3235 کەلتور

جەستەی مەستوورە لە رۆحی شیعری نالی- دا

02:17 - 02/12/2019

عەبدولخالق یەعقووبی

دوایی لە سۆنگەی چەند پاتکردنەوەی وشەی “ئەڤین” لەم دێڕە شیعرەدا:
برینی من هەمووی لە سۆنگەی ئەڤینە.
دەخوازێت پێمان بڵێت ئەڤین شایانی ئەوەیە وەک بێدەنگیی نێوان پەیڤەکانی مەحەببەت بۆی رووت ببیتەوە، تەنانەت ئەگەر بە قیمەتی برینداربوونی ئاشق کۆتایی پێ بێت. ئەم هارمۆنی و تەباییەی نێوان پاژە وەسفییەکانی ئەم چەند دێڕە شیعرەی (فروغ) بەشێک لە تایبەتمەندیی جوانیناسانە و چێژی فۆڕمیی و واتایی شیعرەکەی ئەو پێکدێنن. کەواتە شاعیر خەمی خۆی لەم شیعرە جوانەدا وەسف دەکات و خوێنەرەوە لە خوێندنەوەی ئەم شیعرە تژی لە خەمە چێژ وەردەگرێت. بە کورتی جوانیی وەسفی خەمی نێو ئەم شیعرە دەبێتە هەوێنی خۆشی و جوانیی سەرلەبەری دەقی شیعرەکە.
ئەگەر وەک نموونەی دووهەم، لەم چەند دێڕە شیعرە سەرچڵ و داهێنەرانەیەی “خەوەبەردینە”ی (سوارە ئێلخانیزادە) وردبینەوە، دەبینین حەسرەتی شکست - جا چ شکستی فەلسەفی بێت، چ سیاسی - سەرتاپای وجوودی تانوپۆی شیعرەکەی داگیرکردووە،  کەچی خوێندنەوەی ئەم شیعرە تەمی حەسرەتی بەسەرکردنەوەی شیعرێکی سەرکەوتووت لە دڵ دەڕەوێنیت:


لە بەر نووری خۆرا
گەلێ کوێرەکانی شەوارەن
زنەی دەم بە هاواری هاری درۆزن هەزارن
کە تەسلیمی سیحر و تەلیسمی بنارن
بەبێ هەوڵی هەڵدان و چارانی چارن
بەهیوان بگرمێنێ هەوری بەهاری
رەها بن
لە زیندانی بەردینی غارا.
کەچی وا کەوی و دەستەمۆی دەسەڵاتی رکەی دۆڵ و شیون
لەبەر سامی رێ وا بەزیو و تەزیون
لە گەڵ گۆچی کردن گزنگێ،
چەواشەن لە پێچی نزارا.

ئەو دەستڕۆیشتووییەی سوارە لە ناسینی مۆسیقای وشە و دەستەواژەکانی نێو شیعرەکەیدا هەیەتی، وای لە شیعری “خەوەبەردینە” کردووە کە هیچ دێڕێکی نەبینی بەبێ مۆسیقایەکی دەروونیی وشەکان گوێی بیسەر و خوێنەرەوەی نەزرینگێنێتەوە و نەلاوێنێتەوە. بیرۆکەی ئەم پاژە لە شیعری “خەوەبەردینە” وەک گوتمان، حەسرەت و داخی شاعیرە لە شکست و بێورەیی “کوێرە کانی” و “زنە دەم بە هاوارەکان” کە بێگومان پیشاندەری خەم و دڵەڕاوکێی شاعیرە بۆ شکستی فەلسەفی و سیاسیی ئەو کۆمەڵەی تێیدا دەژیت، بەڵام خوێندنەوەی ئەم کۆپلەیە و سەرنجدان بە کەشوهەوای واتایی و باری مۆسیقایی شیعرەکە، هێندە چێژبەخشە و وشەکان لە سەر زمان هێندە رەوان و بێ گرێوگۆڵ دەگوترێن، دەڵێی گەڕیانی مۆسیقایی شیعرەکە خۆی رووبارێکی بە هاژەهاژ    و کەفچڕێنە کە بە رەوتی نەرمونیان و دڵنشینی ترپەی هەنگاوەکانی دژایەتیی مەندیی و گیانگرانیی و بەزیویی و تەزیویی کوێرە کانی و زنە دەم بە هاوارەکان دەکات. بۆ وێنە من لە هەشت دێڕی سەرەتای ئەم پاژەی شیعری “خەوەبەردینە”دا لە  رێگای ئەو زنجیرە وشەیە کە هەڵگری دەنگی “ها”ن هەست بە بیستنی ئاهێکی بەردەوام و خەماویی شاعیر دەکەم کە لە داخی بێ ورەیی و درۆزنیی کوێرە کانی و زنە دەم بە هاوارەکان هەڵی دەکێشێت:
لە بەر نووری خۆرا
گەلێ کوێرە کانی شەوارەن
زنەی دەم بە هاواری هاری درۆزن هەزارن
کە تەسلیمی سیحر و تەلیسمی بنارن
بەبێ هەوڵی هەڵدان و چارانی چارن
بەهیوان بگرمێنێ هەوری بەهاری
رەها بن
لە زیندانی بەردینی غارا.

بێگومان ئەم ئاخ و ئاهە کە لە ناخی شاعیردا ئاگری کردووەتەوە، تینەکەشی دەگاتە گیانی خوێنەرەوەی زانا و زامار. مۆسیقای سترانی ئەم چەند دێڕە لێوڕێژ لە حەسرەت و هیوابڕاوییەی شاعیر، لە هەمبەر مرۆڤە ورەنزمەکانی کۆمەڵی خۆی، گیانی خوێنەرەوەی وردبین وەها تژی لە چێژی دەنگی بلاوێنی خۆی دەکات، کە بیستنی ئەم ئاخە و ئاهە ئۆخژنی پێ ببەخشێت و ئۆخەی بە زماندا بێنێت.
لە قەسیدەی “مەستوورە”دا بەپێی ئەو شرۆڤە و شیکارییە باوانەی تا ئێستا کراون، ئۆبژە و بابەتی وەسفی نالی – واتە، ئەندامی نێرینە و مێینەی مرۆڤ – بە شتگەلێکی جوان لە قەڵەم نەدراون و بەو هۆیەوە زۆر کەس نالی بەوە تاوانبار دەکەن ئەو لە راستەڕێی وەسفی جوانیی لایداوە و رووی شیعری کردووەتە دوو ئەندامی لەشی مرۆڤ کە بەپێی باوەڕی زاڵی کۆمەڵی کوردی دوو ئەندامی تابووی جەستەی مرۆڤن و نزیکبوونەوە لێیان نزیکبوونەوەیە لە عەیبە و شوورەیی و دزێویی و ناحەزیی. هەروەتر بەپێی ئەم بڕوا رەگ داکوتاو و باڵادەستەی کۆمەڵی کوردی، ئەم شێوە خۆ لە قەرەدانە ئەندامی نێرینە و مێینەی جەستەی مرۆڤ، تێپەڕاندنی هێڵی سووری ئایین و باوەڕی دینی و پێشێلکردنی هەستی مانەوەی مرۆڤی کوردە. هەندێکی تر بەتایبەت ئەوانەی لە دەروازەی باسوخواسی پەیوەندیدار بە مافی ژنەوە دێنە ژووری ئەم باسەوە، باوەڕیان وایە شیعری “مەستوورە” حورمەت و گەورەیی و شان و شکۆی ئینسانیی ژنی خستووەتە مەترسییەوەو ژن وەک جەستەی رووت چاو لێدەکات و پلەوپایەی وجوودیی ژنی تا ئاستی باسکردنی ئەندامی مێینەی دابەزاندووە. بەکورتی رای زۆربەی ئەم کەسانە ئەوەیە نالیی پیاو، دەرهەق بە مەستوورەی ژن، قسەی رەقی کردووەو بابەتێکی دزێوی کردووەتە هەوێنی شیعرەکەی، لە وەسفی جوانی لایداوەو رووخساری ژنێکی هەڵکەوتەی ناحەز نواندووە.
دیارە هەوڵی من لەم وتارەدا، وەڵامدانەوەی راستەخۆی ئەم جۆرە تۆمەتانە نییە، کە بە لێشاو و بە ناهەق خروانەتە پاڵ نالی؛  ناشخوازم لە دەلاقەی مێژووەوە لەم مژارە بدوێم. ئەوەی من مەبەستمە سوکە ئاوڕێک و گەڕانەوەیەکە بۆ جیهانی ئەم دەقە شیعرییەی نالی و دەخوازم لە رۆچنەی ئەم جیهانەوە، تێڕوانینی خۆم لەمەڕ ئەم چەشنە شیعرە دەرببڕم. پرسیارێکی گرینگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا لەم دەقە شیعرییەدا و بەپێی مەنتیق و سیستمی زمانی و واتایی ئەم شیعرە، نالی قسەی رەق و دزێوی کردووە؟ ئایا نالی لە شیعری “مەستوورە”دا، هەڵبژاردنی وشە و داڕشتنی زمانی شاعیرانەی ئەوەندە ناشیانە و نەشیاوە کە خوێنەرەوە بەم ئەنجامە بگەیەنێت، مەبەستی سەرەکیی ئەو سوک و چرووککردنی ژن و بە سوک زانینی کەسایەتیی خەیاڵیی مەستوورەی نێو جیهانی شیعرەکەی خۆیەتی؟! ئایا نالی حافیزی شیرازی گوتەنی، ئەو بولبولە بووە سەبارەت بە گوڵ قسەی راست بەڵام قسەی رەقی کردووە؟!
(بەیانی، باڵندەی نێو باغان بە گوڵی تازەپشکوتووی گوت:
کەم ناز بکە! لەم باغەدا گەلێ گوڵی وەک تۆ پشکوتوون
گوڵ پێکەنی و گوتی: دڵمان لە قسەی راست ناهێشێت
بەڵام هیچ ئاشقێک قسەی رەقی دەرهەق بە مەعشووق نەگوتووە.)

ئایا ئەم شێوە وەسف و وێناندنەی نالی بۆ “تەعریف کردن”ی نوکتەی زەریفی مەستوورە بەکاری هێناوە، بەپێی مەنتقی گێڕانەوەیی ئەم شیعرە، کە وەک روونمان کردەوە، پێداویستیی وەسفی ئەندامی نێرینە و مێینەی هێناوەتە گۆڕێ، شایانی چێژوەرگرتنی جوانیناسانە لە شێوازی هەڵبژاردنی وشە و هەڵبواردنی وێنە و جۆری خوازە و شوبهاندنەکان نییە؟ ئایا بۆمان هەیە بڵێین لەم دەقەدا نالی پتر لەوەی مەبەستی ناوزڕاندنی ژنێکی هەڵکەوتووی کۆمەڵی ئەوسای کورد بێت، ئامانجی سەلماندنی توانستی شاعیرانەی خۆی و پەیڕەویکردن لە نەریتێکی شیعری کلاسیکە لە بواری شیعری ئیرۆتیکی (بۆ نموونە، لە ئەدەبی فارسی هەندێک لە شیعرەکانی “سەعدی” و لە ئەدەبی کوردی زۆرینەی شیعرەکانی شێخ رەزای تاڵەبانی؟) ئایا بەپێی بنەماکانی رەخنەی ئەدەبی راست و رەوایە ئەو وێنە شاز و وشە تیفتیفەدراو و دەستەواژە خۆش جێگرتوانەی نێو دێڕە شیعرەکانی ئەم قەسیدەیە، زۆر بە سانایی و ساویلکانە تەنها بگەڕێنینەوە بۆ سەر مەدلوولی ئەندامی نێرمایی مرۆڤ و بەس؟!
 لێرەدا لەسەر پێناسەی قسەی جوان و وتەی نەرمونیان، سوکە لەنگەرێک دەگرین و لەم رێیەوە پەیڤی نالی لەم شیعرەدا هەڵدەسەنگێنین و باس لەوە دەکەین لەم شیعرەدا نالی بایی چەندە قسەی رەقی کردووەو بارتەقای چەند وتەی نەرمونیانی دەربڕیوە. قسەی جوان و نەرمونیان واتە هەڵبژاردن و بەکارهێنانی واژە یان واژەگەلێک لە واتایەکی پەسندکراو و شایستە و بەجێ و رێدا.  نالی هەر خۆی لە دێڕە شیعرێکیدا ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆی بۆ ئەم پێناسەیە هەیە:
نالی عەجەب بە قووەتی حیکمەت ئەدا دەکا
مەعنایی زۆر و گەورە بە لەفزی کەم و بچووک.

لە شیعری گۆرینی “حافیزی شیرازی”دا بولبولی ئاشق ئەگەرچی وشەی نەرمونیان و ناسکی “ناز”ی لە پەیڤی خۆیدا بەکارهێناوە، بەڵام چونکی ئەم وشەیە بۆ پۆز بەسەردا لێدان و لۆمەکردنی گوڵ گوتراوە، دەبێتە پاژێک لە پەیڤی رەق و وتەی دزێو و دڵی مەعشوق، واتە گوڵی پێ دەشکێت. بە وتەیەکی تر، وشەی “ناز” لە رستەی “ناز کم کن” (کەم ناز بکە) و لە پەنا رستەی “کە در این باغ بسی چون تو شکفت” (لەم باغەدا گەلێ گوڵی وەک تۆ پشکوتوون) دەبێتە قسەیەکی هێندە توانجئامێز و ناحەز، کە بە تەواوی رواڵەتی جوان و ناوەڕۆکی قەشەنگی خۆی دەدۆڕێنێت و لە کارکردی جوانیناسانەی وشەیەکی شایستە بەتاڵ دەبێتەوە. بەڵام لە سەرێکی ترەوە دەبینین خودی شیعرەکەی حافیز، هەر چەندە قسەی رەق و تاڵی بەنیسبەت گوڵی ناسک و شیرین تێدا کراوە، زۆر جوانە و لەو وتە تاڵ و رەقە شیعرێکی شەکرئاسا و نەرمونیان بەرهەم هاتووە. نالی خویشی هەر دەڵێی ئەم شیعرەی بۆ مەبەستێکی ئەوتۆ هۆنیوەتەوە:
دەخیلت بم نەخیلی یان روطابی
وەها شیرین و سینە نەرم و دڵڕەق

با لە  کۆتاییدا کورتە سەرنجێک بگرینە شیعری “مەستوورە” و بزانین پێناسەی قسەی جوان و نەرمونیان بۆ ئەم شیعرە دەشێت یان نا. شیعری مەستوورە، هەر لە سەرەتاوە بە تەکنیکی گێڕانەوەی خەونێک لە دووتوێی دانوستان و وتووێژی دووقۆڵیی نێوان مەستوورەو “دێوانە”ی نالی دەچێتە پێشێ و ئەم رەوتە تا کۆتاییهاتن بە خەونی شاعیر بەردەوامە.  دیارە ئەو نەرمونیانی و هێوری و مەندییەی کە دەکرێت لە جیهانی دیالۆگدا هەبێت، کەمتر لە دنیای تاکڕەهەندی و تاکبێژیدا هەستی پێ دەکرێت.  بە وتەیەکی تر، نالی لە رێگای پێدانی درەتانی وتووێژ (کە ئەم دانوستانی پەیڤییە خۆی لە هەمانکاتدا ئاماژەیەکیشە بۆ دانوستانی جەستەیی) بە مەستوورەی نێو خەونەکەی رەقیی و زبریی وەسف و وێناکانی لەمەڕ ئەندامە نێرماییەکان (نێرینە+مێینە) کاڵ کردووەتەوە. لەلایەکی ترەوە هەر لە چوارچێوەی ئەم پانتاییە دیالۆگ ئاسایەدا، نالی زاراوە و دەستەواژە بەکارهاتووەکانی بۆ وەسفی ئەو ئەندامانە بە شێوەیەک لە دەقی شیعرەکەیدا جێگیر کردوون، کە بە هیچ کلۆجێک تەنیا و تاکە ئاماژەیەکی رووت و زەق و بێ پەردە نەبن بۆ ئەو ئەندامانە،  بەڵکو رێی تێبچێت خوێندنەوەی تریش هەڵبگرن و دەلالەتی دیکەش بگرنەخۆ (بۆ وێنەی دەلالەتی دینی) نالی ئەم کارەی نەک هەر بۆ وەسفی ئەندامی نێرینە لە زمان دێوانەوە کردووە:
فەرقێکی هەبێ داخیلی میحرابی رەجا بێ
چاوێکی هەیە غەرقەیی فرمێسکی بوکا بێ

بەڵکو بۆ وەسفی ئەندامی مێینە لە زمان مەستوورەشەوە هەمان رێسای رەچاو کردووە:
هاتووم، وتی، عوقدەم هەیە قەت مومکینە وا بێ
هی تۆم ئەگەرەم مەسئەلە حەل کەی بە جەوابێ

