1084 کوردستان

یوسف محەمەد: پێویستە کاربکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە بە هەدەر دراوانەی براونەتە دەرەوە

10:48 - 08/11/2019

"زەمەن"

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، رایدەگەیەنێت، بونی گەندەڵی و ئەنجامدانی فێڵ و تەڵەکە لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانی عێراقە. دەشڵێت: "پێویستە کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە بە هەدەر دراوانەی براونەتە دەرەوە."

یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت:" ئەم شەپۆلە ناڕەزاییەی عێراقی گرتۆتەوە، هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ دو بابەتی سەرەکی؛ یەکەمیان گەندەڵییە کە بۆتە هۆی بە هەدەردانی داهاتی عێراق، چونکە لەبری ئەوەی بۆ قازانجی خەڵک و بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری بەکاربێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە و هەندێک لە کاربەدەستانی کوردیشەوە چ لە بەغدا و چ لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەم داهاتانە بە فیڕۆ دەدرێن."

دەشڵێت: "هۆکاری دوەم ئەو فێڵ و تەڵەکە بەردەوامانەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەکرێن و بە تایبەتیش ئەوەی لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کراون و کۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی خستە ژێر پرسیارێکی گەورەوە".

یوسف محەمەد بە دەنگى ئەمرکیاى راگەیاندووە، پێویستە کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە بە هەدەر دراوانەی لە عێراقدا براونەتە دەرێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە، وەک دەڵێت ئەمەش پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای گەڕاندنەوەی ئەو پارانە هەیە تا ئەژمارە بانکیەکانی کاربەدەستانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بانکە بیانییەکاندا ئاشکرا بکرێن، وە دەشڵێت لە پەرلەماندا دەستکراوە بە کارکردن لەسەر ئەم هەوڵە و ژمارەیەک هەوڵی تریش.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن