1099 شیوازی ژیان

ژینۆ هادی: دەمەوێت لە ناخی ئینسانەکان نزیک ببمەوە

08:36 - 25/10/2019

"زەمەن"
 
کچە دەرهێنەرێکی کورد بۆ یەکەم جار لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کورتە فیلمی (رۆژێک لە رۆژان لە کوردستان) بەشداری دەکات و خەڵاتی باشترین فیلمی پێ دەدرێت، ئەم هونەرمەندە گەنجە بە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە دڵخۆشە کە بە یەکەمین ئەزموونی دراوەو دەڵێت خەڵات وام لێ دەکات زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بکەم.

ژینۆ هادی ساڵی 2005 بەشی راگەیاندنی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی تەواو کردووە، ئەمساڵیش کۆتا ساڵی خوێندنیەتی لە کۆلێژی هونەر بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سلێمانی، سەرەتای کاری هونەریی ژینۆ دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای پەیوەندیکردن و خوێندن لە بەشی فیلمسازی، وەک خۆی بۆ “زەمەن” باسی کرد لە کۆمپانیا پرۆدۆکشنەکانیشدا لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکدا لەسەر سێت و یاریدەدەری دەرهێنەر کاری کردووە، دواتریش لەگەڵ هاوڕێکانیدا بە گروپ کاری کورتە فیلمیان کردووە، لە یەک دوو ئەزموونی فیلمی دەرەوەی زانکۆشدا ئەزموونی کردووە.

ژینۆ هادی سەبارەت بە یەکەم بەرهەمی کورتە فیلمی خۆی بۆ “زەمەن” وتی: “تاکو ئێستا وەک دەرهێنەر یەکە کورتە فیلمی خۆم بەرهەمهێناوە کە لە چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانیدا بەشداریم پێ کرد، فێستیڤاڵەکانی ساڵانی پێشوو تەنها وەک بینەرێک دەهاتم و ئامادە دەبووم، بەڵام ئەمساڵ بۆ من فێستیڤاڵەکە ئەزموونێکی جیاواز بوو چونکە وەک دەرهێنەر بەشداریم کرد و خەڵاتیشم برد”.

ژینۆ ئەم هەنگاوەی بە ئەزموونێکی بەسوود پێناسە دەکات کە زۆری لێوە فێربووەو خۆی گوتەنی دنیایەک گۆڕانکاری بەسەر تموحەکانیدا بۆ داهاتوو روویداوە، سەبارەت بەو خەڵاتەش کە لەپای باشترین فیلمی فێستیڤاڵەکە پێی بەخشراوە وتی: خەڵات هەستێکی خۆشم پێ دەبەخشێت و وام لێ دەکات هەست بە شانازی بکەم، چونکە هەست بەوە دەکەم کە من کارێکی باشم کردووە، بەڵام دواجار ئەم خەڵاتە وام لێ دەکات زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بکەم و وام لێ دەکات زیاتر هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێم و پاشەکشە نەکەم لە کارو داهێناندا، من هیوادارم هەرکەسێک کە خەڵات وەردەگرێت لەبری ئەوەی سەرقاڵی خەڵاتەکە بێت با سەرقاڵی بەرەوپێشچوون و داهێنان بێت و زیاتر هەوڵبدات بۆ ئەوەی بگات بە شوێنی بەرزتر. 

ژینۆ دەیەوێت لە رێگەی هونەرەوە پەیامی خۆی بە کۆمەڵگە بگەیەنێت و دەشڵێت: پەیامی من لە سەرو هەموو شتێکەوە پەیامێکی ئینسانییە، لە فیلمەکانیشمدا ئەو ئایدیانەم هەیە، کێشەکانی من کێشەی ئینسانین و دەمەوێت لە ناوەوەی ئینسانەکان و ئازارەکانیان نزیک ببمەوە، من کە باسی کۆمەڵگەکەم دەکەم بۆ ئەوەیە ئەو دیاردە ناشرینانە نیشان بدەم کە رۆژانە لەناو سووچ و کۆڵانەکاندا روودەدەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن