1121 ناوچەی

حزبوڵڵای عێراقی کێیە؟

03:15 - 09/01/2020

"زەمەن"

حزبوڵڵای عێراقی، گروپێکی چەکدارى سەر بە حەشدی شەعبییە، لە ڕووی بیروباوەڕو عەقیدەو ئایدۆلۆژیاوە، سەر بە رژێمی ویلایەتی فەقیهە لە ئێران و بانگەشەى بۆ دەکات.

لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و پڕچەک کردن‌و راهێنانەکانی پێدەکرێت و ئامانج‌و کارەکانی بۆ دیارى دەکرێت، هەر لەسەرەتاى دامەزراندییەوە لە ساڵی 2006، تا کوژرانی لە بەرەبەیانی رۆژى هەینی لە 3/1/2020دا، لەلایەن ئەبومەهدی موهەندیس، سەرۆکایەتی دەکرا.

لە ئامانجە ئاشکراکانی حزبوڵڵای عێراقی، دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، پابەندبوون بە ویلایەتی فەقیهەوە، پاراستنی شکۆو پیرۆزییەکانی شیعە، پاراستنى یەکپارچەیی خاکی عێراق، رووبەڕووبوونەوەى پڕۆژەو دەستی دەرەکی لە عێراقدا، بەدیهێنانی زۆرینەى سیاسی و گۆڕینی ریشەیی دەستوورو کۆى پرۆسەى سیاسیی و سیستمی بەڕێوەبردن لە عێراقدا. بونیادنانى کۆمارى ئیسلامی عێراق، هاوشێوەى ئێران، کە سەر بە ویلایەتی فەقیهی کۆمارى ئیسلامی ئێران بێت.

لەدوای پرۆسەى رزگارکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە 2003دا، ئێران دەستیکرد بە سەپاندنی هەژموونی خۆى و چەندین گروپی چەکدارى شیعەی دروستکرد، وەکو، کەتائیبی لیوا ئەبولفەزل عەباس، کەتائیبی سەجادو کەتائیبی زەید بن عەلی، کەتائیبی کەربەلا، کەتائیبی عەلى ئەکبەر، چەندین گروپی دیکەی جۆراوجۆر، دواتر لەساڵی 2006دا، بەسەرپەرشتی قاسم سلێمانی، فەرماندەى فەیلەقی قودس، لە حزبێکدا کۆکرانەوە بەناوی حزبوڵڵای عێراق، ئەو کاتە کارى سەرەکی ئەو حزبە، رووبەڕووبوونەوەى هێزەکانی ئەمریکاو ئەنجامدانی چالاکی سەربازی بوو لە دژى پێگەو ئامانجەکانی واشنتۆن لە عێراقدا.

لەبەرامبەردا ئەمریکا لەساڵی 2009دا، ئەو حزبەى خستە لیستی تێرۆرەوە، حزبوڵڵای عێراقی نەیشاردۆتەوە، کە لە رووی ئایدۆلۆژی و بیروباوەڕو عەقیدەوە سەر بە ویلایەتی فەقیهی ئێرانەو ئایەتوڵڵاعەلى خامنەیی، رابەرى باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە رابەرى باڵاى خۆی دەزانێت.

بەپێی ئەو داتایانەى لەبەردەستدایە، لەدوای ساڵی 2003وە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە حزبوڵڵای عێراقی، زیاتر لە 3 هەزار کردەو چالاکی سەربازییان لە دژى هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا ئەنجامداوەو زیانی گەورەى گیانی و ماددییان بەو هێزانە گەیاندووە.

وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشەکەى سەر بنکەى سەربازیی (کەى وەن) لە پارێزگاى کەرکوک، کە هێزەکانی ئەمریکاو هاوپایمانانی لێیە، کە بووە هۆى کوژرانی بەڵێندەرێکی سەربازیی ئەمریکاو برینداربوونی چوار سەربازی دیکە، لە 29ی مانگی 12ی ساڵی 2019، هێزەکانی ئەمریکا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێنج بنکەى حزبوڵڵای عێراق، کە سێ بنکەیان لە عێراق و دوو بنکەیان لە سوریا بوون، لە ئەنجامدا زیاتر لە 25 چەکدارى حزبوڵڵا کوژران و 55ی دیکەش برینداربوون و چەندین کۆگای چەک و جبەخانەى سەر بەو حزبە تەقێندرایەوە.

هەروەها بە بیانووی ئەوەى پلانیان داناوە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، لە 3/1/2020، لە هێرشێکی فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا، هەریەک لە ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرۆکی حزبوڵڵای عێراق و جێگرى فەرماندەى حەشدی شەعبی و قاسم سلێمانی فەرماندەى فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و چەند سەرکردەیەکی دیکەى حەشدی شەعبی لە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی بەغدا کوژران.

حزبوڵڵاى عێراقی بەشێکە لە حەشدی شەعبی کە هێزێكی چەكداری شیعەیە، لە زیاتر لە 79 گروپی چەکدارى شیعە پێکهاتووەو ژمارەی چەكدارەكانیان بە زیاتر لە 120 هەزار چەكدار ئەژمار دەكرێن، حەشدی شەعبی لەدوای فەتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی گەورەی شیعەكان لە عێراق دروستبوو.

لەدوای كۆنترۆڵكردنی شاری موسڵ لە 13/6 /2014، لەلایەن گروپی چەکدارانی داعشەوە، عەلی سیستانی فەتوای دا، كە پێویستە هەموو تاكێكی عێراقی چەك هەڵبگرێت و بەرگری لە خاكی وڵاتەکەى بكات، لەدوای ئەو فەتوایە لە 15/6/2014دا حەشدی شەعبی دروستبوو.

لەساڵی 2016دا، پەرلەمانی عێراق ئەو گروپە چەکدارانەى بەفەرمی ناساندو بەزۆرینەى دەنگ پڕۆژەیاسایەکی بەناوى دەستەى حەشدی شەعبی پەسەند کردو حەشدی شەعبی وەکو گروپێکی چەکدارى فەرمی سەر بە حکومەتی عێراق ناساندو خستیە چوارچێوەى سیستمی بەرگرى و ئەمنیی عێراقەوە، ساڵانەش بەشێکی گەورەى بودجەی گشتی عێراق، بۆ موچەو پێداویستی و پڕچەککردنی حەشدی شەعبی خەرج دەکرێت، بەڵام زۆرینەى ئەو گروپە چەکدارانە کاردەکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئێران لە عێراقدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن