سوپاسێكی تایبەت لە مۆرینهۆوە بۆ مناڵێكی تۆپهێنەرەوەی ناو یاریگا
10:21 - 27/11/2019
"زەمەن"
یەكێك لە دیمەنە جوانەكانی دوێنێ شەوی یاریگاكانی ئەوروپا، سوپاسێكی تایبەتی مۆرینهۆ بوو بۆ یەكێك لەو مناڵانەی لەناو یاریگادا تۆپەكان بۆ یاریزانەكان دەهێننەوە.
شەوی رابردوو یانەی تۆتنهام لە یاریگای خۆیدا پێشوازیكرد لە یانەی ئۆلۆمپیاكۆسی یۆنانی، لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و تێیدا یارییەكە چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بەسودی تۆتنهام كۆتایی هات، بەو ئەنجامەش تۆتنهام سەركەوتنی بۆ قۆناغی شانزەی خولەكە مسۆگەر كرد.
لەسەرەتادا یانە یۆنانیەكە بە دوو گۆڵ پێش كەوت، دواتر كوڕانی مۆرینهۆ ریمۆنتادایان كرد وچوار گۆڵی بەدوای یەكیان تۆماركرد.
گۆڵی دووەمی یانە ئینگلیزییەكە كە گۆڵی یەكسان بوەنەوە بوو، سەرنجی هەموان و بەتایبەت مۆرینهۆی راهێنەری راكێشا، كاتێك یەكێك لە مناڵە تۆپهێنەرەوەكان بەخێرایی تۆپێك لە دەرەوەی یارگا دەگێڕێنێتەوە بۆ یاریزانێكی تۆتنهام بۆ جێبەجێكردنی ئاوتێك، كە لە ئەنجامدا گۆڵی دوەم و یەكسانبونەوەی لەلایەن هاری كەینی هێرشبەر و كاپتنەوە پێ تۆماركرا.
لەبەرامبەر ئەوەدا مۆرینهۆ راستەوخۆ چوو بەرەو مناڵەكە و بەتوندی تۆقەی لەگەڵ كرد و ماچیكرد و سوپاسی كرد.