراقدا. ‌‌‌‌‌

جه‌مال كه‌ربولی، سه‌رۆكی حزبی حه‌ل، یەکێکە لەو کەسانەى پشتیوانى ئەم بۆچوونە دەکات و به “‌زه‌مه‌ن”ی وت: “رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی نێوان چین و عێراق، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ داڕێژراوه‌و سه‌پاندوویه‌تی به‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی”.

وتیشی: “ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی به‌تاڵانبردنی سامانی گشتی، عێراق ده‌خاته‌ ژێر قه‌رزێكی گه‌وره‌وه‌و ئاینده‌ی نه‌وه‌ی داهاتووش ده‌خاته ‌مه‌ترسییه‌وه‌، هه‌روه‌ها سزای قورسی واشنتۆن به‌سه‌ر حكومه‌تی به‌غدا به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و مایه‌پوچی ده‌كات”.

جەمال کەربولى بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت ئێران لە پشت رێککەوتنەکەوەیە وتى: “سە‌رجه‌م هێزو لایه‌نه‌كانی عێراقی سه‌ر به ‌ئێران به ‌سه‌رپه‌رشتی سوپای پاسداران ده‌ستیانكردووه‌ به‌ بانگه‌شه‌كردن له ‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و سۆشیال میدیا، بۆ چه‌واشه‌كردنی رای گشتی و باس له‌ گرنگی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی نێوان چین و عێراق ده‌كه‌ن و ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی دروستی ده‌كات له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری وڵات”.

به‌شێك له ‌چاودێرانی سیاسیش پێیانوایه‌، گرەوکردنی بەغدا لەسەر چین هەڵەیە، چونکە چین لەپێناوی عێراقدا کێشەو ناکۆکی لەگەڵ ئەمریکا دروست ناکات، بەتایبەتی دوای رێککەوتنە بازرگانییەکانی ئەم دواییانەی نێوانیان.

بۆچوونێکیش هەیە پێیوایە عێراق ئەگەر پێی وابێ دەتوانێ وەک ئێران بەرگەی سزای ئابووری پێشبینیكراوی ئەمریکا بگرێت بە هەڵەدا دەچێت. چونکە ئێران چەند کەرتێکی تری ئابووری هەیە کە کارایە، بەپێچەوانەوە عێراق نە كشتوكاڵی باشەو نە پیشه‌سازی هەیەو نە گه‌شتیاری، ئەوەى هەیەتى تەنیا نەوتە.

عه‌بدولڕه‌حمان مه‌شهه‌دانی، پسپۆڕی ئابووریش تاڕادەیەک هاوڕایە لەگەڵ جەمال کەربولى و دەڵێت ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت له ‌راگه‌یه‌ندنه‌كانه‌وه‌ له‌باره‌ی گرنگی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتننامه‌ی نێوان عێراق و چین، ته‌نیا بانگه‌شه‌ی سیاسییه‌ بۆ په‌ره‌ده‌پۆشكردنی شكسته‌كانی حكومه‌ت، چونكه‌ حكومه‌تی كاتی ده‌یه‌وێت به‌ره‌وپێشه‌وه‌ رابكات له‌ رێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانێك به ‌قه‌یرانێكی دیكه‌ی گه‌وره‌تر، كه‌واته‌ قه‌یران به ‌قه‌یرانێكی دیكه‌ی قوڵترو فراوانترو گه‌وره‌تر ده‌سپێرێت و ناتوانێت هیچ له ‌دۆخه‌کە بگۆڕێت.

وتیشی: “عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت، كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی كاری گه‌و‌رەی سودبه‌خشی بۆ گه‌لی عێراق له‌به‌رده‌ستدایه‌و ده‌یه‌وێت جێبه‌جێیان بكات، بۆیه‌ پێویسته‌ له ‌قۆناغی داهاتوودا له‌سه‌ر كورسی هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه‌.

 

زانیارییه‌ دزه‌ پێكراوه‌كان لەسەر رێککەوتنى عێراق و چین

پێدانى 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانە بە چین بۆ ماوەى 20 ساڵ، له‌به‌رامبه‌ردا چین‌ به‌به‌های زیاتر له‌ 500 ملیار دۆلار له‌عێراقدا ئەم پڕۆژانە جێبه‌جێ ده‌كات:
1- دروستکردنی 25 هەزار قوتابخانە لە تەواوی عێراقدا لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە 10 هەزار قوتابخانە هەیه‌.
2- دروستکردنی هەشت ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە 3.5ملیۆن و 500 هه‌زار یەکەی نیشتەجێبوون هەیه‌.
3- دروستکردنی هێڵی ئاسن بەشێوەیەکی نوێ کە تەواوی پارێزگاکانی عێراق پێکەوە ده‌بەستێتەوه‌.
4- دروستکردنی 25 میترۆ لە بەغدای پایتەختی عێراق کە تەواوی گەڕەکەکانی شارەکە پێکەوە ده‌بەستێتەوە بۆ کارئاسانی هاتوچۆی هاوڵاتیان. 
5- دروستکردنی وێستگەی کارەباو ئاو لەژێر زەویدا بەشێوەیەکی پێشکەوتوو.
6- دروستکردنی ڕێگەی دەرەکی خێرا لەنێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ بە ستانداردی جیهانی و تۆکمه‌.
7-دروستکردنی چەندین فڕۆکەخانەی نوێ لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق.
8- دروستکردنی 500 شاری پزیشکی لەگەڵ ئامێری پێشکەوتوو بە تەکنەلۆژیای نوێ لە تەواوی عێراقدا. 
9- دووبارە نۆژەنکردنەوەی تەواوی ناوچە گەشتیاری و شوێنەوارە گرنگەکانی عێراق بەشێوەیەک کە سەرنجی گەشتیار بۆ عێراق ڕابکێشێت.
10- دروستکردنی مانگێکی دەستکرد تایبەت بە ئینتەرنێت بە نرخێکی کەم و بەخێراییەکی زۆر بۆ عێراق.
11- دابینکردنى خزمەتگوزاری زیاتر بۆ ناوچە گەشتیارییەکان و هەروەها دروستکردنی چەندین یاریگای وەرزشی و پێشکەوتوو هاوشێوەی یاریگاکانی جیهان.
12- دابینکردنى 100 هەزار هەلی کار بۆ گەنجان بەشێوەی گرێبەست بۆ ماوەی چەندین ساڵ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن