1300 شیوازی ژیان

دەشتی كەلهوڕی (چاوەڕێ)ی بڵاوكردەوە

12:35 - 15/01/2023

 زەمەن - شێوازی ژیان

 

هونەرمەند دەشتی كەلهوڕی، نوێترین بەرهەمی بەناوی (چاوەڕێ) بڵاوكردەوە كە لەنێو سروشتی كوردستان كلیپی كردووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا هونەرمەند دەشتی كەلهوڕی نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی (چاوەڕێ) بڵاوكردەوە لە هۆنراوەی شاعیری بەتوانا (ئەحمەد محەمەد) و میلۆدی هونەرمەند خۆیەتی و دابەشكردنی موزیك حسێن ئەرەپگوڵ، هەروەها بڕیار فەتاح لە كوردستان كلیپی بۆ كردووە. لەو بارەیەوە دەشتی كەلهوڕی رایگەیاند "بەرهەمەكەم وەك بەرهەمەكانی پێشترمە كە بە ستایڵی پۆپ تۆمارم كردبوون، بەڵام ئەم گۆرانییە مۆدێرنترە، چونكە جیاوازییەكانیان زیاتر لە 10 ساڵە، لەو چەند ساڵەشدا دیارە تەكنیك پێشكەوتووە، بەڵام لەهەمان ستایڵن".

 

سەبارەت بە هەڵبژاردنی هۆنراوەیەكی شاعیری بەتوانا ئەحمەد محەمەدیش، دەشتی روونیكردەوە "هەمیشە وتومە ئەحمەد محەمەدی شاعیر وێنە شیعرییەكانی ئەوەندە جوان و وشەكانی ئەوەندە ناسكن، بۆ هونەرمەند و ئاوازدانەر ئەوەندە ئاسانكاریی تێدایە كە بەئاسانی ئاوازی بۆ دانێن، هەمیشە وتومە هۆنراوەكانی ئەو شاعیرە میلۆدی خۆی لەگەڵ خۆیەتی ئەویش ئاستی وێنەی شیعری و وشە ناسكە موزیكییەكانە كە ئەحمەد محەمەد هەڵیدەبژێرێت، ئەو هۆنراوەیەش زۆر سەرنجی راكێشام تا بتوانم ئاوازی بۆ دانێم".

 

كلیپەكەی ئەمجارەی دەشتی كەلهوڕی بەشێوەیەكی مۆدێرن لە كوردستان، بڕیار فەتاح دەرهێنانی بۆ كردووە، ەو رووەشەوە دەشتی كەلهوڕی وتی "ئەمجارەیان پێمخۆشبوو سروشتی كوردستان نیشان بدەم و هەر بەمەبەستیش ئەو ئیشەم كرد، چونكە بینیومە زۆر هونەرمەندی ئێمە سەردانی وڵاتانی دیكە دەكەن بۆ كلیپ، بەڵام ئەگەر ئێمە بتوانین تەكنیكی باش بەكاربهێنین، سروشتی كوردستان زۆر جوانە و دەكرێت ئیشی جوانی تێدا بكرێت".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن