چیمەن شاعیر: خاوەنی دڵێکی شکاو نیم
07:51 - 13/01/2020
"زەمەن"
کچە بەهرەمەندێکی شارۆچکەی داقوق بە شیعر گوزارشت لە ئازارەکانی خۆی دەکات و سەبارەت بەو ژینگەیەی تیایدا دەژی دەڵێت ئەستەمە لێرە کچێک دەنگ هەڵبڕێ، چونکە لەبری پشتگیری دژی دەوەستنەوەو قسەی پێ دەڵێن.
چیمەن عادل ناسراو بە چیمەن شاعیر، تەمەنی 21 ساڵەو خوێندکاری قۆناغی چوارەمە لە کۆلێژی پەروەردەی بەشی زمانی کوردی زانکۆی کەرکوک، چیمەن لە شارۆچکەی داقوقی سەر بە پارێزگای کەرکوک دەژی و وەک خۆی بۆ “زەمەن” باسی کرد لە تەمەنی 11 ساڵییەوە شیعر دەنووسێت، بەڵام بە گشتی لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا بڵاوی کردوونەتەوە، چیمەنی شاعیر دەڵێت: بەوپێیەی لە خانەوادەیەکی ئەدەبدۆستم و باوکم دەستی نووسینی هەبووە و خۆیشم وەک خولیایەک بۆ شیعر و تێکەڵبوونم لەگەڵ خوێندنەوەدا، هەستم کرد کە دەستی نووسینم هەیە.
چیمەنی تەمەن 21 ساڵ، یەکەم منداڵی خانەوادەکەیانەو ئێستا لەگەڵ دایک و باوکی دەژی، سەبارەت بەو ژینگەیەی تیایدا دەنووسێت دەڵێت:
لە کۆمەڵگەیەکدا دەژیم دەنگهەڵبڕینی ژن بڤەیە، ئەوەی یارمەتیدەرم بووەو وایکرد بگەمە ئەم ئاستە، تەنها کەشی خێزانیو خودی باوکم بووە، هەمووی سێ ساڵە گرنگی بە بڵاوکردنەوی نووسینەکانم دەدەم، چونکە پێشتر هیچ لاپەڕەو سایت و پەیجێک نەبوو تێیدا نووسینەکانم بڵاوبکەمەوە، دواتر پەیجێکم دانا بە ناوی ChemanSha3r و ئیتر لەوێوە دەستم بە بڵاوکردنەوەیان کرد.
ئێستا چیمەنی شاعیر جگە لە بەشداریکردن لە کۆڕە ئەدەبییەکاندا، سێ تۆماری دەنگیی شیعری هەیەو یەکەم کتێبیشی ئامادەیە بۆ چاپکردن.
ئەم خانمە نکوڵی لەوەش ناکات کە هەموو کەسێک کەسێکی تایبەتی هەیە لە ژیاندا، بەڵام ئەم رەتی دەکاتەوە شیعرەکانی بۆ ئەو کەسە تایبەتە نووسرابن و سەبارەت بە دڵشکاندنەکانی ژیانیش دەڵێت: دڵی من لای خۆمە و بە هیچ کەسێکم نەداوە، بۆیە من خاوەنی دڵێکی شکاو نیم، دڵم لە ناو دەستی خۆمدایە.
هۆکاری هەڵبژاردنی نازناوی (چیمەن شاعیر) لای ئەم خانمە نووسەرە، بۆ بوونی ئەو شوێنە دەگەڕێنێتەوە کە لێی دەژی، نەک بۆ ناوبانگ و دەڵێت: کەسێک بیەوێ ناوبانگی هەبێ، ناو هیچ کاریگەرییەکی نابێت لە سەری، من زۆر تووشی رەخنە بوومەتەوە لەسەر نازناوەکەم، ئەگەر کەسێک لە خۆی رادەبینێ نازناوێکم بۆ دابنێت.
چیمەن گلەیی لە دۆخی ئەو شارۆچکەیە دەکات کە لێی دەژی و بە شێوەیەکی خراپ وەسفی دەکاتو دەڵێت: بارودۆخی ژیانی داقوق زۆر خراپە، نە ئاسایشی تۆکمەی هەیە، نە شوێنێک بۆ پشوودان و نە کتێبخانە.
ناوبراو باس لەوەش دەکات کە کابانێکی باشی ماڵەو خواردنی دەستی زۆر خۆشە، بەڵام ئەو دەیەوێت ببێت بە شاعیرێکی باش و دەڵێت: گەر شیعر دنیایەکی هەبوایە، من لەو دنیایەدا دەژیام و وازم لەم دنیایە دەهێنا.