نالی نەیخواستووە لە رێگای ئەم دەقەوە تەنیا توانایی خۆی بۆ نووسینی شیعری رووهەڵماڵڕاو – ئەو سیفەتەی زۆر جار دەخرێتە پاڵ ئەم شیعرە – نیشان بدات، ئەوەندەی ویستوویەتی بڕشتی قەڵەمی خۆی لە بواری گوتارێکی نوێی شیعری – لانیکەم بە نیسبەت زمان و شیعری کوردی – لە سەنگی مەحەک بدات. هەڵبەت گومانی لەسەر نییە لە هەمانکاتدا و لە دەرەوەی تەحریری ئەم خەونە، پەیام و قسەوباسێکی تایبەتیش لە هەناوی ئەم دەقە بۆ مەستوورەی جیهانی واقیع، مەستوورەی ئەردەڵانیانی رکابەری دەسەڵاتی بابانییەکان پێیە. بە وتەیەکی تر، من لەم وتارەدا نکوڵی لە باری توانجئاسا و ناوەڕۆکی نێرماییخوازانەی ئەم شیعرە ناکەم؛ تەنانەت نکوڵی لەوەش ناکەم کە هەموو وجوودی ژنانەی مەستوورە لە جەستە و ئەندامی مێینە و خواستێکی ئیرۆتیکدا کورت کراوەتەوە، بەڵام ئەم شێوە وەسفە لەم دەقەدا شتێکە کە وەکو پێداویستیی سیستمی هزریی و جوانیناسیی و جیهانبینیی ئەم شیعرە هاتووەتە ئاراوە، کە هەمان تەحریری خەیاڵ و خەوی نالی بێت، ئەگەرچی نووسینەوەی ئەو خەون و خەیاڵە “هەزلێکی عاری شوعەرا”یە و “صەحفەی لەوح و کیتابی پێ رووڕەش” دەبێت:
نالی وەرە هەزلێکی کە عاری شوعەرا بێ
رووڕەش مەکە پێی صەحفەیی هەر لەوح و کیتابێ

تەحریری خەیاڵ و خەو ئەگەر بێتە حیسابێ
دەروێش و گەدا شاه و دەبێ شاه گەدا بێ

ئەوانەی پێیان وایە نالی نەدەبوایە ئەم شیعرەی بنووسیایە و نەدەبوایە ئەم شیعرەی وەک پەڵەیەک بە نێوچاوانی مرۆڤخوازیی جیهانی شیعریی خۆیەوە بلکێنێت، دەشێت لە مەنتیقی گێڕانەوەیی و سیستمی واتایی ئەم شیعرە ورد ببنەوە. شاعیر ناشێت لە سۆنگەی ئەو وتە شیاوانەی نەیگوتوون شەرمەزار بکرێت، بەڵکو دەبێت بەهۆی ئەو شتە نەشیاوانەی – نەشیاو بەپێی مەنتیقی جیهانی شیعر – گوتوونی رەخنەی لێ بگیرێت. ئەوەی راستی بێت نالی لەم شیعرەدا دەستی بۆ چەند تابوویەکی دیاردە کۆمەڵایەتیی و دینییەکان بردووە، بێ ئەوەی مەبەستی بێرێزی کردن بێت بە کۆمەڵ یان دین. بۆ نموونە بە دەم و بە بۆنەی وەسفی ئەندامی مێینەوە رەخنە لە هەندێک چینی کۆمەڵی کوردی دەگرێت کە مشەخۆرانی کۆمەڵ (بوخەلا، واتە چینی رژد و پارەپیس) و ئافاتی دیندارین (مەلا، واتە ئەو چینەی سەقفی مەعیشەت لەسەر  ستوونی شەریعەت [تەعبیری د. عەبدولکەریم سرووش] دادەمەزرێنن):
یا کۆمەڵە زیوی بوخەلا دوور لە سەخا بێ
موغلەق بە بەخیلی بە مەثەل مشتی مەلا بێ

بە کورتی، ئەم شیعرە لادان نییە لە جیهانی تایبەتی شیعریی و جیهانبینیی ئینسانیی نالی. نالی ئەگەرچی لە دوایین بەشی ئەم شیعرە زۆر زیرەکانە و رەندانە ددانی بە بێبایەخیی خەون و خەیاڵی لەم چەشنەدا ناوە و بە “بەحسی سروور و عەلەم و بادی هەوا”ی لە قەڵەم داوە، بەڵام بێگومان بە باوەڕەوە ئەم شیعرەی هۆنیوەتەوە و دڵنیا بووە لە شیاویی شیعرەکە و داهێنەربوونی خۆی لەم شاکارەیدا. چ بەڵگەیەک بۆ ئەم قسەیە لەوە گەورەترە، کە ئەگەر ئەو لەم شیعرەی دڕدۆنگ بووە و بە راستی بە “هەزلی عاری شوعەرا”ی زانیوە، بۆچی هەر لە بنەڕەتەوە “سەحفەی لەوح و کیتابی پێ رووڕەش” دەکرد؟! نالی لە خۆڕا پێشتر پێی نەگوتبووین:
نالی بە داوەشەعری دەقیقی خەیاڵی شیعر
بۆ ئەو کەسەی کە شاعیرە سەد داوی نایەوە.

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٣ی پاشکۆی کولتوری ڕۆژنامەی "زەمەن" بڵاوبۆتەوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن